کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سەرۆک‌‌کۆماری ئامریکا: کاتی ئەوە هاتوە کە ئورووپا بۆ بەرژەوەندی ئاشتیی جیهانی لە بەرجام بێتە دەرەوە

16:50 - 27 رێبەندان 2718

مایک پێنس جێگری سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان لە کۆنفڕانسی "وەرشۆ" داوای کرد کە وڵاتانی ئورووپایی بۆ بەرژەوەندی ئاشتیی جیهانیی و بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بێنە دەرەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییدا جیهان هەلی پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران و ئاشتیی جیهانیی لەدەستدا، بەڵام نابێ ئەمجار ئەو دەرفەتە لە دەست بدەین. ئەمجار پێویستە دنیا ببێتە هاوکاری خەڵکی ئێران. ئابووریی ئێران داڕماوە و خەڵکی ناڕازیی ئێران لە سەر شەقامەکانن. "پنس" لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەوان چل ساڵ بەر لە ئێستا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، بوونە پشتیوانی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس. ئەو ڕێژیمە لە تێکدان و ئاژاوەگێڕیدا ڕابردوویەکی دوورودرێژی هەیە. ستەم لە ژنان و کەمایەتییە مەزهەبییەکان دەکا و لە سەردەمی خومەینییەوە دروشمی لەنابردنی ئیسڕائیل دەدەن. جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ هۆلۆکاستێکی دیکە وەڕێبخا. لە سووریە هێزەکانی ئێران یارمەتی بە مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکەن. لە لوبنان کارگەی چەک و چۆڵ و مووشەکی بۆ حیزبوڵڵا ساز کردووە. لە یەمەن و عێراق هاوکار و یارمەتیدەری میلیشیاکانی ئەو وڵاتانەیە. ماوەی چل ساڵە ڕێژیمی ئێران بۆتە سەرچاوەی گەندەڵیی و زوڵم و ستەم لە خەڵکی ئێران دەکا. ناوبراو پێداگریی کردەوە تا کاتێک کە ڕێژیمی ئێران هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕێ ئێمە گوشار بۆ سەر ئەو وڵاتە درێژە پێدەدەین و ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە هاوپەیمانانمان لە ئورووپا لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ خەڵکی ئێران بن. مایک پێنس لە کۆتایی وتارەکەیدا وێڕای وەبیرهێنانەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، گوتی: داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەم ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسیاری نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێران بزانن. لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بەڵێن بە ئێوە دەدەم کە ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئێمە بن، ئێمەش لەگەڵ ئێوەین.