کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمان، ئاوردووی ڕێژیم

19:06 - 30 رێبەندان 2718

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چل ساڵەی خۆی دەرباز کرد! ئەگە بمانەوێ فلاش بەکێک لێ بدەین و بە گۆشەنیگای لۆژیکی بنواڕینە چوار دەیە دەستەڵاتی حاکمانی زاڵ بەسەر نیشتمانی ئەو خاکەی بە ئێران ناسێندراوە، دەستپێک و شێوەی هاتنەسەرکاری دەستەڵاتدارانی ئێران بەو شۆڕشە خەڵکییەی کە کرا شێوازێکی تەواو پێشکەوتووانە و دێموکراتیک بووە. گەلانی نیشتەجێی ئێران لە ماتەوزەی کۆمەڵگەی مەدەنی هەروەها دەرفەتی دیپڵۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی زلهێزان لە کۆنفڕانسی «گوادلۆپ» (ئاڵمانی ڕۆژئاوایی، ئینگلیس، فەڕانسە و ئەمریکا) بە باشترین شێوە کەلکیان وەرگرت و لە ئاکامدا ڕێژیمی پاشایەتیی حەمەڕەزا شا تێک ڕووخا و گەلانی ئێران بە خەیاڵی خۆیان ویستیان حکوومەتێکی دێموکراتیک و خەڵکی دروست بکەن، کە تێدا هەموو ئەو سیاسەتە چەوتانەی ڕێژیمی پێشوو ڤێتۆ بکا و بە مۆدێلێکی نوێ و سیاسەتێکی تازە بۆ تەناهی و پاراستنی بەرژەوەندی و ئازادییەکانی گەلان تێ بکۆشێ. کەچی هەر زۆر زوو ئەو خەڵکە وەزاڵەهاتووە بەسەر هەواری خاڵیدا کەوتن و زانییان جارێکی تر خیچاون و، ئەو دەستەڵاتەش بە ڕەنگ و جلێکی تر بەڵکوو لە زۆر بەستێنی وەک ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردە و زۆر دیاردەی تر دیکتاتۆرتر و داخراوترە؛ بۆ ئێمەی کورد بەتایبەتیتریش قوماش هەمان قوماش و گەز هەمان گەز! ڕوانینی دەستەڵاتداران و سیاسەتی گشتیی حاکمانی تازەپێگەیشتووی ئیسلامی بە نیسبەت نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری، پەروەردە و ڕاهێنان، کولتووری و سیاسیدا، ڕێک لە دڕێژەی سیاسەتەکانی نیزامی پاشایەتی بوو جا بە خوێندنەوەیەکی چالاک و بەڕۆژ؛ بە دەیان فاکت و میناک هەن کە چۆن کۆماری ئیسلامی ئاگاهانە لەم بوارانەی سەرەوە پلانی کێشاوە و هەیە، لێرەدا بەکورتی باس لە هیندێ لەو سیاسەتانە دەکەین: لە بواری ئابوورییەوە، بە پێناسەی مارکس، بازار، ئیقتساد و کارکردی ئابووریی وڵاتان بە دەلاقەی سەنعەتی و پیشەیی سەیر دەکرێ، واتە ئابووریی هەر وڵاتێک بە گەشەی کارخانەکان، کارگە و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێش دەکەوێ؛ کە ئەمە جیا لە قازانجی ئابووری، هەلی کار بۆ خەڵک دەڕەخسێنێ و دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی دەوڵەتان و سەربەخۆیی و پێشکەوتنی سیستەمی داهات؛ چ لە ڕێژیمی پاشایەتی و چ لە حکوومەتی ئێستای ئیسلامیی ئێران لەو بەشە گرینگەی کۆمەڵگەدا هیچ پیشکەوتنێک لە کوردستان نابینین، واتە جیا لە سازکردنی بینا و ساختمانی لۆکس و شووشەیی لە هیندێ شەقام و گەڕەکی کوردستان کە هیندێک دامەزراوەی حکوومەتین و بەشێکیش هی خەڵکی ئاسایین پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە بواری پیشەییەوە بەرچاو ناکەوێ، دوای بیرۆکەی شارۆچکە پیشەییەکان کە لە دەیەی چلی هەتاوی باسی کرا هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێ لە کوردستان؛ بەگشتی کارگە و کارخانەیەک وەها گەورە و بەکار نابینرێ کە تێدا قازانجی خەڵکی وەبەرچاو گیرابێ و، یارمەتییەک بێ بۆ ئابووریی کوردستان (لە هەر چوار پارێزگای کوردستان چەند کۆمپانیا و کارخانە نەبێ شتێکی وابەل کە جووڵە و گەشەی کوردستان بجووڵێنێ نابینرێ ئەوەی کە هەیە کۆمەڵێک کارگەی بچووکن کە؛ بە سەرمایەی کەسی چالاکن دەنا ئەوانەی لە بانکەکان یارمەتی و وامیان وەرگرتووە یا مایەپووچ بوونە یا سوودەکەیان هیندە بەرزە کە بانکەکان بووتنە پشک و شەریک و، قازانج سەری مایەی خواردووە! بۆ میناک، ساردخانە، سوورترینگی میوە، شکاندنی قەند، بەرهەمی خۆراکی وەک بیسکویت، ئاومیوە، پفەک، چیپس، نانەهەڵووچە، بەرهەمی شیری وەک ماست، دۆ و ...) ئێستاشی دەگەڵ بێ بەشی هەرەزۆری ئابووریی کوردستان خۆبژێوە و لە ئاکام زەحمەت و تێکۆشانی خەڵکی دابین دەبێ کە پشکی سەرەکی وەبەر ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەکەوێ و، ئەوەی تر بەتایبەت لە شارەکان کاری ڕۆتین و وەرزی، کرێکاریی ساختمان، شۆفیری، کۆڵبەری، دووکانداری، ئاڵوگۆڕە نێوخۆییەکان و ... کە زۆر بەکەمی لە سەردەمی شادا هەبووە ئێستا پێوەی زیاد بووە و، دیاردەی وەک تەڵاق، بێکاری، ئیعتیاد، ئاڵۆزیی بنەماڵە، خۆکوژی، کۆچ بەرەو هەندەران و هتد، ڕوو لە زیاد بوونە بۆیە ڕادەی هەژاری لە شارە کوردییەکان لە ئاستی ئێران زیاتر لە دەورەی حەمەڕەزا بە نیسبەت ناوچەکانی تری ئێران، پلەی یەکەمی وەبەر دەکەوێ و خەڵکی کوردستان بەوپەڕی زەخت و فشار ژیان بەسەر دەبەن. ئەوە لە حاڵێکدایە زیاتر لە ١١% پاشەکەوتی نەوت و گازی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پارێزگای ئیلام)دایە و بە دووهەمین پارێزگای گازی لە ئێران دەژمێردرێ کە دەتوانین ئاماژە بە ناوچەکانی کەمانکێو و تەنگەی بیجاڕ بکەین کە لە حەفتا کیلۆمیتری ئیلام هەڵکەوتوون، لە ژێر ئەو گڵە ڕەشە ڕۆژانە ٧ میلیۆن میتری چوارپاڵوو گاز دەردەهێندرێ. مەزەندە کراوە لە ناوچەی سووماری کرماشان نیزیک بە ٥٠٠ میلیۆن بۆشکە نەوت لە ژێر ئەو ناخە خۆی مەڵاس دابێ! ئەوە تەنیا ڕاپۆرتی حکوومەتین، جیا لەو هەمووە کانگایانەی تری کوردستان وەک کانگەی زێڕ، جیوە، بەردی بە نرخ، زیو و... تەنیا لە کانگەی زێڕی تکاب (زێڕشۆران و ئاغدەرە) کە بە یەکەمین کانگەی زێڕی ئێران دەناسرێن ڕۆژانە نیزیک ٦ تۆن شمشی زێڕ دەردێنن!! ئاخۆ دەبێ خەڵکی ئەو ناوچە دەوڵەمەندانە چۆن بژین؟؟!! لە بواری فەرهەنگییشەوە ئەگە شا بە پووڵ و پارە و چەواشەکاری بەهۆی کەسانی وەک گریشمەن، ئیسترۆناخ، ڕیچارد فرای، هێرتسفێڵد، کۆهێن و دوکتور موعین، ڕەشیدی یاسەمی، سەعیدی نەفیسی، ئەحمەدی کەسرەوی و ... زۆر ئارام و ئاگاهانە لە ژێرەوە بە هاوکاری و یارمەتیی ماڵباتی شاهەنشا و دەزگای زەبەلاحی پەروەدە خەریکی قاڵکردنەوە و ئاسیمیلەکردنی کولتوور و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەی کورد بوون و زمانی کوردییان بە دیالێکتیک یا دەستەخوشکی زمانی گەنجی فارسی دەزانی و ڕابردوو و مێژووی نەتەوەی کوردیان ڕەوگیر کرد و، خۆیان پێهەڵاوەسی هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا بە یەک هێڵ، دوکتورینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زمانی کوردی بە «گویش محلی» نزم کردووتەوە و، تەباتەبایی بە هێنانە گۆڕی ئەندێشەی «ئیرانشەهری» و شەفیعی کەدکەنی بە نزمکردنەوەیەکی سووکی زمانی کوردی، جارێکی تر ئەو پەیمانە بە وەچەی پێش خۆیان دەدەن هەتا ماون دژایەتیی کولتوور و زمان و هەوێتی گەلی کورد بکەن بۆ ئەوەیکە شوناسی واقیعی خۆیانی پێ بشارنەوە! ئەو هەمووە هێرشە کولتووری و فەرهەنگییە بەپشتیوانیی سیستماتیکی حکومەتی، بێ کاریگەر نەبووە و تا ڕادەیەک کۆمەڵگەی کوردیی تووشی خەسار و لێکدابڕان و سەرلێشێواوی کردووە، جا ئەمجارە سێبەری ئێمپێریالیستی زمانی-یشی پێوە زیاد بووە؛ بنواڕن کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کۆی ٥١ شارستان لە چوار پارێزگا کە هەیتی (جیا لە پارێزگای لوڕستان)، بە دەیان فێرگە و ناوەندی زمانە جۆراوجۆرەکان بە تایبەت ئینگلیسی چالاکن کە هەزاران قوتابیی تێدا بە ئەدەبیات و زمانی فارسی پەروەردەی ئینگلیسی دەکرێن (فێر بوونی زمانی غەوارە بۆتە نەریتێک لە کۆمەڵگەی کورستان، بەشی هەرەزۆری بنەماڵەکان هەر لە سەرەتاوە مناڵەکانیان بۆ ئەو فێرگانە دەنێرن). فێربوونی هەر زمانێک بە دڵنیاییەوە جیا لە شانازی بۆ مرۆڤ ئەوەندەش کەلکی باشی هەیە و نکۆڵی لێ ناکرێ؛ بەڵام ئەو چەند ناوەندە فێرکارییەی زمانی کوردی ئاخۆ دەبێ چەندە قوتابییان هەبێ؟ دایک و باوکان چەندە گرینگی بە فێربوونی زمانی دایک هەم بۆخۆیان و هەمژی بە مناڵەکانیان دەدەن؟ ئایا زمانی دایک ئەو جۆرەی زمانناسان و ڕێکخراوە جیهانییەکان بە بایەخەوە باسی دەکەن لای دانیشتووانی کوردی ڕۆژهەلات قەدری هەیە؟ نوام چامیسکی دەڵێ ئەوانەی لەم چاخەدا زمانی دایکیان نازانن نەخوێندەوارن، ئەگە پێناسەی ئەم زمانناس و ڕخنەگرە بە ناوبانگە بکەینە پێوەر و بنەما ئاخۆ دەبێ ڕادەی خوێندەواری خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە بێ؟؟!! ئەو هەمووە دوکتور و موهەندیس و موعەلیمە، هەزاران کارمەند و کرێکار و بازاڕی و خەڵکی ئاواییەکان ڕێک کەوتوونەتە بۆسەی لەنێو بردنی فەرهەنگ و شوناسی کوردی، ئەوە درێژە و بەرهەمی نیزیک سەد ساڵ بەرنامە و پلانی نەرم ئامێریانەی هەرتک ڕێژیمی شا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، باس لە کۆمەڵگە و پێوەندیی خێزانی بە تایبەت لە شارە گەورەکانیش ناکەین کە چۆن ئامووشۆیەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و بەناوی «فەرهەنگ» خەڵکی ئێران چی لێ نەهاتووە! جا ئەو کاریگەرییەش سێبەری شوومی خۆی خستۆتە سەر کوردستانەکەمان، بەو پێناسە چەتەی «فەرهەنگ» و پێشکەوتن کە لە لایەن ناوەندە پەروەردەیی و تەناهییە بێ ناوەکانی ڕێژیم کراوە، سەرجەم خەڵکی ئێران و کورد بە تایبەتی زۆر لە نەریت و دابی ڕەسەنی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە، کەسایەتییەکانی بەستێنە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگ و هونەر و مێژووی لای جیلی نوێ گرینگی پێ نادرێ و تەنانەت لە نەستی ئەو چینە تازە پێگێشتووە ڕەش بۆتەوە (چەند ساڵ پێش لە کەنالێکی لۆکاڵیی کوردستان پرسیارێک بۆ خەڵکی داندرا کە ئایا دەنگ و هونەری لاوێکی گۆرانیبێژی فارس باشتر و خۆشترە یا حەسەن زیرەک! بەداخەوە وڵامەکە بە دڵی دەستەڵاتدارانی ئەمنییەتیی تاران بوو) مەخابن لە هیندێ شارە گەورەکانی کوردستان دەبینرێ دایک و باوکان بە ناوی فەرهەنگ! لەتەک مناڵەکانیان بە فارسی دەدوێن، ئەمەیە ئەو ئاوردوویەی کۆمەڵگەی کوردی پێ دەسووتێنێ و لە شوناس و هەوێتی خۆی دووری دەکاتەوە. لەوەها ڕەوشێک دایە بێهیوایی، ئاڵۆزی و پەرێشانی بەربینگی بە خەڵک گرتووە و بێکاری و نەبوونی ئازادییەکان و چەوساندنەوەی سیستماتیک دەگەڵ ناعەداڵەتی و گەندەڵی و دزیی بەرپرسانی بالای ڕێژیم هەروەها سیاسەتی هەڵەی دەرەوەی ڕێژیم دەگەڵ بێزار بوون و ناڕەزایەتیی سەرجەم خەڵکی وەزاڵەهاتوو تێکەڵ بووە، بۆیە پێم خۆشە و ئاواتەخوازم وڵاتانی کاریگەری جیهان و مێژووش لە «وەرشۆ» جارێکی تر بڕیاری «گوادلۆپ» دووپاتە بکەنەوە.