کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی سۆسیالیزم تەنیا لە یەک وڵاتدا

18:53 - 30 رێبەندان 2718

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم سەرکەوتنی سۆسیالیزم تەنیا لە یەک وڵاتدا (8-4) مارکس و ئێنگڵس بەپێی بارودۆخی جیهانی، ئاستی گەشەسەندنی ئابووریی سەرمایەداری لەسەر بنەمای ڕکەبەریی ئازاد و هەوڵ‌‌ و هەنگاوە هاوبەشەکەیان بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کرێکاری لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە شۆڕشی کرێکاری و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ تەنیا لە وڵاتێک مسۆگەر ناکرێ، هەرچەند هاوکات لەسەر ئەو باوەڕەش بوون کە «هەرچەند خەباتی دژەبۆرژوازیی پڕۆلتاریا لەسەرەتادا لە باری نێوەرۆکەوە نیشتمانی نییە، لە باری شکڵەوە نیشتمانییە و دەبێ بێگومان پڕۆلتاریای هەر وڵاتێک لە سەرەتادا کاری خۆی لەگەڵ بۆرژوازیی وڵاتەکەی خۆی یەکسەرە بکا.»(1) ئێنگڵس لە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا لە بەرامبەر ئەو پرسیارەدا کە ئایا وێچوونی سەرهەڵدانی شۆڕش (شۆڕشی پڕۆلتاریا) لە وڵاتێکدا هەیە؟ وڵامەکەی نەرێنییە و دەڵێ: «... شۆڕشی کۆمۆنیستی تەنیا شۆرشێکی نیشتمانی نییە و هاوکات لە تەواوی وڵاتەکانی خاوەن شارستانییەت یانی بە لانیکەم لە بریتانیا و ئەمریکا، فەڕانسە و ئاڵمان ڕوو دەدا. شۆڕش بەپێی ئەوەی‌ کە، ئەم یان ئەو وڵاتە خاوەنی سەنعەتێکی پێشکەوتووتر، سەروەت‌ و سامانی زۆرتر و کۆمەڵێکی زۆرتر لە هێزەکانی بەرهەمهێنەری بێ، خێراتر یاخود خاوتر دەبێ، بەم پێیە ئەم شۆڕشە لە ئاڵمان خاوتر و لە بریتانیا خێراتر و هاسانتر ڕوو دەدا. هەروەها کاردانەوەیەکی گەورەی لەسەر تەواوی وڵاتەکانی جیهان دەبێ و شێوەی تەواوکاریی ئەوان بەیەکجاری دەگۆڕێ و خێراییەکی لەڕادە بەدەر بەوان دەبەخشێ. ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی جێهانییە و پێویستە بەستێنێکی جیهانی بێ.»(2) لێنین بەپێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جیهانی و تیۆریزەکردنی نێوەرۆک و تایبەتمەندییەکانی ئێمپریالیزم بەم باوەڕە گەیشت کە وێچوونی سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە سەرەتادا لە چەند وڵات و تەنانەت لە وڵاتێکدا هەیە»(3) بەڵام پاش ساڵێک واتە لە ١٩١٦ لێنین «وێچوونی سەرکەوتنی سۆسیالیزم هاوکات لە چەند وڵاتی ڕەد کردەوە».(4) پاش مردنی لێنین، ستالین و بوخارین لە ساڵی ١٩٢٦ بیرۆکەی سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێک و تەنیا بە پاڵدانەوە بە هێزی پڕۆلتاریای خۆییان گەڵاڵە کرد. (پڕاودا/ ١٦ی نوامبر١٩٢٦) لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا ترۆتسکی لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێک، بەستراوە بە سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە چەند وڵاتێکی دیکەی سەرمایەدارییە و لە نەبوونی ئەم مەرجە سۆسیالیزم ناتوانێ لە وڵاتێکدا سەرکەوێ. ترۆتسکی وێڕای بە زیانزانینی ئەم بۆچوونەی ستالین دەڵێ: «بیرۆکەی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا بە‌ ناچار دەبێتە هۆی بە کەمزانینی ئەو کێشانەی کە جارێ دەبێ بەسەریاندا زاڵ بین، هەروەها بەرزنرخاندنی دەستکەوتەکانمان. هیچ وتەیەک دژەسۆسیالیستیتر و دژبە شۆڕشتر لە وتەکانی ستالین نییە کە بە‌پێی ئەو «لە سەتا ٩٠ی سۆسیالیزم ئێستا لە یەکیەتیی سۆڤیەتدا وەدی‌ هاتووە.»(5)... «بە‌جێگای ئیدیعای ودەیهاتنی سەتا ٩٠ی سۆسیالیزم، پێویستە بەوان بڵێن کە شێوەی ئابووریی ئێمە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیمان زۆر زۆر بە سەرمایەداری _ ئەویش سەرمایەدارییەکی پاشکەوتوو_ نیزیکترە هەتا بە سۆسیالیزم. بەوان بڵێن، تەنیا کاتێک لە پێناوی دروستکردنی سۆسیاڵیزمی ڕاستەقینە هەنگاو دەنێین کە پڕۆلتاریای هەرە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەستەڵاتیان بەدەستەوە گرتبێ، پێویستە دەستبەجێ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تێ بکۆشین.»(6) پێشتریش لە ساڵی ١٩٠٦دا ترۆتسکی ئاماژەی کردبوو کە «بێ پشتیوانیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتیی پڕۆلتاریای ئورووپا، چینی کرێکاری ڕووسیە توانای نییە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و دەسەڵاتی کاتیی خۆی بکاتە دیکتاتۆریی سەقامگرتووی سۆسیالیستی. تەنانەت بۆ ساتێکیش ناکرێ گومان لەم مەسەلەیە بکردرێ. بەڵام لە لایەکی دیکەوە جێگای هیچ دڕدۆنگی نییە کە شۆڕشی سۆسیالیستی لە ڕۆژئاوا ئەم دەرفەتە بە ئێمە دەدا کە ڕاستەوخۆ دەستەڵاتی کاتیی چینی کرێکار بکەینە دیکتاتۆریی سۆسیالیستی.(7) بەڵام «لە چین، پاش شۆڕشی گەلی لە ساڵی ١٩٤٩دا، هەڵبژاردنی بينای سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا بە پێچەوانەی ڕووسیە هچ کێشە و باسێکی لێ‌ نەکەوتەوە، چاوەڕەوانی ئەوەش نەکرا کە سەرکەوتنی شۆڕش بەستراوە بە پاڵپشتیی شۆڕشی کرێکاری لە ژاپۆن یاخود ئەمریکا بێ و؛ ئەوان یاریدەی چینییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر پاشکەوتوویی وڵاتەکەیان بدەن. بەم پێیە کۆمۆنیزم لە چین تووشی دڕدۆنگییەکانی ڕووسیە لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش نەهات و مائۆئیزم بەبێ سێودووکردن پێداویستی و توانایی سازکردنی سۆسیالیزمی لە وڵاتێکی پاشکەوتوو لەسەر بنەمای»شۆڕشی بێوچانی پتەوترکردنی قۆناغەکان و بە‌پێی چاکسازیکردنی زەوەی بەڵام بە ڕێبەری پڕۆلتاریای ڕاگەیاند.»(8) ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی کاتێک بە شوێن ڕووداوەکانی ١٩ هەتا ٢١ی ئاگۆستی ١٩٩١ و گەڕاندنەوەی گۆرباچۆڤ لە کریمەوە بۆ مۆسکۆ،(9) دەستووری هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەتی لە ٢٩ ئاگۆستی ١٩٩١ واژۆ کرا، جارێ زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە کە هیچ ڕۆڵێکیان لەم ڕووداوانەدا نەبوو و لە ساڵی ١٩٩٠ لە یەکێک لە ئازادترین ڕاپرسییەکانی مێژووی سۆڤیەتدا دەنگیان بە مانەوەی کۆمارەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی دابوو، نەیاندەزانی ئەم حەرەکەتە ڕێخۆشکەری نەک هەر هەڵوەشانەوەی حیزبی کۆمۆنیست وەکوو ئاڵقەی سەرەکیی یەکیەتی و بوونی ئەم وڵاتە، بەڵکوو هەڵوەشانەوەی یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی جیهان دەبێ کە یەک لە شەشی پانتایی جیهانی لەخۆ گرتبوو. خەڵکی سۆڤییەت لەوپەڕی پاسیڤیزمدا سەیری ڕووداوەکانیان دەکرد، خەڵکێک کە وا ڕاهاتبوون ڕێبەران و دەستەڵاتدارانی وڵات بەرنامەیان بۆ دابڕێژن و ئەوان تەنیا ئەنجامدەری بن. لە درێژەی ئەم کاتەدا کە چارەنووسی حیزبی کۆمۆنیست و یەکیەتیی سۆڤییەت دیاری دەکرا، هیچ بزووتنەوەیەکی جەماوەری چ بۆ ڕووخاندنی چ بۆ بەرگری لەم ڕەوتە وەڕێ نەکەوت. بوونی مەودایەکی گەورە لە نێوان خەڵک و حیزب و ناکارامەیی یەکیەتی و شۆڕاکان، خەڵکی بەتەواوی پاسیڤ کردبوو. ئەم جەماوەرە کە تەنیا پێویست بوو بۆ بەشداری لە ڕیزێک لە خۆپیشاندانە فەرمییەکان وەک جێژنی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، سەرکەوتنی شۆڕشی ١٧ی ئۆکتۆبر، جێژنی جیهانیی کرێکاران لە یەکی ئەیار و سەرکەوتنی هێزی سوور و تێکشکاندنی فاشیزمی هیتلێری لە ٩ی ئەیار بێتە سەر شەقامەکان و پاش خۆپیشاندان و خواردنەوە و سەماکردن و هتد تا خۆپیشاندانەکەی دیکە خەریکی کاروباری ژیانی ڕۆژانەی خۆی بێتەوە، بەرەبەرە پاش هەڵوشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەتی لە ٢٥ دێسامبری ١٩٩١ و هێرشی تانک و ‌هێزەکانی نیزامیی سەر بە یەلتسین بۆ سەر پارلمانی ڕووسیە لە ٤ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣ و کوژرانی لاوانی ١٦ هەتا ١٩ ساڵە لەدەرەوی پارلمان، زانییان ئەوە چ ڕوو دەدا و چ چارەنووسێک چاوەڕەوانیان دەکا. ئەگەر پرسترۆیکا لەسەرەتادا بە دروشمی چاکسازییەوە بوو بە هۆی پێکهاتنی تامەزرۆیی و ورووژاندنی خەڵک، لە درێژخایەندا نەیتوانی متمانە و بیروڕای خەڵکی بە چەشنێکی جیدی بۆ بەشداری لە چارەنووسی خۆی بکێشێتە نێو گۆڕەپانی سیاسەت و ڕێخۆشکەری چاکسازیی شۆڕش و پێشگیری لە ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە بێ. لە ماوەی ٦ ساڵی پرسترۆیکادا زۆرینەی خەڵک بوون بە بینەری پڕ تاقەتی وتار خوێندنەوەکانی چەند سەعاتەی گۆرباچۆف کە بەردەوام باسی ناکۆکییەکان‌ و کەمایەسییەکانی کۆمەڵگەی سۆڤییەتی دەکرد و هیوای گۆڕانکاریی جیدی لە سیستمی سۆسیالیستیی سۆڤییەتی بە خەڵک دەدا. کەم نەبوون ئەوانەی کە بەپێی وتەی مارکس کە دەڵێ هەر شۆڕشێک بەردەوام ڕەخنە لە خۆی دەگرێ و دەست بە چاکسازی دەکا، پێیان وابوو پرسترۆیکا و گلاسنۆست دەتوانێ ئەم ئەرکە بە ڕێبەریی گۆرباچۆف و هاوڕێیانی وەدی بێنێ. بەڵام هەرجار کە باس لە کادرسازیی تازە و ڕاهێنانی کادرەکانی حیزب بە بیری نوێ دەکرا خۆبەخۆ ئەم پرسیارە دەهاتە پێش، بڵێی لە حیزب و دەوڵەتێکدا کە بۆرۆکراسی و گەندەڵی سەقامگیر بووە و، ماسی لە هەموو سەرێکیەوە گەنیوە کادری نوێ پەروەردە بکرێ؟ کەم نین ئەوانەی کە وەک پڕۆفسۆر گرهارد گرین، پسپۆڕی ئاڵمانی_ شارەزای مێژووی ڕووسیە و یەکیەتیی سۆڤیەتی_ پێیان وایە گۆرباچۆڤ لەساڵی 1984ـەوە بە چەشنێکی سیستماتیک و بەردەوام بۆ هەڵوەشاندنی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی وەکوو بناغەی سەرەکی یەکیەتیی سۆڤییەت تێکۆشاوە و پەیتا پەیتا دەستەڵاتی ڕێکخراوە بڕیاردەرەکانی حیزبی‌ کەم کردووەتەوە تا دەستەڵات بکەوێتە دەست سەرۆک کۆماری سۆڤییەت. کاتێک سەیری بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەو کاتە بکەین دەبینین قسەکانی گرین زۆریش دوور لە ڕاستی نین. لە ژوئەنی ١٩٨٨ هەتا مارسی ١٩٨٩، یانی کاتێک کە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی گەلی یەکیەتیی سۆڤییەتی دەستی پێکرد، هەنگاوگەلی پێویست لەلایەن گۆرباچۆڤ و هاوبیرانیەوە بۆ لاوازکردنی حیزب بە خێرایی دەستی پێکرد، لە ژوئیەی ١٩٨٨دا، لە یەکەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی پاش کۆنفڕانسی ١٩ی حیزب، لایەنگرانی گۆرباچۆڤ بانگهێشتنی ئەندامەکانی سادەی حیزبیان بۆ تێکشکاندنی دەستەڵاتی دەزگاکانی حیزبی دەکرد. لە دێسامبردا گۆرباچۆڤ ڕێژەی دەزگاکانی خۆجێی کەم کردەوە و ئەوانی گەیاندە ٩٠٠ هەزار و ئەو ڕێبەرانەی کە لەگەڵی هاوڕێ نەبوون لە دەفتەری سیاسی دوور کردەوە. لە بڕیارەکانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە سێپتامبردا ئاندرێ گڕۆمیکۆ، یەکێک لە کۆنە سیاسییەکانی حیزبی بە یەکجاری لە دەفتەری سیاسی لابرد و؛ ئیگۆر لیگاچۆڤ کە بەرپرسی بەشی ئایدۆلۆژی بوو کرا بە بەرپرسی بەشی کشتوکاڵ. چرنیایڤ تڵۆنی کە بەهۆی ئەوەوە، گۆرباچۆڤ و ڕاوێژکارەکانی دەزگای کۆمیتەی ناوەندیی حیزبیان لەنێو برد ئاماژەی کردووە کە گۆرباچۆڤ لابردنی نیوەی دەزگاکان و چرنیایڤ دوو لە سێی هەموویانی پێشنیار کردبوو و ئەوان لە سەر ژمارەیەکی دڵخواز لە نێوان نیوە و دوو لە سێ ڕێک‌کەوتن. پاشان کاتێک گۆرباچۆڤ پێشنیاری لابردنی تەواوی بنکەکانی ئابووری و حکوومەتی داوە، دەڵێ: «ئێمە پاش لابردنی ماف ‌و ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی بنکە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئەوان تەنیا وەکوو بنکەیەکی ئایدۆلۆژیک ڕادەگرین.... « گۆرباچۆڤ چەند ساڵ پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤییەتی، لە زانستگایەکی تورکیەدا بەئاشکرا ئاماژەی بەم خاڵە کرد کە ئەو هەر لە زووەوە خوازیاری ڕووخاندنی سۆسیالیزم بووە!؟ ئەگەر ئەم بیرۆکەیەش وەکوو هۆیەک بۆ ڕووخانی سیستمی سۆڤییەتی لەبەرچاو بگرین، دیسان ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە بۆچی، چ لە نێو حیزب و چ لە نێو یەکیەتیی کرێکاران و وەرزێران و شۆڕاکاندا هیچ هێزێکی بەرهەڵستکار و هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ پێشگرتن لەم ڕەوتە نەبوو و کارەکان بە دەست کەسانێک گەیشتە ئەنجام کە بڕیار بوو سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی لەو قەیرانە دەربهێنن و درێژەدەری شۆڕشی ئۆکتۆبر بن؟ پاش ڕووخانی سۆڤییەت، زۆرینەی ئەندامانی پۆلیتبۆرۆی حیزبی کۆمۆنیست کە هاوکات سەرۆک حیزبی کۆمارەکانی سۆڤییەتیش بوون بێجگە لە گۆرباچۆڤ کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بۆ ڕووسیە لە ساڵی ١٩٩٦ کەمتر لە سەتا یەکی دەنگەکانی هێناوە، بوون بە کاربەدەست و سەرۆک کۆماری وڵاتانی پێشووی سۆڤییەتی: وەکوو حەیدەر عەلییێف لە ئازەربایجان، نەزەربایێف لە کازاخستان و ئێدوارد شوارنادزە لە گورجستان و هتد. *** سەرچاوەکان: 1ــ مانيفست حزب کمونيست. ص ٣٥ 2ــ اصول کمونيسم.، ص ١٢ 3ــ دربارەی شعار کشورهای متحد اروپا. و. ای لنين ٢٢ اوت سال ١٩١٥، شمارە ٤٤ روزنامە سوسيال دمکرات، منتخب آثار، جلد اول، بخش دوم ص ٤٨٦/٤٨٧. ترجمە م. پورهرمزان 4ــ منتخب آثار لنين، جلد اول، بخش دوم ص ٦٨٥. ترجمە م. پورهرمزان 5ــ بين‌الملل سوم پس از لنين، لئون تروتسکی، ترجمە م. آگاە، ص ١٠٥ نشر کارگری سوسياليستی 6ــ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ١٠٦ 7ــ نتايج و چشم‌اندازها (نخستين طرح جامع تئوری و انقلاب مدوام)لئون تروتسکی ص ٨٨، نشر کارگری سوسياليستی 8ــ بازنگری مسئلەی گذار سوسياليستی، سمير امين. برگردان ب. کيوان، سايت نگرش 9ــ لە ئاگۆستی ١٩٩١ کاتێک گۆرباچۆڤ بۆ پشوودان لە کریمە بوو، بەشێک لە ڕێبەریی سۆڤیەت بۆ پێشگیری لە قەیرانی زۆرتر و بەدەستگرتنەوەی کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان کۆمیتەی نیشتمانی (حکوومی) بۆ حاڵەتی نائاساییان پێک هێنا. ئەم هەنگاوە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ڕیزێک لەو ڕووداوانەی کە لە کۆتاییدا بە پێچەوانەی ویستی پێکهێنەرانی ئەم کۆمیتەیە، ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەتی لێکەوتەوە.