کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانیبوون و ڕۆژهەڵاتیبوون

19:08 - 30 رێبەندان 2718

دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە پوختەی ئەزموونەکان (بەشی سێهەم) لە دوو بەشی پێشوودا، کۆمەڵێک لە دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژووی ٧٥ساڵەی حیزبی دێموکراتم باس کرد کە بریتی بوون لە :١- سەربەخۆییخوازی و دیموکراسیخوازی، ٢- سەرانسەری بوون و ناوچەیی بوون، ٣- چەپ بوون و نەتەوەیی بوون، ٤-شەڕخواز بوون یا ئاشتیخواز بوون. لەم بەشەشدا یەکێکی دیکە لە دووانە تەبا و ناتەباکانی لەم مێژوویە دەخەمە بەر سەرنج:   پێنجەم: کوردستانیبوون و ڕۆژهەڵاتیبوون کوردستان، نیشتمانی نەتەوەی کوردە بەڵام بە سەر چەند وڵاتی ناوچەدا دابەش کراوە. لە لایەکی دیکەوە کوردی هەر پارچەیەک لەو کوردستانە دابەشکراوە، لە گەڵ ئەوەی بەشێکە لە نەتەوەیەک کە لە پاڕچەکانی دیکە و لەچوارچیوەی جۆغرافیای سیاسیی دیکەدا دەژین، ناچار بووە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا کە خۆی و خاکەکەی پێوە لکێنراون، خەبات بۆ مافەکانی بکا. هەر دووی ئەم ڕاستییانە هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستادا، کاریگەریی لە سەر تێکۆشان و سیاسەتی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە بەشێکی دیکە هەبووە. چ وەک تاکێکی کورد و وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد و چ وەک هیزی سیاسی نەمانتوانیوە و ناتوانین ئەم ڕاستیە لە بیر خۆمان بەرینەوە کە سەرەرای ئەو سنوورە زۆرەملی و دەسکردانەش کە لە نێوان پارچەکانی کوردستان کێشراون، ئێمە هەر یەک نەتەوەین و ئەو دیوی سنوورەکانیش، هەر نیشتمانی نەتەوەی کوردن. ئەو چارەنووسەش کە بەسەرماندا سەپاوە، ناسروشتی و نەخوازراوە. سرووشتییە کە نەتوانین لە ئاست ئەو مەینەت و کارەساتانەی لە پارچەیەکی دیکە بە سەر بەشێک لەو نەتەوەیە دێن بێلایەن و بێتەفاوەت بین، هەر بەم جۆرەش سرووشتییە کە نەتوانین لە ئاست سەرکەوتن و پێشکەوتنی جێگە و پێگەی سیاسییان لەچوارچێوەی وڵاتی پێوەلکێنراویشیاندا، خۆشحاڵ نەبین. گومان لەوەشدا نییە کە ئارەزووی هەر ناسیۆنالیستێکی کوردە، کە ڕۆژێک هەموو بەشەکانی کوردستان یەک بگرنەوە و نەتەوەی کورد لەسەر خاکی نیشتمانێکی یەکگرتوو، سەربەخۆ بێ و خاوەنی کیانی نەتەوەیی خۆی بێت. بەڵام ئەم ڕاستییەش نکۆڵی هەڵناگرێ کە لە نێوان ئارەزوو و واقیع، مەودایەکی زۆر هەیە. سیاسەتیش لە گۆڕەپانێکی واقیعیدا شانسی سەرکەوتنی هەیە. مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە کە ئەم دابەشکرانە لەمێژینەیە (نزیکترین دابەشکردنەوەی کوردستان بۆ ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە) وای کردوە پرسی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان، لە زۆڕ ڕووەوە خسلەتێکی پارچەیی بە خۆیەوە بگرێ و ببەسترێتەوە بە هەلومەرجی سیاسیی ئەو وڵاتەی پێیەوە لکێنراوە. لە خۆڕا نییە هیزە سیاسییە کوردەکان لە هەر پارچەیەک، ڕووی خەباتەکەیان لە ڕێژیمی ئەو وڵاتەیە و، ئەو داوا و مافانەش کە خەباتیان بۆ دەکەن، پێوەندییان بەو بەشە لە کورد و  کوردستانەوە هەیە کە کەوتوونە ئەو وڵاتە. لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا قۆناغ و بڕگەی جۆراوجۆر هەن. لە هیندێک قۆناغدا، بە تایبەتی کە بزووتنەوەی کورد لە بەشێکی دیکە لە گەشانەوە و پێشکەوتن و سەرکەوتن دایە و بە پێچەوانەشەوە، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لاواز و ناکارایە، مەیلی گرنگیدان بە پرسی کورد لە بەشەکانی دیکە و خۆتەرخانکردن بۆ پشتیوانی لەوان تەنانەت تا ڕادەی بوون بە پاشکۆی ئەوان و، پشتگوێخستنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و ئەرکی خەباتکارانە لەو بەشە، هەلی بۆ هەڵ کەوتووە تا لەژێر ناوی نەتەوەیی و کوردستانیبووندا، ئاراستەی سیاسیی حیزب بگۆڕێ. لە ڕابردووی کۆندا دەکرێ سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و خۆ تەرخانکردنی شەهید عەبدوڵڵای ئیسحاقی و هاوڕێیانی بۆ خزمەتی ئەو شۆڕشە و دژایەتیی لەگەڵ تێکۆشان و چالاکیی هاوڕێیانی حیزبیی خۆی لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە پێناوی ویست و بەرژەوەندیی شۆڕش لە بەشێکی دیکە، بە نموونە بێنینەوە. لەم  دوو_سێ دەیەی دواییشدا، پێکهاتنی گۆڕانی سیاسی لە باشووری کوردستان لە دوای راپەڕین و بوونی کورد بە ئەکتەر و فاکتەرێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی ناوچە‌دا، هەر وەها ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و زەقبوونەوەی پرسی کورد لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، هەر وا کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات کاریگەرییان هەبووە لە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان، لە نێو حیزبی دیموکراتیشدا، کەسانێکیان لە ئاستی جۆراوجۆردا، بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. بە هاسانی دەتوانین بڵێین بەشێکی بەرچاو لە کادر و ئەندامانی حیزب ئەوەندەی بەدواداچوونی دەنگ و باس و کێشە و ڕووداوە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەن و، ئەوەندەی لەنێوکەشوهەوای پرسی کورد لە بەشەکانی دیکە دا؛ یەک لە دەی ئەو ڕادەیە بەرامبەر بە ئاڵوگۆرەکانی نیوخۆی ڕۆژهەڵات و ئێران هەستیار نین. کە دیارە ئەم وەزعە لەنێو ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەلاتیشدا کەم و زۆر بەدەی دەکرێ. لە چوارچێوەی ئەم باسەدا، دەبێ ئەمەش زیاد بکرێ ئەگەر جاران حیزبی دیموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکەش کە بە گوێرەی بەرنامەی سیاسی و لە کردەوەدا، «ڕۆژهەلاتی» بوون، بەڵام لە هێندێک بڕگەدا، لەژێر کاریگەریی شەپۆل و تین و تاوی سیاسیدا، زیاد لە ڕادەی پێویست دەبوونە «کوردستانی»، ئێستا هێزی سیاسیی  وەک «پژاک» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانی هەیە کە لقێکە لە بزووتنەوەیەکی سیاسیی پارچەیەکی دیکە (پ ک ک). بەم جۆرە ئەگەر جاران، پێکهێنانی هاوسەنگی لەنێوان دوو مەیلی ڕۆژهەڵاتیبوون و کوردستانیبوون، مەسەلەی نیوخۆیی حیزبی دێموکرات یا هەر هێزێکی سیاسیی دیکەی ڕۆژهەڵات بوو، ئێستا مەسەلەکە هەر تەنیا مەسەلەی نێوخۆیی حیزبێک نییە و پێویستە لە ئاستی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتیشدا ببینرێ و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. چونکە هیزێک یا چەند هێزێکی سیاسی کە ئەولەوییەتیان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ، هەر کات بەرەوڕووی هەڵبژاردنی بەرژەوەندێک یا ساخبوونەوە لە سەر دووڕێیانێک بوون، بەم هۆیەوە کە ئەولەوییەتیان ڕۆژهەڵاتە و، ئاسۆ و ڕێچکەی ڕۆیشتنیان دیارە، ساخبوونە و ڕێککەوتنیان لەسەر بڕیار، نابێتە گرێکوێرە. بەڵام کە خۆ گونجاندن و لەبەرچاوگرتنی ویست و بەرژەوەندیی هێزێکی سیاسی لە بەشێکی دیکەی کوردستان هاتە ئاراوە و، ئەم دوو بەرژەوەندە تێک گیران، ئەو کات کێشەخوڵقێن دەبێ. ئەزموونی ٧٥ساڵەی حیزبی دێموکرات لە پێکهێنانی هاوسەنگی لە بایەخدان بە هەر دوو ڕاستییە حاشالێنەکراوە کە _کە لە دەسپێکی ئەم بەشەی ئەو زنجیرە وتارەدا ئاماژەی پێ کراوە_، هەر وەها لە پێکەوە حاواندنەوەی هەر دوو مەیلی «کوردستانیبوون» و «ڕۆژهەلاتیبوون «دا، دەرسی بەنرخی تێدان کە لە مەیدانی کردەوەدا، دروستی و هەر لەو کاتەشدا کاریگەر بوونی خۆیان سەلماندووە. پوختەی ئەو ئەزموونە پێمان دەڵێ: ئێمە وەک نەتەوەی کورد بە گشتی، لەگەڵ یەک ڕێژیم و یەک وڵات تەڕەف نین، بەڵکوو لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێژیم و وڵات تەڕەفین. ڕاستە ڕێژیمەکانی هەموو ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بە سەر خۆیاندا دابەش کردووە، حەز بە ڕزگاری و سەرکەوتنی کورد لە هیچ کام لە بەشەکان ناکەن بەڵام لە پلەی یەکەمدا، ئەوان دژی ڕزگاریی کورد لە وڵاتەکەی خۆیانن. کوردی هەر پارچەیەکیش ڕاستە حەز بە ڕزگاری و سەرکەوتنی کورد لە هەموو پارچەکان دەکا، بەڵام خەبات بۆ ڕزگاریی کوردی پارچەیەکی دیکە بە ئەرکی کوردی ئەو پارچەیە دەزانێ و، خەبات بۆ ڕزگاریی خۆیشی بە ئەرکی خۆی. مادام خەبات بۆ ڕزگاریی کوردی هەر پارچەیەک لە ئەستۆی خودی خەڵکی ئەو بەشەیە، بڕیاردان لە سەر چۆنیەتیی چارەسەری ئەو پرسەش لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە، هەر لە سەڵاحییەتی نوێنەرانی خەڵکی ئەو پارچەیە و هیزە سیاسییەکانی ئەو پارچە دایە. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر وایە، هێزە سیاسییەکان و بزووتنەوەی کورد لە هەر بەشێک، ئەرکیان بەرامبەر بە پرسی کورد لە بەشەکانی دیکە چ دەبێ؟ وڵامی حیزبی دێموکرات بەم پرسیارە بە شایەدیی سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەسەردەمی کۆماری کوردستان و هەروەها بە شایەدی هەڵوێستەکانی بەرامبەربە بزووتنەوەی کورد لە باشوور، باکوور و ڕۆژاوا لە درێژایی نیوسەدەی ڕابردوودا، ئەوە بووە: دۆستایەتی، پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر بەبێ دەستێوەردان لە کاروباری بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە. هەر کاتێکیش بزووتنەوەی کورد لە بەشێکی کوردستان، پێویستی بە پێوەندیی سیاسی لەگەڵ ڕێژیم و وڵاتانی دیکەی ئەم ناوچەیە هەبوو، نابێ لە سەر حیسێبی کوردی ئەو وڵاتە و بە زیانی ئەوان بێت. ڕاستییەکی دیکەش کە واقیعیبوون و دروستیی ئەم سیاسەتەی حیزبی دێموکرات دەسەلمێنێ ئەوەیە هەتا ئێستا هیچ هێزێکی سیاسیی هیچ بەشێکی کوردستان نەهاتووە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خەبات بکا بۆ دابینبوونی مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لانیکەم بەو بیانوویە کە جارێ ئەولەوییەت بە خەبات لە بەشێکی دیکەی کوردستانە و، دوژمنی کورد لە بەشێکی دیکەی کوردستانیان، لە ڕێژیمی زەوتکەری مافەکانی کورد لە ئێران بە سەرەکیتر زانیوە، خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمەیان پشتگوێ خستووە. بەم جۆرە وزەی ئینسانی و پاڵپشتیی ماڵی و هاوکاریی جۆراوجۆری کوردی ڕۆژهەڵاتیان لە ژێر ناوی کوردستانیبووندا بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە بەڵام بە کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئامانج و پلانی سیاسیی خۆیان لە بەشێکی دیکە، نەک بۆ خەبات لە پێناوی مافەکانی کوردی ڕۆژهەڵات، بە کاریان هێناوە.