کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەقای خەڵک و بەقای کۆماری ئیسلامی

19:13 - 30 رێبەندان 2718

تەنیا کەمتر لە چەند ساڵ دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لانیکەم هەشتا لەسەدی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بە هەموو پێکهاتەیەکی سیاسی، نەتەوەیی و مەزهەبییەوە کە ڕۆڵی بەرچاویان لە دژایەتی و ڕووخاندنی ڕێژیمی پێشوو و سەرکەوتنی «ئینقلاب»دا هەبوو، هاتنە سەر ئەو باوەڕەی کە «ئامانجەکانی ئینقلابی خەڵکی ئێران» لەبار براوە و «ڕێژیمێکی دینیی سەرەڕۆ» جێی ڕێژیمی پێشووی گرتۆتەوە. خەڵکی ئازادیخوازی ئێران کە بە هیوا و گەشبینییەوە دەیانڕوانییە داهاتووی وڵاتەکەیان، زۆری نەبرد بە تەواوەتی هەستیان بە بەرتەسکردنەوەی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد و هیوا و گەشبینی بە داهاتوو، جێی خۆی بە بێهیوایی و کردەپەشیمانی دا. بۆیە هێز و ڕەوتە سیاسییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر دژ بە نیزامی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو خەبات و تێکۆشانیان ڕاگەیاند. وڵاتانی ڕۆژاوایی و لەسەرووی هەمووانەوە ئامریکاش کە ڕۆڵی بەرچاویان لە ئاڕاستەکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە مانگ و ڕۆژەکانی کۆتایی تەمەنی ڕێژیمی پاشایەتی و بەدەسەڵاتگەیشتنی «مەزهەبییەکان» و ئایەتوڵڵا خومەینیدا هەبوو، هەر زوو هەستیان بەوەکرد کە گرەوەکەیان دۆڕاندوە و ئەوەی لە تاران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست نابێتە ئەوەی بەرانبەر بە سیاسەتی دووجەمسەری چاوەڕوانیان لێ دەکرد. هەر بۆیە _هەرچەند نەرمتر لەوەی پێیان دەکرا بە هۆی پرسی بارمتەگیرییەکە_هەوڵیان دا هەڵەکانی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتنە بەرەیەکەوە. کەوابوو هەر لە سەرەتاوە وێڕای تێگەیشتنێکی درووست لە کۆنەپەرەستبوون، دژیگەلییبوون، سەرەڕۆیی و جەنایەتکاربوون و تێرۆریستبوونی ئەم ڕێژیمە، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا لە دژی هەڵوێست هەبووە و خەبات کراوە. بە درێژایی ئەم چوار دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کە هێز و لایەن و ڕەوتە سیاسییەکان بن، بەگشتی لە پێناو نەمانی ئەم نیزامەدا بە دەیان هەزار قوربانییان داوە و زۆر جاریش زەبری قورسیان لە پەیکەری ئەم ڕێژیمە وەشاندووە. هەروەها ئەم ڕێژیمە لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا بە دەیان جار تووشی قەیرانی جۆراوجۆری نێوخۆیی و دەرەکیی جۆراوجۆر هاتووە کە زۆر جاریش تا لێوارەکانی نەمانی بردووە؛ بەڵام وەک دیتمان لە ٢٢ی رێبەندانی ئەمساڵدا جێژنی ٤٠ ساڵەی تەمەنی خۆی گرت و ئەوەی ئامانجی ئەم وتارەیە ئاماژەدانێکی سەرپێیە بەو هۆکارانەی کە کاریگەریی بەهێزیان لەسەر مانەوەی ئەم ڕێژیمە هەبووە و هەیە.   شەڕی عێراق و ئێران شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بۆ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەعبیری خۆشیان «نێعمەتێکی خودایی» بوو. ڕێژیم لەژێر پۆششی ئەم شەڕەدا و بە پاساوی وەمەترسی کەوتنی «ئێران» و «ئیسلام» کە لەنێو خەڵکدا ئامیان و جەوهەری غرووری ئەوکاتی زۆربەی خەڵکی ئیمانداری وڵات بوو، توانی زۆر بە ئاسانی و بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە کردەوەیەکی دڕندانە، دژبەرانی خۆی سەرکوت بکا. هێرشی دژیگەلییانە بۆ سەر بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان، تێرۆری ڕێبەرانی لێهاتوو و خاوەن نفووزی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و ڕەشبگیری و بەبێ‌ دادگاییکردن کۆمەڵکووژیی زیندانیانی سیاسی توانرا زۆر بە ئاسانی لەژێر هێژموونیی فەزای شەڕدا پاساو بدرێ. تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بەرپرسانی ئەمنیەتی، سەربازی، سیاسی و عەقیدەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران باوەڕیان وایە کە ئەم شەڕە بۆ ئەوان «نێعمەت»ێک بوو کە ئەگەر نەبا، نیزامەکەیان نەیدەتوانی سەقامگیر بێت و هەر زوو تووشی کێشە و تەنانەت نەمان دەبوو.   لاوازبوونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەیەی حەفتای هەتاویدا بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چ لە ڕووی مەیدانداری و چ لە ڕووی ڕێکار و هەڵوێستی سیاسیی و پێگەی جەماوەرییەوە لە پاشەکشەیەکی زۆر سەیر دایە. ڕێبەرانیان لەلایەن دەزگای تێرۆر و سەرکوتی ڕێژیمەوە حەزف کراون، لە ڕووی دەرون تەشکیلاتییەوە تووشی ناکۆکی و لێکدابڕان و پارچەپارچەبوون هاتوون و بەگشتی وەک پێویست نە دەتوانن ڕێبەرایەتی و مودیرییەتی ناڕەزایەتییەکان بکەن و نە دەرکێکی دروست و واقعیشیان بۆ شەرایەتی سیاسیی نێوخۆی وڵات هەیە. لەم پێوەندییەدا کوردەکان (حیزبەکان، بەتایبەت دوو ڕەوتی دێموکرات و کۆمەڵە) تا ڕادەیەکی زۆر بەرچاو سەرەڕای تێرۆری ڕێبەرانیان و دوورکەوتنەوەی مەیدانیان لە ژینگەی تێکۆشان و چالاکیی خۆیان، توانیویانە  پێگەی جەماوەری و سیاسیی خۆیان بپارێزن؛ بەڵام لەسەر ئاستی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دۆخەکە زۆر جیاوازە. لە نیوەی کۆتاییەکانی دەیەی هەتاویدا ناکۆکییەکانی نێو دەزگای حاکمییەت لە ڕووی ڕوانین و شێوەی بەڕێوەبەریی وڵاتەوە قۆناغێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە کە تا ڕادەیەکی بەرچاو دەتوانێ ڕەوتێکی بەرین لە گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی نێو ناخی کۆمەڵگەی ئێران بۆلای خۆی ڕابکێشێ. «ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی» و هاتنەسەرکاری سەید محەممەد خاتەمی وەک سەرکۆمار، تا ڕادەیەکی بەرچاو و ئاشکرا، نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بە دوو شەقەوە. هەر ئەم دووکەرتبوونە کە تا ئەم چەند ساڵەی کۆتاییشی لەگەڵ بێت لە دەرفەت و مەجالە سیاسییەکاندا هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دەچوونە پێش، لەلایەک هیوای بە گۆڕان لە نیزامی سیاسی لەنێو خەڵکی ئێراندا بەهێز کرد کە لە گوتاری ڕووخان دوور بکەونەوە و، لە لایەکی دیکەش مەیدانی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە بەرتەسک کردبۆوە. لەم قۆناغەدا کە زیاتر لە دەیەیەکی کێشا، عەمەلەن گوتاری «ڕووخانی ڕێژیم» کەمڕەنگ و لەپەراوێزدا بوو.   کاریگەرییەکانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵک دژ بە ئاکامی دەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە مانگەکانی سەرماوەز و بەفرانباری ٨٨ی هەتاوی دەسپێکی قۆناغێکی دیکە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. خەڵکی ناڕازی و تووڕە لە هەڵوێستی دەزگای حاکمییەت، بە ڕژانە سەر شەقامەکان سەرەتا بە درووشمی «کوا دەنگەکانمان» دەستیان پێکرد، بەڵام بەرەبەرە درووشمەکان ڕادیکاڵ بوونەوە و ئەمجارەیان هەرە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵات، واتە عەلی خامنەیی کرایە ئامانج و «مەرگ بۆ دیکتاتۆر»  و «مەرگ بۆ سەید عەلی» بەرزکرایەوە. بە دوای ئەم ڕووداوانە و لە بەهاری ١٣٨٩ی هەتاویدا، لە بەشێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا وەک؛ میسر، تونس و لیبی لە ئاکامی شۆڕش و سەرهەڵدانی خەڵکی ئەم وڵاتانەدا ڕێژیمەکان ڕووخان و بارودۆخێکی تایبەتی هاتە ئاراوە. ئەم گۆڕانکاریانە کە بە «بەهاری عەرەبی»! ناوی دەرکرد و دواتر وڵاتی سووریەشی گرتەوە، کاریگەیی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەفتاری خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازیی ئێران دانا. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی کە پێیان وابوو ڕووداوەکانی باکووری ئافریقا و ئەم شۆڕشانە دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دابنێ و لە کۆتاییدا نیزام تووشی پاشەکشە و شکست بکا، بەداخەوە ئاکامی پڕ لە بشێوی، وێرانی، دەربەدەری و کوشتاری بەسەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتانە و زۆر دەرئەنجامی دیکەی چاوەڕواننەکراوی نەرێنی کە ئەم وڵاتانەیان تووشی ناسەقامگیری و وێرانی کرد، خەڵکی ئێرانی لە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵات خاو کردوە. بەتایبەت دۆخی سووریە کە بەتەواوەتی کۆمەڵگەی جیهانیی هەژاند و سەدان هەزار خەڵکی جۆراوجۆری ئەم وڵاتە کە زۆربەیان ژن و منداڵی بێتاوان بوو و هەروەها چەند میلیۆن کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە ئاوارەی وڵاتان بوون و وڵاتەکەیان تووشی وێرانی هات، بە ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر ڕەفتاری خەڵکی ئێران دانا و ناچار بە پاشەکشەی کردن کە خودی ئەم حاڵەتە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە پرسی «هەزینە» لە ڕەفتاری تاکی ئێرانییەوە هەیە کە کۆمەڵناسان باسی زۆریان لەسەر کردوە.   کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەڵوێستی دەوڵەتان کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای باوەڕ و سیاسەتی «هەناردەکردنی شۆرش» بۆ دەروەی سنوورەکانی خۆی، هەوڵی داوە بە پشتیوانی و هاوکاریکردنی تاقم و گرووپ و دەسەڵاتە توندڕەوەکانی ناوچەکە و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، وێڕای هەوڵدان بۆ نائەمنکردنی ناوچەکە، کۆمەڵە کارتێک بە مەبەستی کایەی سیاسی و مانۆڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی، بۆخۆی دەستەبەر بکا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە ئەم هەڵوێست و سیاسەتانەی ئێرانی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و ئەمنیەتی جیهانی ناو بردووە و وڵاتان بۆ پاشەکشەپێکردنی گوشاری جۆراوجۆری سیاسی و ئابوورییان خستۆتە سەر. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمریکا کە بەردەوام ئیدیعای ڕاوەستان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئێران دەکەن، نەتەنیا تا ئێستا بە قازانجی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران نەجووڵاونەتەوە، بەڵکو هەوڵەکانیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قازانجی بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی کردووە. لانیکەم لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو ئەوەی زلهێزەکان لە ناوچەکە و دەورووبەری ئێران هەوڵی گۆڕانکارییان لە نیزامی سیاسیی وڵاتاندا داوە، بە جۆرێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی قازانجی لێ کردوە؛ لابردنی ڕێژیمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق و لاوازکردنی بەرەی پۆزیسیۆنی ئێرانی و کردنەوەی مەیدان بۆ دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان، نموونەی بەرچاوی ئەم سیاسەتانەن، وەک بڵێی ئەمریکا بۆ زۆر لە کایە سیاسی و مامەڵە ئابوورییەکانی پێویستیی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ. لە کۆتاییدا ئەوەی ئێستا زیاتر لە هەموو ئەم هۆکارانە و کۆمەڵە هۆکارێکی دیکە کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ساختار و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی ئێران، کاریگەریی خۆی هەیە و تا ڕادەیەک بە قازانجی مانەوەی ئەم ڕێژیمە خەریکە تەواو دەبێ، ئەوە واقعیەتێکە؛ ئەمڕۆژانە خەڵکی ئێران لە درێژەی ناڕەزایەتییەکی بەربەرینی جەماوەریدا، بە تەواوەتی لەسەر ئەوە ساغ بۆنەتەوە کە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تێپەڕیون و ئەم نیزامەیان ناوێ. بەڵام ئەوەی دووای ئەمە دێت و کەمایەسییەکی گەورەیە، ئەوەیە کە هەر ئەم خەڵکە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ناوێ، ماونەتەوە کە ئەی دوای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئیدارەکردنەوەی وڵات پشت بە کێ و چ لایەنێک ببەستن؟! لە ڕاستیدا پرسی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تا ئێستاش دیار نیە، کەمایەسییەکی بەرچاوی بزووتنەوەی خەڵکی ئێران و خاڵێکی بەهێزی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئێران، عەقڵییەت و خوێندنەوەی خەڵکی ئێران لە ئێستادا بۆ «هەزینە» و «دەسکەوت»، پێگەی ئەم وڵاتە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وڵاتان، کاریگەریی مەزهەب  و ترسی ئەقڵیەتی ناوەندگەرای ئێرانی لە بوونی پێکهاتەی جۆراوجۆری نەتەوەیی و وە مەترسیکەوتنی «تەواویەتی ئەرزیی خاکی ئێران»، نایەکگرتووی هێزەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، زۆری و جۆراوجۆریی ئەو کارتە سەربازی و سیاسییانەی کە ڕێژیم بە قازانجی مانەوەی خۆی لە ناوچەکە سازی کردوون و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، هەر هەموویان هۆکارن لە مانەوەی ئەم ڕێژیمەدا.