کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوەی کورد و چارەنووسی فاشیزمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا

19:26 - 30 رێبەندان 2718

بزووتنەوە نەتەوەیی و پیشەییەکانی گەلانی ئێران پاش چل ساڵ وێرانکەریی ڕێژیمی بناژۆخوازی ئیسلامی_شیعەی تاران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکەونە ڕۆژەڤی باسوخواسی سیاسی و ئابووریی دنیاوە. هەڵبەت لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بەردەوام باسی وێرانکەریی ئەو ڕێژیمە لە ئارادا بووە؛ ئەزموونی تاکەکەسیی ڕووناکبیران و دێموکراسیخوازانی فارس و غەیری فارسی ئێران و ئەزموونی بەکۆمەڵی گەلانی ژێردەستی ئێران، لە سەرووی هەموویانەوە گەلی کورد، خەریکە دەبێتە ئەزموونێکی بەکۆمەڵی سەرلەبەری خەڵکی ئێران و لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران لێیان ڕوون بووەتەوە کە ئەو ڕێژیمەی خەریکە سەری ئێران بەفەتەڕات دەدا، نەک هەر ئازادییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵ و پیشەییەکانی خەڵکی ئێران پێشێل دەکا، بەڵکە خەریکە خاک و ئاوی ئێران لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا لەنێو دەچێ. سەرباری ئەوەش، تاکوو ئێستا هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵکی ئێران لە لایەن ڕێژیمەوە بەتوندی سەرکوت کراوە. هەرچەند سەرکوت هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەو ڕێژیمەوە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا هەمەگیر بووە، بەڵام پاش پەسندکرانی قانوونی بنەڕەتیی ڕێژیم و پێکهاتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاڵپشت و پشتیوانیی قانوونی بۆ سەرکوتکەرییەکانی ڕێژیم پەیدا بوو. سەرکوتکەریی ڕێژیمی بناژۆخوای ئیسلامیی تاران بە پشتیوانیی قانوون چل ساڵی پێ چوو تاکوو پایەی بناژۆخوازانەی ڕێژیم کە خۆی لەسەر بناغەی ئابووریی ئێران، لە سەرووی هەموو شتێکەوە داهاتەکانی نەوت قایم کردبوو، بنکۆڵ بێ و ئەو پارەیەی لەو سۆنگەیەوە بە دەمارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا دەگەڕا بەرەبەرە بەرەو وشکبوون بچێ. وشکبوونی گەڕی پارەی نێو دەمارەکانی ڕێژیم، بەتایبەتی پاش ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی ئابووری خرایە سەر ئابووریی ئێران، بەتایبەتی فرۆشتنی نەوت، زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەی ئێران بە چاوی خۆیان دیتیان و بە گۆشت و پێستی خۆیان ئەو ڕاستییەیان ئەزموو، کە گرووپێک کاهینی ڕیاباز و دووڕووی دینی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا هەرچیی خێروبێری ئەو وڵاتەیە هەڵیانلووشیوە. بۆیە لە ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکەی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦دا زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران بە شێوەی هاوکات دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. هەرچەند هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم هەوڵی دا بە کوشتنی دەیان کەس و گرتن و دەستبەسەرکردنی هەزاران کەس ڕەوتی ئەو ڕاپەڕینە خاو بکاتەوە، بەڵام ئەم جارەیان نەیتوانی بە یەکجاری دایمرکێنێتەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی و بەتایبەت دژایەتیی ڕێژیم لە لایەن گرووپە پیشەییەکانی وەکوو کرێکاران و مامۆستایان و بازاڕیان و گەلانی ئێرانەوە نەبڕایەوە و بەردەوام بوو. ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی تاران ڕەوتی بناژۆخوازیی ئیسلامی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تووشی ڕیسوایی کرد و هاوشێوەی کۆمۆنیزم و فاشیزم لە ئورووپای سەدەی بیستەمدا، بناژۆخوازی و تێرۆریزمی ئیسلامیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سەدەی بیستویەکەمدا بەرەو ئاوابوون و لەنێوچوون دەچێ. ئەگەرچی دژایەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە لە نێو تاکوتەرای خەڵکی ئێراندا هەبوو، بەڵام لە نێو گەلی کورددا زۆر بەهێز و هەمەکی بوو. چونکە گەلی کورد وەکوو باقیی خەڵکی ئێران کێشەی بەدیلی پاش ئەو ڕێژیمەی نەبوو، گەلی کورد باوەڕی بە دێموکراسی و ئازادی و سەربەخۆیی گەلانی ئێران هەیە و ئێستاش لەو پێناوەدا لە هەمووان شێلگیرتر خەبات دەکا، بۆیە بانگەشەی ژەهراویی خوازیارانی بەردەوامیی ڕێژیمی بناژۆخوازی ئیسلامی (ڕیفۆرمخوازان) بە ناوی دێموکراسییەوە هەرگیز نەیتوانی واتای چەمکی دێموکراسی و دەسەڵاتی تاک و گەلانی ئێران لە بیری گەلی کورددا بشێوێنێ. ئێستا گەلی کورد، سەرباری هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمی خەباتەکەی، تاکە گەلی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە بۆ دێموکراسی و ئازادیی مرۆڤ، بەدەر لە هەرچەشنە بناژۆخوازییەکی دینی و غەیری دینی خەبات دەکا و ئەزموونی سەرکەوتووی فەرمانڕەوایی هەرێمی باشووری کوردستان و جەنگی دلێرانەی پێشمەرگە و شەڕڤانی کورد لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە بەرامبەر دڕندەترین جیهادکەرانی بناژۆخوازی ئیسلامیدا، بە دنیای نیشان دا، کە تاکە هومێدی لەنێوبردنی فاشیزمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەر گەلی کوردە. چونکە ئەزموونی فەرمانڕەواییی ناوچە ئازادەکانی کوردستان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلانی دنیای لەوە دڵنیا کردووەتەوە، نەتەوەی کورد تاکە نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە باوەڕی بە دێموکراسی و ئازادیی مرۆڤ هەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەموو بیروباوەڕێکی جیاواز هەڵ بکا، چونکە نەتەوەیەکی ڕەسەنە و خاوەنی شارستانییەتێکی هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆیەتی؛ نە خاکی هیچ نەتەوەیەکی داگیر کردووە و نە بوون و مانەوەی خۆیشی بە نەبوون و لەنێوچوونی گەلانی دیکەوە دەبەستێتەوە.