کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی ئەندام و دڵسۆزێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە گوندی ساوانی بانە

23:59 - 29 رێبەندان 2718

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی یەکێک لە ئەندام و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوی کاک حەمەئەمین ساڵحی ناسراو بە مینە ڕەشی ساوان، بە نەخۆشییەکی کتوپڕ دڵی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە حیزب و گەلەکەمان کرد. کاک حەمەئەمین کوڕی حاجی ساڵح ساوان، یەکێک لە سیما دیار و ناسراوەکانی ناوچەی ساوانی بانە بوو کە هەر لە هەڕەتی لاویەتییەوە و سەردەمی ئەنگووستە چاوی دەسەڵاتی ڕەشی حکوومەتی پەهلەویدا، بۆ ڕزگاری گەل و نەتەوەکەی ڕووی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و بەوپەڕی لێهاتووییەوە هەرچی کە پێی سپێردرا بە باشی ئەنجامی دا. پاش ڕووخانی حکوومەتی شا و هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیش کاک حەمەئەمین یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی حیزب لە ناوچەکانی ساوان و شوێ،ی بانە بوو و بۆ راپەڕاندنی ئەرک و کارە حیزبییەکان شەو و ڕۆژی لێک گرێ دەدا. ماڵ و دیوەخانی کاک حەمەئەمین هەموو کات بنکەی حەسانەوە و داڵدەی ڕۆڵەکانی دێموکرات بوو و هاوکات لە هەر جێیەک پێشمەرگە پێویستی بە هاریکاری و یارمەتی بووایە، کاک حەمەئەمین لەوێ حازر بوو. کاک حەمەئەمین سەرەڕای چوونە سەری تەمەنی و داگیرکرانی ناوچە و گوندەکەشیان لە لایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە، بەڵام بۆ تاکە ساتێک لە شۆڕش و پێشمەرگە و حیزبی دیموکرات غافڵ نەبوو و هەتا دواساتەکانی ژیانی دڵسۆز و خەمخۆری بزووتنەوەی کورد و حیزبەکەمان بوو. ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی‌دوایی مینە ڕەشی ساوانەوە پرسە وسەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکات و، خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.