کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگ‌کرانی وریا غەفووری بۆ حەراستی فێدراسیۆنی فۆتباڵ

15:54 - 30 رێبەندان 2718

وریا غەفووری یاریزانی فۆتباڵی ئێران بە هۆی ڕەخنەگرتن لە قسەکانی محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین کردبوو، بانگ کرایە حەراسەتی فێدراسیۆنی فۆتباڵ و لێپرسینەوەی لێ‌کرا. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی مێهر وریا غەفووری یاریزانی کورد پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندان بانگهێشتی حەراستی فێدراسیۆنی فۆتباڵی ئێران کراوە. ئەو بانگكرانە لە کاتێک‌دایە کە وریا غەفووری و عەلی کەریمی دوو فۆتباڵیستی ناودار، ڕەخنەیان لە قسەکانی محەممەد جەواد زەریف گرتووە کە باسی لە پشتیوانی کردن لە خەڵکی فەلەستینی کرد بوو، وەزیری دەروەی ئێران لە تویتەری خۆیدا نووسیبوو؛ بۆ ئێمە شانازییە بە هۆی پشتیوانی کردن لە خەڵکی فەلەستین و لوبنان و یەمەن لە ژێر گوشار داین! هەر بۆیە بەشیکی بەرچاو لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وڵامی جەواد زەریفیان دایە و لە نێوانە‌دا وریا غەفووری یاریزانی تیمی ئێستقلال ڕووبە وەزیری دەروەی ئێران گوتویەتی: بەڕێز جەواد زەریف لە ڕاستی‌دا ئێوە لە ژێر گوشار نین و ئەوە ئێمە خەڵکی ئاسایی ئێران، لە ژێر گوشارداین. هەروەها عەلی کەریمی فۆتباڵیستی دیکەی ئێرانی لە وڵامی قسەکانی زەریف نووسیویەتی: دەقێقەن مەبەستت لە "ئێمە" کێیە کە لەژێر گوشاردان؟ ئێمە واتە خەڵک یان ئێوە بەرپرسان! لە لایەک دیکە رۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندان ڕێبەری ڕێژیم سەید عەلی خامنەیی بە ئاماژەدان بە ڕخنە گرتنی ئەو دوو وەرزشوانە ڕایگەیاند؛ کەسانێک لە سایەی ئەمنیەتی وڵات، کار وژیان و وەرزشی خۆیان دەکەن، بەڵام بە بێ منەتی هەڵوێست دەگرن. شیاوی باسە وریا غەفووری فۆتباڵیستی کورد چەند جاری دیکەش لە هەمبەر کێشە و گرفتەکانی دیکە لە ئێران و کوردستان وەکوو کوشتنی کۆڵبەران ڕەخنەی لە دەسەڵات گرتووە.