کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی وەرشۆ: کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشەی ئەسڵیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە

15:15 - 28 رێبەندان 2718

لە کۆنفڕانسی وەرشۆ ٦٤ وڵات و دوو هاوپەیمانی گەورەی جیهانیی" ناتۆ و یەکیەتیی ئورووپا" بەشدار بوون. لە سەریەک سەرۆکایەتی ٤٠ هەیئەت بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان سپڕدرابوو و لە دوو وڵاتی ئورووپایی جێگری سەرۆک وەزیر و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل و ١٢ وڵاتی ئورووپایی وەک ئینگلستان، ئیتالیا و ئوتریش بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بوون. شایانی باسە کە لەو کۆنفڕانسەدا ٤٠٠ هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووسی سەرانسەری جیهان بەشدار بوون و هەواڵ و باسەکانی ئەو کۆنفڕانسەیان دەگواستەوە بۆ ڕاگەیاندنە گشتییەکانی جیهان. لە پرێس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لەهێستان تەنیا وەڵامی دوو هەواڵنێریان دایەوە. یەکەمین پرسیار کە لە لایەن ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکاییەوە بوو، پرسی: پێشتر گوترا کە ئەو کۆنفڕانسە لە سەر ئێران نییە، کەوایە بۆچی هەموو بەشدارانی کۆنفڕانسەکە لە ڕاگەیەندنەکاندا هەر باسی ئێران دەکەن؟ وەزیری دەرەوەی لەهێستان لە وەڵامدا گوتی: منیش سەرم سوڕماوە کە بۆچی هەموو بەشدارانی کۆنفڕانسەکە باسی کێشەخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن؟ ناوبراو ڕایگەیاند کە لەهێستانیش سیاسەتەکانی ئێران بە تێکدەرانە دەزانێ. مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی: لەو کۆنفڕانسەدا شایەد ئێمە لەسەر شێوەی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ئێران کۆک نەبووبین، بەڵام هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕا بووین کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیە. لە هۆڵی کۆنفڕانس یەک کەسیش بە دیفاع لە ئێران وتەیەکی پێشکەش نەکرد و لە سەر ئەو تۆمەتانەی کە درانە پاڵ کۆماری ئیسلامی، هیچ بەشداربوویەک ڕەتی نەکردەوە. مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕاشکاوانە باسی لە سیاسەتی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و هەر لەو کاتەشدا داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کرد کە لە ڕیککەوتنی بەرجام بێنەدەر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران ببنە هاوپەیمانی ئەمریکا. هەر لە هەمان کاتدا هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی کە دەیانهەوێ دەوری گەمارۆکانی ئەمریکا لێبدەنەوە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی ئێمە بە چوونەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام نیشانماندا کە دەمانهەوێ بەرەنگاری ئێران بینەوە و پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران بکەین. دیپڵۆماتێکی ناوداری ئورووپایی ڕایگەیاند کە ئێمە هەست بە نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەکەین و ئێمەش خۆمان لە سیاسەتی تێکدەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەرانین.