کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکۆلا باورز: ڕێژیمی ئێران نە دەوام دێنێ و نە ئاڵوگۆڕی تێدا پێکدێ

01:21 - 1 رەشەمه 2718

نیکۆلا باورز مافناس، نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگی فەڕانسەوی، لە بابەتێکدا لە ڕۆژنامەی "فیگارۆ"دا کە بەبۆنەی چلەمین ساڵوەگەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نە دەوام دێنی و نە ئاڵوگۆری تێدا پێکدێ. ناوبراو لە سەر ئەو باوەڕەیە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر شتیک گەیشتۆتە بن بەستی سیاسی. ناوبراو لە وتارەکەی دا دەنووسێ: داگیرکردنی عێراق لە لایەن سپای ئەمریکا و دواتر سەرهەڵدانی داعش، بۆ ماوەیەک یارمەتی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کۆماری ئیسلامی تێچوویەکی گەورەی بۆ ڕیژیم و بەتایبەتی خەڵکی ئێران بەدواوە بوو. نیکۆلای لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێ: هەموو تواناکانی ئێران بۆ گەشەی ئابووریی لەناوخۆدا لەناوچوون کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆریی داهاتی نەوت کە ئەویش لە لایەن ئاخوندەکان و سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، گەندەڵی وڵاتی داگرتوە و زیانیکی گەورەش بەر ژینگەی ئێران کەوتوە کە ئەوە هەموو تواناکانی بۆ دەرچوون لەو بن بەستە لە ناوبردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە گەمارۆکانی ئەمریکا ئاخیرین تیری خەلاسی لە تواناکانی ئێران داوە. "باورز" نووسیویەتی کە داهاتی بەرهەمی پوختەنەکراو( ناخالص)ی ئێران لە کاتی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ٥٠ لە سەد لە خوار بەرهەمی ناخالسی تورکیەیە کە لە سەرەتای ئینقلابی ئێراندا ٢٦ لە سەد لە پێش تورکیەوە بوو. هەروەها ئابووریی کۆریای باکۆوور ١٤ بەرابەری ئابووریی ئێرانە لە کاتێکدا کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی، ئابووریی ئێران ٣٩ بەرابەری ئابووری کۆریا بوو. نیکۆلای دەنووسێ: هەژاری لە ئێراندا لە پەرەسەندن دایە، ٤٠ لە سەدی خەڵکی ئێران ڕۆژانە بە ١٠ دۆلار ژیان بەسەر دەبەن. یەک لە سەر پێنجی خەڵکی ئێران بێکارن و بێکاری ٥٠ لە سەدی لاوەکان دەگرێتەوە کە لە ئاکامدا ساڵانە ١٢٥ هەزار دیپڵۆم وڵاتی ئێران بەجێدیڵن. داڕمانی ئابووریی و هەژاریی هۆی سەرەکی ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی و مانگرتنە یەک لە دوای یەکەکانی ئێرانن. بە وتەی ناوبراو بەشە جۆراوجۆرەکانی چین و توێژەکانی ئێران بە ناڕەزایەتیەکانەوە زیاد دەبن، بەشێکی بەرچاوی خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو دۆخە نالەبارە دینی خۆیان گۆڕیوە و چوونە سەر ئایینی زەرتوشتی. نیکۆلای باورز لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێ: ئیدئۆلۆژی ئینقلابی ئیسلامی مردووە و تەنیا بە سەرکوت و بێزاریی لە ئەمریکا درێژە بە مانەوەی خۆی دەدا. لە کۆتاییدا ئینقلابی ئێران بنبەستی ئیسلامی سیاسی پشتراست دەکاتەوە. ڕێژیمی ئیسلامی کە بەرهەمی ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانە، ئاخوندەکانی دەوڵەمەند و خەڵکیشی تووشی هەژاری کردووە. ناوبراو دەنووسێ" بردنەسەری بوودجەی سەربازیی ئێران بۆ ١٦ میلیارد دۆلار نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران خەریکی پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیەتی لە ناوچەکەدا. نیکۆلای لە کۆتایی دا دەنووسێ: ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەروەک شوورەوی لە کۆتاییدا نە دەگۆڕێ و نە دەوام دێنێ.