کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی خەڵکی ئێران لە چوونە سەری نرخی خواردەمەنی

22:39 - 28 رێبەندان 2718

ناوەندی ئاماری ئێران لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە هەڵاوسان لە ئێران گەیشتۆتە ٣٩.٦ لەسەد، بەڵام شارەزایانی ئەو بوارە ئەوە بە ناڕاست دەزانن و دەڵێن دەبێ داڕمان و هەڵاوسانی ڕاست و دروست بە سفرەی خەڵک دیاری بکرێ. ئەوان پییانوایە کە هەڵاوسانی ئابووریی و نرخی خواردەمەنی زۆر لەوە زیاتر و بەربلاوترە کە حکوومەت ڕایگەیاندووە. ناوەندی ئامار تەنیا ناونجی نرخەکان دەنووسێ و ناچێتە نێو قوڵایی نرخ و کێشەی خۆراک لەنێو خەڵکدا. نرخی یەک کیلۆ گۆشتی تازە لە بازاڕەکانی باکووری تاران لەو ڕۆژانەی دواییدا گەیشتۆتە ١٧٠ هەزار تمەن و لە باشووری تاران لە ٨٥ هەزار تمەن تێپەڕیوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە یەک کیلۆ گۆشتی سوور لە بەفرانباری ساڵی رابردوودا ٤٩ هەزار تمەن بوو. بەشێک لە ناڕەزایەتی بنەماڵەکان لە پێوەندیی لەگەڵ موادی خۆراکیی لە ڕاگەیەندنە نێوخۆییەکانی ئێران ڕەنگی داوەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی چوونە سەری نرخەکان توانای کڕینی بەشێک لە موادی خۆراکییەکانیان نییە. بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی کە هەژار و دەسکورتن، باس لەوە دەکەن کە ناتوانن شانەیەک هێلکە بە ١٥ هەزار تمەن، کیلۆیەک تەماتە بە ٩٥٠٠ تمەن و یەک لیتر ڕۆن بە ٩٥٠٠ تمەن بکڕن کە تەنیا دەتوانرێ خواردنێکی سادەی پێ ساز بکرێ. کاوە زەرگەران سەرۆکی دامەزراوەی ئەنجوومەنی خۆراکیی ئێران ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕووحانی گرت و رایگەیاند کە نرخی موادی خۆراکی سەد لە سەد دەچیتە سەر و سیاسەتی ئابووریی ڕێژیم ناتوانێ پێش لە چوونە سەری نرخی موادی خۆراکی بگرێ. شایانی باسە کە گەندەڵیی لە ئێران گەیشتۆتە جێگایەک کە هەموو جومگەکانی ڕێژیمی داگرتوە و بەشێک لە گرانی دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵیی و دزی کاربەدەستە پلە باڵاکانی دەوڵەت و ئەوەش بە ئاشکرا لە مەجلیس و لە زمان شەخسی خامنەییەوە باس دەکرێ و حاشای لێناکرێ کە دیارە خامنەیی خۆی یەکێک لە گەندەڵکارانە کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی بۆ سیاسەتی تێکدەرانە و ئاژاوەگێرانەی ڕیژیمەکەی دەداتە گرووپە تێرۆریستیەکانی ناوچەکە و خۆشیان حاشای لێناکەن.