کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی سەرئاوەڵەی بەندکراوێکی کورد بۆ جاوید ڕەحمان

16:34 - 25 رێبەندان 2718

چەنگیز قەدەم‌خەیری بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی مەسجدسلێمانی خووزستان، لە نامەیەکدا ڕوو بە جاوید ڕەحمان رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ئێران، وێڕای ئەوەی کە باس لە نەخۆشی جۆراوجۆری بەدەنی و ڕووحی دەکا کە بە هۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تووشی بووە، ئاماژە بە بێ‌تاوانی خۆی دەکا و دەڵێ بوومە قوربانیی سێناریۆکانی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. شایانی باسە کە چەنگیز قەدەم خەیری لەدایک‌بووی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییە، خەڵکی کامیارانە و ساڵی ١٣٩٠ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوندیی سنە کراوە. دوای دوو ساڵ مانەوە لەو بەندیخانەیە دواتر ڕەوانەی زیندانی مەسجد سولێمان کراوە. ناوبراو دوای چەند دانیشتنی دادگا، لە لایەن دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی بابایی بە چل ساڵ زیندانی حوکم دراوە. دوای دەسبەسەرکرانی ماوەی چەند مانگێک بنەماڵەکەی هیچ هەواڵیکیان لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەست دا نەبوو. چەنگیز قەدەم خەیری کە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا بریندار ببوو، ماوەی پێنج ساڵ مانەوە لە زیندان دا تا ئێستاش برینەکەی ساڕێژ نەبووەتەوە و چارەسەریی بۆ نەکراوە. ناوبراو بەهۆی دۆخی نالەباری تەندروستی و نەبوونی دەرمان لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوییدا مانی لە خواردن گرتبوو.