کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«شۆڕش»ی کۆمەڵایەتی و لێکەوتەکانی

19:10 - 30 رێبەندان 2718

وڵاتانی جیهان لە زۆر بارەوە لێک جیاوازن و ڕەنگە جیاوازییەکان لە کۆمەڵگەکاندا لە وێکچوونەکان زیاتر بن. جگە لە جیاوازیی کولتووری، زمانی و ڕەگەزی و چەندین جیاوازیی دیکە، ڕەنگە ئەوەی زۆر بە زەقی کۆمەڵگەکان لیک جیا بکاتەوە، ڕادەی پێشکەوتوویی ئابووری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، وەک ژێرخانی کۆمەڵگەکان و دێمۆکراسی و سیستەمی سیاسیی سالم و فەرهەنگی یەکتر قبووڵكردن وەک سەرخان لەو وڵات و کۆمەڵگەیانەدا بێ. بەو پێوەرە دەکرێ بڵێین جگە لە چەند وڵاتێکی جیهان کە لە بواری ئابوورییەوە پێش کەوتوون بەڵام دێمۆکراسی و سیستەمی ئازادی هەڵبژاردن و پلۆڕالیسمی سیاسی لەواندا زۆر جێگیر نییە، یان لەلایەن دەسەڵاتەوە دەخرینە ژێر پێ؛ زۆربەی وڵاتانی جیهان دابەش دەکرێن بە سەر دوو بەرەدا. بەرەی وڵاتانی دواکەوتوو لە باری ئابووری و سیستەمی سیاسیی دیکتاتۆڕی و داپلۆسێنەر و، وڵاتانێک کە لە بواری ئابووریدا گەشەیان سەندووە و دێمۆکراسی و پلۆڕالیسمی سیاسی لەواندا لە ئاستی پێوستدا جێگیرە و هەڵبژاردن هەیە و خەڵک دەتوانن لە ڕێگەی نوێنەر و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و یەکێتییە سینفییەکان لەسەر داهاتوو و شێوەکانی بەڕێوەبەری وڵات و ژیانی خویان بڕیار بدەن. چەمکی "شۆڕش" بە واتای ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی سیاسی و کاریگەری لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی وڵاتان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرمایەداری و پێش ئەو سەردەمە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکان سەرەڕای ئەوەی زۆر جار توانیویانە دەسەڵات و ڕێژیمە سیاسییەکان بگۆڕن، بەلام بەدەگمەن توانیویانە شویندانەر بن لەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵانی خەڵکی و ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی دابین بکەن. لە ماوەی ٢٣٠ ساڵی ڕابردوودا و لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی فەڕانسە تا ئێستا دەیان شۆڕش و سەرهەڵدان لە وڵاتانی جیهان ڕوویان داوە. هەر لە شۆڕشی بورژوادێمۆکراتیکەکانی ساڵەکانی نێوەڕاستی سەدەی ١٨ لە ئورووپاوە ڕا بگرە هاتە "کۆمۆنی پاریس" (١٨٧١) و شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران (١٢٨٥ خورشیدی) و شۆڕشی ئۆکتوبری رووسیە (١٩١٧) و پاشان لە سەدەی ٢٠ شۆڕشە "نەتەوەیی دێمۆکراتیکەکان" بە تایبەت لە پاش شەڕی جیهانیی دووهەم، سیمای سیاسی و جوغرافیایی جیهانی گۆڕی و بە دەیان وڵاتی سەربەخۆ لە جیهاندا پەیدا بوون. شک لەوەدا نییە سەرهەڵدانی هەر شۆڕشێک لە هەر کۆمەڵگەیەک دەگەڕێتەوە بۆ بەستێنی ناسالمبوونی ئەو کۆمەڵگەیە و نیشاندەری ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لە دەسەڵاتداران ‌ــ نێوخۆیی یان داگیرکەرــ لەو دۆخەی تێیدا دەژین. بەڵام یەکەم، مەرج نییە هەر شۆڕشێک سەرکەوتوو بێ و کۆمەڵانی خەڵکی بتوانن دۆخەکە بە قازانجی خۆیان بگۆڕن و دووهەم، مەرج نییە لە پاش سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە، ئامانجەکانی پاڵنەری شۆڕش وەدیهاتبن و لە درێژخایەندا پێویست بە ڕاپەڕین و شۆرشێکی دیکەی خەڵکی نەبێتەوە. هەر بۆیەش دەبینین لە وڵاتانی دواکەوتووی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتیندا شۆڕش و ڕاپەڕین بەدژی ڕێژیمە دیکتاتۆڕ و سەڕەڕۆکان بەردەوامە و، سەرکوت و جینایەت و کۆمەڵکوژی کۆمەڵانی خەڵکیش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە درێژەی هەیە. بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی دێمۆکڕات و پێشکەوتوودا بەو هۆیە کە دێمۆکڕاسی نەهادینە و سەقامگیرکراوە و فەرهەنگی دژبەر قەبووڵکردن لە چواچێوەی یاسا و کۆمەڵدا پارێزراوە و هەڵبژاردنی دێمۆکراتیک و دەستاودەست کردنی دەسەڵات لەلایەن خەڵک و نوێنەرانیانەوە کێشەی لەسەر نییە، چەمکی"شۆڕش" بەمانای ڕاپەڕینی جەماوەری بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی، یان توندوتیژیی دەسەڵات و دەوڵەت لەبەرانبەر ویستی خەڵک و پێداگری نادێمۆکڕاتیک لەسەر مانەوە لە دەسەڵاتدا لەئارادا نییە. لەو وڵاتانە یاسا باڵادەستە و حیزب و ڕێکخراوەکان لە ڕێی دەنگی خەڵکی بەدەسەڵات دەگەن و بەرنامەکانی خۆیان دەچەسپێنن و ئەگەر کەمووکوورییەکیش لە سیستەمدا هەبێ لە ڕێگەی چاکسازی و  ڕێفۆرمەوە چارەسەری دەکەن. ئەو وڵاتانە لەمێژ ساڵە قۆناغی شۆڕشە دێمۆکڕاتیکەکانیان تێپەڕکردووە و لە ڕاستیدا تەواوی ئەو ماف و ئازادی و بەها مرۆییانەی کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتوون، دەسکەوتی ڕاستەوخۆی ئەو شۆڕشە مەزنانە بوون کە لەو وڵاتانەدا کرابوون و بەرهەمی خەباتی ژنان و کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتانەن کە بۆ ئێمە وەک مرۆڤەکان بەجێ ماون. بە واتایەکی دیکە ئەوەی ئێمە لە ولاتە دواکەوتووە دیکتاتۆڕییەکاندا داوایان دەکەین و خەباتی بۆ دەکەین و لەسەر ئەو داوایە سەرکوت دەکرێن، لە ولاتە پێشکەوتووکاندا دەیان ساڵە بەکردەوە جێگیر بووە و بووەتە کولتووری کۆمەڵایەتی. لەبەرانبەردا دەبینین لە وڵاتانی دواکەوتوو نەک هەر سەرکوت و لەژێرپێنانی ماف و ئازادییەکان بەردەوامن و کۆمەڵانی خەڵکی دەچەوسێنەوە، بەڵکوو دەسەڵاتداران تەنانەت ملکەچی یاساکانی خۆیان نابن و لەژێر پێی دەنێن. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا دەسەڵات ئاوێتەی ئیدئۆلۆژیی کراوە و بەربەرەکانی و دژایەتی لەگەڵ دەسەلاتداران بەمانای دژایەتی لەگەڵ ئیدئۆلۆژیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەیە و بە توندترین شێوەکان نەیاران سزا دەدرێن. جگە لەوەش ئەو دەسەڵاتدارانە بەو هۆیەی سەرەوە واتە تێکەڵکردنی دەسەڵات لەگەڵ بۆچوونێکی "بەستوو و نەگۆڕ" "زەرفییەتی گۆرانیان تێدا نییە و ناتوانن خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم، وەک ئەو ماف و ئازادییانەی ‌ــ تەنانەت ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان‌ــ لەیاسا نیودەوڵەتییەکاندا هاتوون، بگونجێنن. هەر بۆیەش ئەو سیستمە سەرەڕۆ و تۆتالیتێرانە لە بری چاکسازی و ڕێفۆرم لە شێوەی دەسەڵاتداری، تەنانەت بۆ مانەوەی خۆیان لەدەسەڵاتدا، ڕوو لە بەستراوەیی زیاتر و هێزی سەربازی بۆ سەرکوت و لەنێوبردنی نەیارانی خۆیان و ترس و تۆقاندنی کۆمەڵانی خەڵکی دەکەن. ئەوەش لە راستیدا دەبێتە هەوێنی شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەری. چەمکی "شوڕش" و ڕاپەڕینی جەماوەری هەمیشە ڕێڕەوێکی باش بۆ دەربازبوون لە مەینەتی کۆمەڵانی خەڵکی و دابینکردنی ماف و ئازادییەکان نەبووە و مێژوو نیشانی داوە دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە ڕێگای توندوتیژی و شۆڕش و هێز هەمیشە زامنی پاراستی دێمۆکڕاسی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش نەبوو. شۆرشی سۆسیالیستیی رووسیە لە ساڵی ١٩١٧، شۆڕشی چین لە ساڵی ١٩٤٩، شۆرشی کووبا لە ساڵی ١٩٥٩ و تەنانەت شۆڕشی ١٣٥٧ی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە بەداخەوە بوو بە هۆی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی دواکەوتوو و دژی گەلی کۆماری ئیسلامی و بەهاری عەڕەبی کە بوو بە دۆزەخ بۆ خەڵکی بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی چەند نموونەیەکی بەرچاون لەو تراژێدییانە. لەبەرانبەردا لە چەند وڵاتێکی ئورووپا و ناوچەی قەوقاز دەبینین "شۆڕش" بەشێوەی نەرم و نیان (مەخمەلی) دەکرێ و کۆمەڵانی خەڵکی و حیزب و ڕێکخراوەکان بە هاتنە سەرشەقامەکان، دەسەڵاتداران ناچار بە پاشەکشە دەکەن و دەوڵەت و نیزام دەستاودەست دەکرێ. چەمکی شۆڕش ئەگەر لێکەوتەی نێگەتیڤشی هەبێ ئەو لێکەوتانە لەلایەک لە ڕەوابوونی کەم ناکاتەوە و نابێتە هۆی ژێر پرسیار کەوتنی، چونکە ناکرێ چاوەڕوان بین کۆمەڵانی خەڵکی لە ترسی لێکەوتەکانی شۆڕش و راپەڕین هەمیشە وەک کۆیلە و ژێردەستە بمێننەوە و لەلایەکی دیکەش ئەوە دەسەڵاتدارانن بە پێداگریی خۆیان لەسەر سیاسەتە هەڵەکانیان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و لەژێرپێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی و پەرەپێدانی هەژاری و بێکاری و برسییەتی و بەگشتی ئەو نەهامەتییانەی بەرۆکی چین و توێژەکانی خەڵکی دەگرن هیج دەرەتان و مەجالێکیان بۆ کۆمەلانی نارازیی خەڵکی ناهێڵنەوە کە ناچار بە شۆڕش و دەرئەنجامەکانی نەبن. هەربۆیەش شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بۆ گۆڕینی دۆخی ژیردەستەیی و ڕاماڵینی ڕێژیمە سەرەڕۆکان ڕەوایە و دەبێ بکڕێ. ئێرانی ئێستای ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەماوەی نۆ دەیەی ڕابردوودا و لە دوای دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێڕن لەگەڵ دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆدا بەرەوڕوو بووە. ڕێژیمی بنەماڵەی پەهلەوی لە ماوەی ٥٠ ساڵدا سەرەڕای پۆشینی بەرگی پێشکەوتنخوازی و ڕواڵەتی ڕۆژاوایی و مۆدێرن، بە سیاسەتی سەرکوت و لەژێرپێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران، بەستێنی ڕووخانی نیزامەکەی خۆی خۆش کرد و هەروەک دیتمان لەماوەیەکی کورتی کەمتر لە ساڵێک و لەگەڵ ڕاپەڕینی کۆمەڵانی هەڕاوی خەڵکی ئێران ڕووخا. ڕەنگە ئەگەر ڕێژیمی پاشایەتی تا ڕادەیەک ماف و ئازادییەکانی گەڵانی ئێران، یەک لەوان گەلی کوردی دابین کردبا و بە شێوەیەک دەرکی بە راستییەکانی کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێران کردبا و لە دەلاقەی ڕێفۆرم و چاکسازییەو ڕوانیبایە کەموکوورییەکان، ڕەنگە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەرەو ڕاپەڕین و شۆڕش نەچووبان و ئەوەی بەسەر ئێران داهاتووە ڕووی نەدابا. ئێستا چوار دەیە دەسەڵاتی ڕەش، تاوانبار و لەڕادەبەدەر سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامیش نیشانی داوە، لەلایەک ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە هیچ زەرفییەتێکی بۆ چاکسازی و ڕێفۆرم تێدا نییە و نابێ چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی پۆزێتیڤی لێ بکەین و لەلایەکی دیکەش کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا بە سیاسەتە دژی گەلی و ناکارامەکانی خۆی هەموو بەستێنەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ... بۆ سەرهەڵدانی "شۆڕش" بەمانای ڕاستەقینەی وشەکە پێک هێناوە. هەربۆیەش بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و ئەو ئەگەرانەی لەبەردەم دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها گەلانی ئێران دایە، "شۆڕش"ی جەماوەری و ڕاپەڕین لەئەگەرە بەهێزەکانە و شیمانە دەکرێ ئەو جارە و پاش چوار دەیە دەسەڵاتداری ئاخوندەکان، ئەو ڕێژیمە لەبەرانبەر تەوژمی ڕق و تووڕەیی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران و بەگشتی هەموو کۆمەلانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران خۆڕانەگرێ و داڕمێ.