کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ نیگەرانی کۆنفڕانسی وارشۆ بێ

18:49 - 30 رێبەندان 2718

ژانڤیڤ عەبدو_ نەشناڵ ئینتێرێست و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور   ڕێژیمی ئێران دەبێ نیگەرانی کۆنفڕانسی وارشۆ لە بارەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێ کە بە سەرۆکایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی فێورییەدا بەڕێوە چوو. لە کاتێکدا کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا وێدەچوو کە دەوڵەتانی ئورووپا، بە هەر نرخێک بێ، ئامریکا لەو کۆبوونەوەدا شەرمەزار بکەن، ئێستا ڕێئال پۆلیتیک و هەڵەکانی خودی تاران ئاراستە سیاسییەکان دەگۆڕن. ئەو ڕاستییە کە لەهستان میوانداریی ئەو کۆنفڕانسە دەکا، لە کاتێکی هەستیاردا کە یەکیەتیی ئورووپا هەوڵ دەدا ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٢٠١٥ ناسراو بە بەرجام، کە ئامریکا لە ٢٠١٨ جێی هێشت، نەجات بدا کەلێنی نێوان دەوڵەتانی ئورووپا نیشان دەدا. بۆ وێنە هەندێک ڕێبەری ئورووپایی دژایەتیی خۆیان بەرامبەر بە کۆنفڕانسی وارشۆ زۆر پێش دەستپێکردنی نیشان داوە، ئەوان دەڵێن تاکە ئامانجی ئەو کۆنفڕانسە بەدناو کردنی ئێرانە. فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، گوتوویەتی کە کاری دیکەی هەیە و بەشدار نابێ. لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، جێرێمی هانت گوتوویەتی کە بەو مەرجە بەشدار دەبێ کە دەستووری کاری کونفڕانسەکە باسی قەیرانی مرۆڤی لە یەمەنیش بگرێتەوە، کە هەندێک ڕێبەری ئورووپایی، عەڕەبستانی سعوودی و هاوپەیمانەکانی، لەبەر تێوەگلانی شەڕی ئەوێ بە تاوانباری ئەو قەیرانە دەزانن. کاتێک کە وڵاتە یەکگرتووەکان ڕەزامەندیی نیشان دا کە باسی یەمەنیش بکرێ، هانت بانگهێشتنی کۆنفڕانسەکەی قبووڵ کرد. بەبێ لەبەرچاو گرتنی قووڵی یا تەنکیی کەلێنی نێوان وڵاتانی ئورووپایی، خاڵێکی گرینگ پاشگوێ دەخرێ: هەندێک لە ڕێبەرانی ئورووپا لە گرینگیی کۆنفڕانسەکە کەم دەکەنەوە و گەمە بە سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ دەکەن، چونکە ئەو کۆنفڕانسە پێک دێنێ. بەڵام کۆبوونەوەکە گرینگە، لانیکەم لەبەر ئەوەی کە کۆبوونەوەیەکی دەگمەنی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕاییل و وڵاتانی عەڕەبە، کە هەموویان دەیانهەوێ پێش بە دەستدرێژییە سەربازی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر جیهانی عەڕەب بگرن. هەندێک لە وڵاتانی عەڕەب تا ڕادەیەک لەبەر ئامانجی هاوبەشیان لە بارەی ئێران، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕاییل باشتر دەکەن. دوایین جار کە ئەو لایەنانە بۆ باس لە ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناڤین کۆبوونەوە لە کاتی وتووێژەکانی مادرید بوو لە سەرەتای نەوەدەکانی زایینی. کۆنفڕانسی وارشۆ لانیکەم لاوازیی وڵاتانی ئورووپایی لە دیتنەوەی ڕێگا لە پەیوەندییە نەیارانەکەی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران و لە ئاکامدا سیاسەتە ناکاریگەرەکەیان لە ناوچەدا ئاشکرا دەکا. وەزیری کاروباری دەرەوەی لەهستان، یاشێک ژاپوتۆویچ لە ١٣ی فێورییە لە وارشۆ لە کاتی قسەکردن بۆ هەواڵنێران زۆر بە باشی باسی کرد: «بە بۆچوونی من یەکیەتیی ئورووپا بە تەنیا کێشی سیاسیی پێویستی نییە کە بتوانێ بەڕاستی کاریگەریی لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێ.» کۆبوونەوەی وارشۆ بە هەمان شێوە وەبیرهێنەرەوی بێتوانایی هەندێک لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە زەرەرەکانی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکانە، سەرەڕای هەموو هەراوهوریا و بەڵێنییەکانیان بۆ سەلماندنی ناکاریگەریی گەمارۆکانی ترامپ کە لە مانگی نۆڤامبر دووبارە سەپاندوونییەوە. بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان ئیدیعایان دەکرد کە کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەکان گوێ نادەنە گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و یا گرێبەستەکانی پێشوو دەست پێدەکەنەوە یا گرێبەستی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ دەکەن. لە جیاتی، کۆمپانیا مەزنەکان گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە و ئەوانی خەریک بوو گرێبەست واژۆ بکەن پاشگەز بوونەوە. پاشان لە ژانویە، وڵاتانی ئورووپا کاریان بۆ هێنانە کایەی چارەسەریی دارایی بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی وڵاتەیەکگرتووەکان و بازرگانی لەگەڵ ئێران کرد و تەنیا ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە کەرتی تایبەت مەیلی لەو کارە نییە. مێکانیزمەکە کە ناوی ئینستێکسە، وەک سیستەمێکی ئاڵووێرە کە لەوێدا کۆمپانیا ئورووپاییەکان، لە تیۆریدا، نەوتی ئێران دەکڕن و لە بەرامبەردا کەلوپەل دەدەن بە ئێران تا بۆ ئامانجە مرۆڤایەتییەکان کەلکی لێ وەرگیرێ. ئێستا کاربەدەستانی ئێرانی دەڵێن کە ئەوان ئەو کەلوپەلەیان ناوێ و گلەیی لەوە دەکەن کە ئورووپا وەک پێویست یارمەتییان ناکا تا بتوانن گەمارۆکانی ئامریکا دەور لێدەن. بۆ وێنە، ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەیی گەیشتە ئەو جێیە کە بڵێ نابێ متمانە بە ئورووپاییەکان بکەن. کاتێک لە ٨ی فێورییە قسەی بۆ ئەفسەرانی هێزی ئاسمانی دەکرد، خامنەیی ئامریکای مەحکووم کرد و هەروەها ئامۆژگاریی کاربەدەستانی ئێرانی کرد «متمانە بە ئورووپاییەکانیش مەکەن» و، ئەوەی زیاد کرد کە، «ئەوان وەک ئامریکاییەکانن.» ئەوەی کە ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا لە بارەی ڕێژەی هەڕەشەی ئەمنییەتیی ئێرانیش ناڕێکن. لە کاتێکدا کە هەندێک وڵات هەوڵ دەدەن یارمەتیی ئێران بۆ خۆ پاراستن لە گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بکەن و ڕێگا بە ئێرانییەکان بدەن جێ پێی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێز بکەن و ئاسایشی ئورووپا لە مەترسی داوێن، هەندێک وڵاتی دیکە خۆ لەو کارە دەپارێزن. یەکیەتیی ئورووپا لە مانگی ژانویە دارایی دامودەزگای هەواڵگریی ئێران و دوو کارمەندی ئەوێی سڕ کرد. هۆلەند، ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە دوو کەسی لەوێ کوشتووە و بەو شێوەیە هاتە ڕیزی فەڕانسە و دانمارک کە ئێرانیان بە هێرشی توندوتیژانە لە بەشێک لە ئورووپا تاوانبار کردووە. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف، قسەکەری شێوە ڕۆژئاوایی ڕێژیم کە دەیهەوێ ئورووپاییەکان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا بمێننەوە، حەوتووی ڕابردوو ئیدیعای کرد کە کۆنفڕانسی وارشۆ پێش دەستپێکردن شکستی هێناوە. ئەو هەروەها ئەو کۆنفڕانسەی بە «سیرک» ناو بردووە. بەڵام، هەندێک کاربەدەستی واقیعگەرای ئێرانی، ئیعتڕافیان بە نیگەرانییەکانیان لە بارەی ئاکامی کۆبوونەوەی وارشۆ کردووە. لە کاتێکدا کە ترامپ بەڕاستی لەبەر بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی، شایانی ڕەخنە لێگرتنە، ئەو لەوانەیە بە چاکی لە ئێران تێگەیشتبێ. بڕیارەکەی بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئابووریی ئێرانی ئیفلیج کردووە و بەرنامەی مووشەکی بالیستیکیی ئێران و کەلکوەرگرتنی لە بەکرێگیراوان بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەی هێناوەتە چەقی سەرنج. ئەگەرچی نەخشە ڕێگایەک یا ستراتێژییەکی بەربڵاو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانی ئێران لە سووریە، عێڕاق و یەمەن و نفووزی پەرەئەستێنی ئەو لە ڕێگای کێشی سیاسیی حیزبوڵڵا لە لوبنان، لە وارشۆ نایەتە دەست، ئەوە دەستپێکی بەرەیەکی بەرفراوان دژی ئێرانە کە تا ئێستا بوونی نەبووە. ئیسڕائیل و هەندێک لە وڵاتانی عەڕەب بەڵێنییان داوە کە هەوڵ بدەن پێش بە دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرن و وارشۆ پلاتفۆرمێک بۆ ئەو ئامانجە دەستەبەر دەکا.