کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ٦٠ وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە وەرشۆ

16:35 - 24 رێبەندان 2718

کۆنفڕانسی وەرشۆ کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێکیهێناوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە پێتەختی لەهێستان بە بەشداریی ٦٠ وڵاتی جیهان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ. ئەمریکا لەو کۆنفرانسەدا لە هەوڵی ئەوە دایە کە پشتیوانی هاوپەیمانەکانی ئورووپایی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گوشار خستنە سەر ئێران وەدەست بێنی تا کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بکا سیاسەت و هەڵسوکەوتی لە ناوچەکە بگۆڕێ. مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەو کۆنفڕانسە نەهێشتنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ درێژماوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا گوتی : لەبارەی داهاتوو و ئارامی و گەشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆدەبینەوە و لەسەر گەڵالەیەک بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها بەرەنگار بوونەوەی تێرۆریزم قسە دەکەین. پمپئۆ گوتی: لەو کۆنفڕانسەدا ٦٠ وڵات و وەزیری دەرەوەی ٣٠ دەوڵەت بەشداریی دەکەن و دەبینین کە وڵاتان چۆن دەتوانن بە یەکەوە هاودەنگ بن. بەشداران لە هەموو قاڕڕەکان بەشداریی تێدا دەکەن. بابەتی کۆنفڕانسەکە پێوەندیی بە هاوپەیمانی جیهانییەوە هەیە کە بە دوای کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ درێژترین کاتی گونجاو. کۆنفڕانسی وەرشۆ پێنج کۆمیتە پێکدێنی کە هەموویان پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و دەیانهەوێ بەرەنگاریی زێدەڕۆیی و توندئاژۆیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببنەوە و دەسەڵات و دەستێوەردانەکانی لە ناوچە کەم بکەنەوە. لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا کۆماری ئیسلامی بۆتە سەرچاوەی ئاژاوە و تێرۆر لە ناوچەکە و جیهاندا و ئەو ڕێژیمە ئەوەندە بێزراوە کە ئەمڕۆ ٦٠ وڵاتی دنیا بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەت و کردەوە تێکدەرانەکەی کۆدەبنەوە و بە بڕیاراتی ئەو کۆنفرانسە بۆ جارێکیتر ڕێژیمی ئێران لە نێو بیروڕای گشتیی جیهاندا ڕیسواتر و بێزراوتر دەبێ.