کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: هەڵایسانی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل جیددییە

23:55 - 29 رێبەندان 2718

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەشداری کۆنفڕانسی مۆنیخ بوو، لە وڵامی پرسیاری یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە ئیسڕائیل بە دوای هەڵایسانی شەڕە لە ناوچەکەدا و هەڵایسانی شەر جیددییە. ناوبراو وێڕای تۆمەتبارکردنی ئیسڕائیل، هۆشداریی دا کە هەڵسوکەوتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا مەترسی هەڵایسانی شەڕی زیاد کردووە. زەریف هەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە دڵنیاییەوە کە هێندێک وڵات لە ناوچەکەدا بە دوای هەڵایسانی شەڕدا دەگەڕێن. هەر لەو کۆنفڕانسەدا کاربەدەستانی ئەمریکا و ئیسڕائیل ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە ئاژاوەگێڕی لە جیهان و ناوچەکەدا و مێرکێل سەرۆک وەزیرانی ئاڵمانیش رایگەیاند کە ئێمە لە سیاسەتی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەرانین. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چل ساڵە دروشمی مردن بۆ ئیسڕائیل و ئەمریکای بەرز کردۆتەوە. چەند جارێک لە زمان کاربەدەستە پلەبەرزەکانی ئەو ڕێژیمەوە قسە لە سەر لەنێوبردنی ئیسڕائیل کراوە. بە ئاشکرا پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دەکا و پارە و چەک و چۆڵیان بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل پێدەدا. بە ئاشکرا دەست وەردەداتە کاروباری نێوخۆی وڵاتان و گرووپی تێرۆریستی و میلیشیا پێک دێنی و چل ساڵە تۆوی ئاژاوە و ناکۆکی دەچێنێ و ئێستا دوای چل ساڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا تۆمەتبار دەکا بە دژایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران و هەڵایسانی شەڕ دژی ئە ڕێژیمە. وادیارە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە ئەو هەموو دژایەتییە لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا و هەوڵی تێکدان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا ڕۆژێک بەرۆکیان دەگرێ و دەکەویتە داوێک کە دەرچوون لێی ئەگەر مەحاڵ نەبێ، زۆر سەخت و ئەستەمە.