کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«ئیستقلال، ئازادی، جمهوریی ئیسلامی» دوای چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی

18:44 - 30 رێبەندان 2718

شوعار مانا و لێکدانەوەی جیاوازی هەڵدەگرێ بەڵام لەنێو خەڵکدا ئەو ڕستانەی کە جۆرێک ئاهەنگ و وەزنی وەک شیعریان هەیە و بۆ مەبەستی سیاسی یا کۆمەڵایەتی بەهۆی کۆمەڵێک خەڵکەوە دەگوترێتەوە، پێی دەڵێن شوعار. شوعار لە ئێستادا بەپێی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان پێگەی خۆی گۆڕیوە. بۆ نموونە سەردەمانێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەبینین شوعاردان زیاتر تایبەت بوو بە مەیدانی شەڕ، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا شوعار لەو قالبە هاتووەتە دەرێ و لە مەیدانی سیاسەتدا لە لایەن سیاسییەکانەوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک و سەرکەوتن بە سەر نەیارەکانیان کەلکی لێ وەردەگیرێ و دەکار دەکرێ. هەروەها لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکیشەوە بە ئامانجێکی مافخوازانەوە دەردەبڕدرێ. لە ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ی هەتاوی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتیدا، هەموو لایەنەکان هەوڵیان دەدا کە دژایەتی لەگەڵ ڕێژیم و لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی بەرنامەی خۆیان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێگای شوعارەوە بنێرنە نێو خەڵکی ناڕازی کە ڕژابوونە سەر شەقام. لە ماوەی ئەو یەک_دوو ساڵ ناڕەزایەتیدەربڕینەدا کە لە ئاکامدا گۆڕین و ڕووخانی ڕێژیمی شای لێ کەوتەوە، شوعارەکانی خەڵک بەهۆی جۆراوجۆریی لایەنە سیاسییەکان (چەپ و میانە و ڕاست و میللی و ئیسلامی) جیاواز بوو. سەرەتا شوعارەکان زیاتر باس لە ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی بوون و باسێک لە حکوومەتی ئیسلامی لە ئارادا نەبوو. بەڵام لە نیوەی دووهەمی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە شارە گەورەکانی ئێران شوعارەکان جۆرێک خەتیان وەرگرت و تایبەتمەندیی لایەنگریی خومەینییان زۆرتر پێوە دیار بوو و، تەنانەت سازمان و ڕێکخراوە چەپ و مارکسیستەکانیش هەوڵیان دەدا ئەو شوعارانە ببنە شوعاری ڕەسمیی خۆپیشاندانەکان و پێیان وابوو بەمە خەباتی دژە ئێمپێریالیستیی خۆیان دەبەنە پێشێ. بۆ نموونە ئەگەر پێشتر شوعاری وەک (تنها رە رهایی، راە مجاهدین است) و یا (فدایی، فدایی، تو افتخار مایی) و یا (تنها راە رهایی، مسلسل مجاهد و فدایی) دەدران، دواتر ئەمانە گۆڕدران بەو شوعارانەی کە خومەینی لە نوتق و لێداوانەکانیدا باسی لێوە دەکردن و، لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا شوعاری "ئیستقلال، ئازادی، جمهوری اسلامی" کەوتە سەر زاری خەڵکی ناڕازی. ئێستا پرسیار ئەوەیە دوای چل ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خومەینی و دارودەستەکەی ئەو شوعارەی خومەینی کە کەوتە سەر زاری خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەسەڵاتی پاشایەتی، چەندە هاتوونە دی؟ سەربەخۆیی و ئازدی و کۆماری ئیسلامییەکە گەیشتوونەتە کوێ و خەڵکی ئێستا چۆنی لێ دەڕوانن؟ لێرەدا بەپێی دەرفەت و مەجالی شوعارەکە لێک هەڵدەوشێنین و یەک بە یەکی چەمکی شوعارە سەرەکییەکە کە هەر کامیان هەڵگری کۆمەڵیک تایبەتمەندییە شی دەکەینەوە. لە بەشی "ئیستقلال"دا، مەبەست سەربەخۆیی سیاسیی و ئابووریی وڵات بوو. گەلانی ئێران و بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکان پێیان وابوو کە شای ئێران هیچ دەسەڵاتێکی نییە بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەکی و ئابووریی وڵاتدا، و ئەوە ئەمریکایە حوکمی ئێران دەکا و ئەم وڵاتە هەڵدەسووڕێنێ. خومەینی و دارودەستەکەی بە بەرزکردنەوەی ئەو شوعارە توانییان خەڵکێکی زۆر و تەنانەت هێندێک لایەنی چەپ کە خەباتی دژە ئێمپێریالیستیی خۆیان لەم دروشمانەدا دەدیتەوە، لەخۆ کۆ بکەنەوە. بەڵام هەر دوابەدوای ڕووخانی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی پاشایەتی و بەدەسەڵات گەیشتنی خومەینی و دەورووبەری ڕوون بۆوە کە مەبەستی خومەینی لە ئیستقلالی سیاسی ئەوەیە کە دوژمنایەتیی هەموو دنیای پێشکەوتوو، و دژایەتیی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک بکا کە لە چوارچێوەی بیر و ئەندێشەی خومەینیدا جێی نابیتەوە. هەرئەوە بوو بە هۆکارێک کە شوعاری (نە شرقی، نە غربی) هاتە کایەوە. خومەینی و کەسانی دەورووبەری باسیان لەوە دەکرد کە شا سەربەخۆیی سیاسیی ئێرانی نەپاراستووە، بەڵام کاتێک خۆیان بە دەسەڵات گەیشتن مانا و وێنایەک لەو چەمکە نەما. ڕێژیم لەو ماوەیەدا و لانیکەم لە ئێستادا بەسراوەیی زۆری لانیکەم بە دوو زلهێزی ڕووسیە و چین‌ەوە هەیە. هەروەها ئەم ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە خۆیان بوونە هۆکار بۆ ئەوەی سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەریان ژێرپێ بنێ و، بەناوی خەبات بە دژی ئیستکباری جیهانی و دیفاع لە "مستضعفین" هەموو یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی پێشێل بکەن و لەم سۆنگەیەوە زۆر ڕێکخراو و لایەنی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەریان لە سەربەخۆیی خست و بەتەواوی هێنایانە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. بەشێکی دیکە لەو شوعارە ئازادی بوو کە مەبەستی گەلانی ئێران لە ئازادی، ئەوە بوو کە ئازاد بژین و بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ئازاد بپۆشن و ئازاد هەڵبژێرن و ... بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش هەر زوو دەرکەوت کە خومەینی مەبەستی لە ئازادی، ئەو ئازادییە نییە کە خەڵک بیری لێ دەکەنەوە. خومەینی پێناسەی تایبەت بەخۆی لە چەمکی ئازادی هەبوو. تەنیا چەند سەعاتێک لە بە دەسەڵات گەیشتنی خومەینی تێ نەپەڕیبوو کە قانوونە نووسراوەکان ژێرپێ خران و بە قانوونی عورفی و شەرعی ئێعدامەکان دەستیان پێکرد. بینیمان کە دارودەستەی خومەینی بە خەیاڵ دادگایان بۆ تاوانباران پێک هێناوە، بەڵام ئەم دادگایە نە قازیی لێیە و نە دادستان و نە پارێزەر، تەنیا مەلایەک و چەند ژ٣ بەدەست نەبێ و، لە بەرامبەریان تۆمەتلێدراو. هەر بە چەند قسەی سەرپێیی حوکم دەدرێ و تۆمەتبار دەبێتە تاوانبار و گیان لێ دەستێندرێ. بەپێی مادەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادانە دەربڕینی بیروئەندێشە و تێڕوانینی خۆی هەیە و ئەو مافە ئەوە لەخۆ دەگرێ کە ئەو کەسە هیچ ترس و دڵەخورپەیەکی لە دەربڕینی بیروباوەڕی خۆی نییە و، هەروەها بۆ وەدەستخستنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی بیری خۆی لە هەموو کەرەسەکانی بەردەست، بێ لەبەرچاو گرتنی هیچ بەربەستێک ئازادە. بەڵام لە ئەسڵی ٢٤ی قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا قانووندانەری ئێرانی بە داڕشتنی ڕستەیەکی ناڕوون باس لە ئازادیی چاپەمەنی وەک گۆڤار و ڕۆژنامە دەکا و؛ لە هەمان کاتدا سنووری بۆ دەست نیشان دەکا. بەپێی ئەو ئەسڵە، گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکاندا ئازادن بەو مەرجە بە پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام و مافی گشتی نەبێ. لە سەرەتای ساڵی ٥٨ی هەتاوی خومەینی و دارودەستەکەی کە هەتا ڕادەیەک لە دەسەڵاتی خۆیان خاترجەم بوون کەوتنە گیانی هەموو جۆرە ئازادیی تاکەکەسی و گشتییەک و، لە ئازادیی ڕادەربڕین و پۆشینی جلوبەرگ و نووسین ڕا بگرە هەتا هەڵبژاردن و هەڵبژێران و لە وەبەرچاو نەگرتنی مافی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و تەنانەت فەرمانی جیهاد بە دژی گەلی کوردکە تەنیا داوای مافە سیاسی و ئینسانییەکانی خۆی دەکرد. ماوەی چل ساڵە سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەک (محارب باخدا، مفسدفی الارض، جاسوس، بیگانە و...) خەڵکی جیابیری ئێران لە زیندانەکان دەخەن و ئەشکەنجە و لێدان و کوشتن بووەتە بەشێک لە ژیانی چالاکانی سیاسی لەو وڵاتەدا. کۆتا بەشی شوعارەکە لە دوو وشەی کۆمار و ئیسلامی پێک هاتووە و هەر لە بنەڕەتدا تێکهەڵکێشی کۆماری لەگەڵ ئیسلامی تێکهەڵکێشێکی نابەجێیە؛ چونکە سیستمی کۆماری، سیستمێکە کە لەوێدا هەیئەتی حاکمە و دەسەڵات بەسەر سێ دەزگای قانووندانان و بەڕێوەبەری و دادوەریدا دابەش دەبن. ئەم سێ دەسەڵاتە هەرکامیان بە جیا کاردەکەن و، سەربەخۆیی خۆیان هەیە و لە هەمان کاتدا لە ئیدارە کردنی وڵاتدا، پێکەوە هەماهەنگن و پێکهاتەی هەر سێ دەزگاکە لە بەرامبەر خەڵکدا وەڵامدەرن. قانوونەکانی سیستمی کۆماری تەعبیر لە ئیڕادەی خەڵک دەکەن لەلایەن ئەوانەوە دادەڕێژرێن و بەپێی سەردەم و شوێن و پێداویستیی کۆمەڵگە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ. بەڵام سیستمی ئیسلامی هەروەک لە ناوەکەی ڕا دەردەکەوێ، سیستمێکە لەسەر بنەماکانی ئایین دامەزراوە و ئەو بابەتە لە قانوونی ئەساسیدا بەتەواوی خۆی دەرخستووە چونکە لە کۆتایی زۆربەی بڕگە و ئەسڵەکانی ئەو قانوونەدا هاتووە، کە دەبێ لە چوارچێوەی ڕێ و شوێنی ئیسلام و مەزهەبی ڕەسمی وڵات دابێ. بێجگە لەوانە لە سیستمی کۆماریدا قانوون یەک لاکەرەوەی هەموو کێشە و ناکۆکیی نێو دەمودەزگای بەڕێوەبەریی وڵاتە بەڵام لە سیستمی ئیسلامیی ئێراندا، کەسێک بەناوی ڕێبەر لە سەرەوەی قانوون جێی گرتووە و خاوەنی حوکمی حکوومەتییە و، دژایەتی لەگەڵ حوکمی حکوومەتی دژایەتی لەگەڵ ئیمامی زەمانە، کە ئەویش نوێنەری خوایە لە سەر زەوی. بەکورتی دەتوانین بڵێین سیستمی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی ئێستادا دژایەتی هەیە لەگەڵ دێموکراسی و مافی مرۆڤ و هەموو پڕەنسیپەکانی سیستمێکی کۆماری. پوختەی مەبەست ئەمەیە کە گەلانی ئێران لە ئێستادا و دوای چل ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٥٧ی هەتاوی و شوعارەکان بە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەڵگەڕاونەتەوە و ئێستا خەڵک پڕبە گەروویان هاوار دەکەن کە فێڵیان لێ کراوە. چل ساڵ لەوە پێش گەلانی ئێران بۆ وەدەستهێنانی دادپەروەری و نەمانی هەڵاواردن و گەندەڵی، ڕژانە سەر شەقامەکان و ئێستاش دەبینین کە لە قامووسی کۆماری ئیسلامیدا شتێک بەناوی دادپەروەری هەر نییە، گەندەڵی بووەتە بەشێک لە فەرهەنگ و سیستمی دەسەڵات و هەڵاواردن بە قانوون کراوە و دەبینین شوعاری ئیستقلال، ئازادی، کۆماری ئیسلامی تەنیا ئیسلامییەکەی بە پێودانگی دەسەڵاتدارانی تاران وەدی هاتووە و نە ئیستقلال و نە ئازادی و نە کۆمارییەکەی نەک هەر نەهاتوونە دی، بە قانوون ڕێیان لێ گیراوە. ***