کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرەکەی شپیرانی «هێزی ئاگری»

18:42 - 30 رێبەندان 2718

هاوینی 1368 بوو، هاوینێکی درەنگ. زۆربەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە زۆر ناوچەکانی کوردستان لەباری نیزامییەوە سەرکەوتنی گەورەیان وەدەست هێنابوو. هێزی بێ ورەی ڕێژیم توانای بەرەوڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگەی نەبوو. ئەم ساڵە حیزبی دێموکرات ڕێبەرێکی گەورەی لەدەست دابوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تێرۆری دوکتور قاسملوو قۆڵیان لە بنەبڕکردنی بەرگریی کورد و خەباتی شێلگیرانەی حیزبی دێموکرات هەڵماڵیبوو. ئەو پێی وابوو دوای کارەساتی وییەن دەتوانێ بە فشارهێنانی نیزامی بۆ سەر هێزەکانی حیزب کۆتایی بە خەبات و بەربەرەکانیی ئەم حیزبە و میللەتی کورد بێنێ و تەنانەت چاوەڕوانیی ئەوەی دەکرد کە هێزی پێشمەرگە دەستە دەستە خۆیان تەسلیم بکەنەوە. بێ خەبەر لەوەی کە پێشمەرگەکانی کوردستان جۆرێکی تر گۆش کراون و شەهید بوونی ڕێبەرەکەیان نەک ورەی پێ بەرنەدان، بەڵکوو بە ئیمانتر لە جاران لەو سەنگەرەدا وەستاون. ئەوان ڕێبواری ڕێی قاسملوو بوون، ڕێبەرێک کە دەیگوت «ئەگەر یەک یا دوو کەس تەنانەت چەند کەس لە ڕێبەرانی حیزب شەهید بن، ئەم خەباتە هەر درێژەی دەبێ». باوەڕبوون بە ڕێبازی قاسملوو ئەوەی سەلماند کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە تێرۆر و کوشتن و قەڵتوبڕ چۆک بە حیزبی دێموکرات دابدا. هەر لە یەکەم ساتەکانی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو و لەگەڵ زۆربوونی فشارەکانی ڕێژیم، هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیش بەڵێنی دا کە وەفادار بە ڕێبازی قاسملوو توندوتۆڵتر دژی ڕێژیم خەبات بکا. هەربۆیە هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری کوردستان لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو بوونەوە و لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زەبری کاریگەر لە دوژمن درا و؛ هێزی پێشمەرگە سەلماندیان کە خەبات تا سەرکەوتن هەر بەردەوام دەبێ. باسی «هەگبەی شاخ و شۆرش»ی ئەمجارەمان تەرخان کردووە بۆ گێڕانەوەی قارەمانەتی و حەماسەتێکی هێزی ئاگری کە دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو نواندیان. دیارە هێزی ئاگری بکەین مێژوویەکی پڕشنگداری لە ئاسمانی خەباتی گەلی کورد دژی هێزی داگیرکەر بۆخۆی تۆمار کردووە و، نوقتە و شوێن و جادە و تەپۆڵکە و چیای سەرکەش نەماوە لەو مەڵبەندەدا کە هێزی ئاگری تێیدا زەبری لە هێزی داگیرکەر نەدابێ. پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەو مەڵبەندە بەردەوام لە ناوچەی ورمێ، خۆی، سەڵماس و شپیران ... خەریکی کاری سیاسی و تەشکیلاتیی کۆمەلایەتیی خۆیان بوون و وەک هەمیشەش لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی تێکۆشەری ئەو ناوچە ڕووبەڕوو دەبوونەوە و، لە ئامێزی ئەواندا دەحەسانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی شوێنەکان یان گوندەکانی ئەو ناوچەیە کۆبوونەوەیان دەگرت و پیلانگێڕیی کۆماری ئیسلامی و هۆکارەکان و چۆنیەتیی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە دەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییان بۆ خەڵک شی دەکردەوە. هەڵسوکەوتی شۆڕشگێڕانەی ئەوان کاریگەریی زۆری لە ورەدان بەخەڵکی خەباتگێڕی ئەو ناوچەیە هەبوو، ئەوان زیاتر خۆیان ماندوو دەکرد و کاری بەردەوام و شەونخوونیی زیاتر توانیان زۆر ئامانجی ڕوون بپێکن و دەسکەوتی سیاسی بۆ حیزبەکەیان وەدەست بێنن، واتە ڕوونکردنەوەی خەڵک و لەقاودانی پیلانە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێژیمیان کردە بڵقی سەر ئاو. پاش ماوەیەک کاری سیاسی لە بەرەبەرەی ٢٥ی گەلاوێژ پێویست بە دەسکەوتی نیزامییش بوو، بە تایبەت کە هێزەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات دوای ئەو کۆستە گەورەیە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان زەبری قورسیان لە ڕێژیم دابوو. ئەمجارەیان نۆرەی هێزی ئاگری بوو کە شەوی ٢٠ی گەلاوێژ لە هێرشێکی کتوپڕدا بەسەر پایەگای «ئاسنگەران» لە ناوچەی شیمالی کوردستاندا بدەن و دەستی بەسەردا. ئەوان بە ئازایەتیی بێوێنە توانییان دەست بەسەر ئەو بنکەی دوژمندا بگرن، ژمارەیەک لە هێزەکانی دوژمن بکوژن، چەندین کەس بەدیل بگرن و دەیان قەبزە چەکی جۆراوجۆر بەدەسکەوت بگرن. ئەوە دەسکەوتێکی بچووکی نیزامیی هێزی ئاگری  بوو کە پاش ئەو کۆستە گەورەیە دڵی خەڵكی ئەو دەڤەرەی خۆش کرد و هیوای تازەی بەوان بەخشی. ئەو عەمەلیاتە ئەوەندە گرینگ بوو و کاریگەریی وەهای هەبوو کە لاوانی ئەو ناوچەیە وەک هەمیشە و زیاتر ڕوو لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزب بکەن و وێرای بردنەسەرێی ورەی پێشمەرگە، ئەوانی لەنێو خەڵکدا خۆشەویستتر کرد و باوەڕیان زیاتر بە خەباتی ڕەوای گەلەکەیان هێنا کە ڕۆڵەکانی دێموکرات لە پێشەوەی ئەو کاروانەن. دوای ئەم عەمەلیاتە ڕێژیم کەوتە بیری تۆڵە ئەستاندنەوە و بەردەوام بە پێوشوێنی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە بوو. ڕێژیم ڕایەڵکەی جاسووسیی خستە گەڕ هەتا، بەڵکوو بتوانێ لە شوێنێک قارەمانانی ئەو ناوچەیە لە داو بخا و بۆ ئەوەش زۆر تاکتیکی گرتە بەر کە یەک لەوان ئازار و ئەزییەتدانی خەڵکی ناوچەکە بۆۆ هەم بۆ هاندانی هێزی پێشمەرگه بۆ ئەوەی بەشکم لە سۆنگەی کاردانەوەیان لە داویان بخا و هەروەها خەڵک چاوترسێن بن و یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات نەکەن. هاوکات بەبێ ڕاوەستان ‌گرووپە زەربەتەکانی و هێزە گەڕۆکەکانی لە جادەکان و شوێنەکانی دیکەی ئەو ناوچە لە حاڵی ئامادەباش دابوون. سەرئەنجام تێکۆشەرانی دێموکرات کە قاڵبووی مەیدانی حەماسە و بەربەرەکانی بوون، ڕۆژی ١٠ی خەرمانان بڕیاریان دا زەبرێکی کاریگەری دیکە لە دوژمن بدەن و وەهایان بتەزێنن کە نەتوانن بە ئاسانی لەبیری بکەن و بەوەش یاد و ڕێبازی ڕێبەری شەهید زیندوو ڕاگرن. پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری بۆ پێکانی مەبەستی مەزنی خۆیان لە نێوان ئاواییەکانی «دۆستان» و «هەرکیان» لە ناوچەی شپیرانی کەمینێکیان بۆ هێزی داگیرکەر دانا. ئەو ڕۆژە ڕۆژی ڕەشی هێزەکانی دوژمن بوو و سەعاتی یەکی دوانیوەڕۆ کەوتنە ئەم کەمینە و وەها شڕ بوون کە هێزی یارمەتیدەریش نەیتوانی بە هاواریان بگا. ئەم شەڕە پتر لە 7 سەعاتی خایاند و بە سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات تەواو بوو. لەو حەماسەیەدا نیزیک بە ٨٠ کەسی دیکە لە هێزەکانی دوژمن کوژران، دەیان کەس بەدیل گیران و دەیان چەک و هەزاران فیشەک لە دوژمن بە دەسکەوت گیران. ئەو عەمەلیاتە دەرسێکی بە ‌هێزەکانی ڕێژیم‌ دا کە تا ماوەیەک زۆر زات نەکەن لە هیچ کۆی ئەو مەڵبەندە دیار بکەون. بەڵام ئەوەی زیاتر سەران و فەرماندەکانی لە ورمێ و بگرە لە تارانیش تاساند، ساغ و سڵامەتیی هێزی ێیشمەرگە بوو کە پاش ئەو عەمەلیاتە بێ هیچ زیانێکی گیانی بەنێو خەڵكی ئەو مەڵبەندەدا بە سروودی «واهاتن پێشمەرگەی مە» درێژەیان بە کاری سیاسی و نیزامیی خۆیان دا و؛ بە ڕێژیمیان سەلماند کە هێزی زۆروبۆر ناتوانێ ورەو ئیمانی پوڵایینی پێشمەرگە بەچۆکدا بێنێ.