![](/files/hassan-nasrullllaaa.jpg)
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ وەزیری دەرەوە ئێران. دوای یارمەتی ماددی لە ئێران کرد.
حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە دیداری لە گەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ؛ سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی گەمارۆی لەسەرە، بەڵام هیوادارین بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی حیزبوڵڵای لوبنان.
بە پێی ڕاپۆڕتی تلەویزیۆنی ئەلمنار شەوی ٢١ی ڕێبەندان حەسەن نەسروڵڵا لەو چاوپێکەوتنەدا رایگەیاندوە ؛ کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەبەرەکانی کردن لەگەڵ ئیسراییل، پێویستە یارمەتی حیزبوڵڵای لوبنان بکا.
بە پێی هەمان سەرچاوە لەو دیدارەدا محەممەد جەواد زەریف، حەسەن نەسروڵڵای دڵنیا کردووتەوە کە کۆماری ئیسلامی درێژە بە یارمەتی و گرینگدان بە لوبنان دەدا.
محەممەد جەلال فیرووزنیا باڵوێزی نوێی ئێران لە لوبنان بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە حەسەن نەسروڵڵا لە ڕووی ئەمنیەوە خۆی حەشارداوە، شوێنی چاوپێکەوتنیان ئاشکرا نەکراوە.
حەسەن نەسروڵڵا ١٣ ساڵە بە نهێنی ژیان دەکات.
دەنگۆی ئەوەش هەیە کە لەو دیدارەدا حەسەن نەسروڵڵا داوای سامانەی هەوایی و مووشەکیی لە ئێران کردووە.
حەسەن نەسروڵڵا رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کە بە بۆنەی چلەمین ساڵی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران قسەی کرد بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی دیکەی لوبنان دەبێ ئێران بە دۆستی خۆیان بزانن و، بۆ پڕچەککردنی ئەڕتەشی لوبنان لە وڵاتە داوای یارمەتی بکەن.
سەرکردەی حزبوڵڵای لوبنان دەڵێ؛ هەتا ئێران پارەی هەبێ ئێمەش پارەمان دەبێ.
محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە رۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان سەردانی لوبنانی کرد، لە وڵامی پرسیارێک لەو پێوەندییەدا،
ڕەتی نەکردەوە کە حەسەن نەسروڵڵا داوی یارمەتی ماددی و هەروەها چەکوچۆڵی لە ئێران کردووە.
بەشیکی دیکە لە بەرپرسانی لوبنانی و لایەنگرانی سەعد حەریری سەرۆکوەزیری لوبنان ، ڕایانگەیاند کە وڵاتەکەیان پێویستی بە هاوکاری و یارمەتی گەیاندی ئێران نیەو ئەڕتەشی ئەو وڵاتەش لە لایەن وڵاتانی رۆژاوایی و ئامریکاوە پڕچەک دەکرێ نەک ئێران.
شیاوی باسە حەسەن نەسروڵڵا لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئێران بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک ئامادەیە بە خۆڕایی کارەبا و دەوا و دەرمان بۆ لوبنان و وڵاتانی دیکە بنێرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دۆخی ئابووریی ئێران بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە نالەبار و، رۆژ بەرۆژ کێشە و گرفتی خەڵک لە باری بژیو و گوزەرانەوە زیاتر دەبێ.
جێیوەبیرهێنانەوەیە حیزبوڵڵای لوبنان هاوپەیمانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە لایەن ئامریکا و چەندین وڵاتی دیکە، بە تێرۆریست ناسراوەو لە شەڕی سووریەدا هاوشان لەگەڵ ئێران بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد ئاژاوەیان نایەوە.