کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ترامپ و رووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی

05:48 - 1 رەشەمه 2718

سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ چاوەڕواننەکراو و بۆ زۆر کەس جێی سەرسوڕمان بوو. بەپێی ئامارەکانی ناوەندەکانی توێژینەوە و راپڕسی دەبوو رێژەی دەنگەکانی هیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترامپ جیاوازێکی زۆریان هەبا و بەو پێیە بەربژێری دێموکراتەکان براوەی هەڵبژاردنەکان با. هەر ئەوەش وایکردبوو کە کلینتۆن بە دڵنیابوون لە سەرکەوتنی خۆی سیاسەت و پلان و بەرنامەکانی حکومەتی داهاتوورابگەیەنێت و تەنانەت پۆستە سەرەکییەکانیش پڕ بکاتەوە. ئەو بابەتە بۆ ترامپ نامۆ بوو. ئەو هێشتا باوەڕی نەدەکرد کە سەرکەوتووی رکەبەرییەکە بێ و بەو پێیە نە ستراتێژی‌یەکی دیاری هەبوو و نە کەسیشی بۆ پۆستێک بەربژێر کردبوو، جگە لە جێگری سەرۆک کۆمار کە بە پێی یاسا و نەریت هەر دەبێت لە سەرەتاوە بەربژێر بکرێت. ترامپ و تیمەکەی لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن زیاتر کاریان لەسەر رەتکردنەوەی سیاسەت و بەرنامەکانی کلینتۆن و حکومەتی ئەو کات دەکرد و کەمتر پلان و بەرنامەیەکی دیاری‌کراویان دەخستەڕوو. بەڵام بەو حاڵەش، ترامپ له هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی بەدەست‌هێنا و وەک چل و پێنجەمین سەرۆک کۆماری بەهێزترین وڵاتی جیهان دەست‌بەکار بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان بەهێزترین وڵاتی جیهانه. تێچووی نیزامی ئەو وڵاتە زیاتر لە ٤٠ دەرسەدی تێکڕای تێچووی نیزامی هەموو وڵاتانی جیهانه و جگە لەوە زیاتر لە ٢٢ دەرسەدی بەرهەمی ناپاڵاوتەی جیهانی لەو وڵاتە بەرهەم دێت. ئەمریکا ٢٥ دەرسەدی تێچووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین دەکات، یارمەتی ماڵی ناتۆ دەدات و خاوەنی زیاتر لە ٥٠ دەرسەدی پشکەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهانە. بەگوێڕەی بڕگەی ٢ی یاسای بنەڕەتی وڵاتە یەکگرتووەکان، سەرۆک کۆمار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سێنا و کۆنگرە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکانە. بەو پێیە روانین و سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا تەواو کاریگەری لەسەر رەوشی نێودەوڵەتی دادەنێت.سەرۆک کۆماری ئەو جارە دیاردەیەکی نوێ لە پێکهاتەی سیاسی ئەمریکا بوو. ئەو خاوەن کەسایەتییەکی سەرەڕۆ، دژه ژن، خۆبەزلزان، رەگەزپەرەست، دەوڵەمەند و زۆر سەرکەوتوو لە بەستێنی ئابووری‌یە. ترامپ بەبێ ئەوەی کە هیچ پێشینەیەکی لە کاری دەوڵەتی و حکومەتی‌دا هەبووبێ، بەشداری لە هەڵبژاردن کرد و سەرەڕای دژایەتی لەگەڵ کۆی پێکهاتەی سیاسی ئەمریکا، سەرکەوتنی بەدەست‌هێنا. ترامپ بەو شێوە کە نیشانی دەدات، نە گرنگی بە پێکهاتەی سیاسی ئەمریکا دەدات و نە پرەنسیپە باوەکان رەچاو دەگرێت. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە سیستمی سیاسی ئەمریکا لەسەر بنەمای «کۆنترۆڵ و هاوسەنگی» دامەزراوە. ئەو ئەسلە لەنێوان دامەزراوەکانی دەسەڵات لە ئاستە جیاوازەکان رێکخراوە؛ لە نێوان هێزە سێ‌یانەکان، لەنێوان حکومەتی فێدراڵ و ویلایەتەکان، لەنێوان حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبی رکەبەر.هەر چەند هەڵبژاردنی بەرپرسانی حکومەت بە پێشنیاری سەرۆک کۆمار و بڕیاری کۆنگرەیە، بەڵام هەموو بابەتەکان لەژێر چاودێری حیزبی رکەبەر و رای گشتی و مێدیاکان دایە. لەو سیستمە بۆرۆکراتیکەدا هەرچەند مەیدانی کاری سەرۆک کۆمار لە هەمووان ئاوەڵاترە، بەڵام لە زۆر شوێنانیش بەربەستی لە بەردەمە. لە ئێستادا، کۆماری‌خوازەکان بە کردەوە کۆنگرە، کۆشکی سپی و دادگای باڵای وڵاتە یەکگرتووەکان‌یان لە ژێر دەسەڵاته کە لە مێژووی ئەو وڵاتە رێکەوتنێکی کەم وێنەیە. یەکدەستی ئەو سێ دامەزراوە، ئەو دەسەڵاتە دەداتە ترامپ کە بەبێ کێشەیەکی ئەوتۆ لانیکەم تا هەڵبژاردنی کۆنگرە سیاسەتەکانی بەرێتەپێش. هەرچەند ئەوە هەموو شت نییە و سیاسەتەکانی ترامپ لەناو کۆماریخوازەکانیش نەیاری سەرسەختییان هەیە. لە روانگەی ترامپ یەکێک لە هەڕەشە سەرەکییەکانی سەر ئەمریکا، لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەو وڵاتە لە دانوستانە ئابووری، سیاسی، نیزامی و ئەمنییەتی وڵاتانی دیکەیە. ئەو پێی وایە حکومەتی ئۆباما لە هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتانی دیکە و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بەرژەوەندی ئەمریکای لەبەرچاو نەگرتووە و لەزۆر شوێنانیش سات‌وسەودای لەسەر کردووە.ئەو رێکەوتننامەکانی ئابووری چەندلایەنە و پەیماننامە هاوبەشە نیزامییەکان بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەزانێت.لە روانینی ترامپ ئەم شێوە سیاسەت‌کردنە بۆتە هۆی دەرچوونی سەرمایە لە وڵات، لاوازبوونی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و هاتنی بە لێشاوی خەڵکی کۆچبەر کە زەبرێکی قورسیان لە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەتییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان داوە. ترامپ پێی وایە، سیاسەتەکانی پێشوو پێگەی ئەمریکایان لاواز کردووە و لەبەرامبەردا گوڕ و تینی داوەتە زلهێزە رکەبەرەکانی ئەو وڵاتە تا «سواری خۆڕایی» بکەن و مەودای خۆیان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان کەم بکەنەوە. ترامپ وەک بانگەشەی بۆ دەکات بەر لە هەر شتێک گرنگی بە ئەمریکا دەدات.هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ پرسە جیهانییەکان بەو شێوە و مۆدێلی پاش شەڕی جیهانی دووەم، لە روانگەی ترامپ ئەو مانا و بایەخی جارانی نەماوە و بەو پێیە تاک‌لایەنە کار بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات. ئەمریکای سەردەمی ترامپ بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی دیکه تێچوو نادات. هەر یەک لە هاوپەیمانانی رۆژئاوایی و ناوچەیی ئەمریکا دەبێت بۆ پاراستنی خۆیان و هاوکاری نیزامی وڵاتە یەکگرتووەکان تێچوو بدەن. لە روانگەی ترامپ، ئاسایش و ئەمنییەت کەرەستەیەکی زۆر بەنرخە کە ئەمریکا بەرهەمی دێنێت. ئەو کەرەستەیە تا ئێستا بە نرخێکی کەم پێشکەشی وڵاتانی دیکە کراوە و ئەوە بە قازانجی ئەمریکا نییە. ترامپ هەوڵ دەدات لە رێگەی بەرزکردنەوەی بودجەی نیزامی وڵاتەکەی هەم گەرەنتی ئاسایشی ئەمریکا بکات و هەم کەرەستە نیزامییە بەرهەمهێنراوەکانی وڵاتەکەی بە بەهایەکی بەرز بفرۆشیت و بە بەکارهێنانی هێز و کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو دەرفەتەکان، ئەو پەیامە بە گوێی هەمووان دابدات کە لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا چ تێچوویەکی قورسی هەیە. ترامپ ئەمریکایەکی بەهێزی دەوێت تا بتوانێ بەرەنگاری هەڕەشە نیزامییە نەریتییەکان بێت، تێرۆریسم لەناو ببات و لە کەشێکی تۆقێنەر و ناجێگیر، کەرەستە نیزامییە بەرهەمهێنراوەکانی وڵاتەکەی بە نرخێکی گران بفرۆشێت. لەسەر ئەو بنەمایەیە کە بەڵێنی ئەمنییەتییەکانی بۆ هاوپەیمانانیی لە ناتۆ، وڵاتانی ئورووپای رۆژهەڵات، وڵاتانی عەرەبی، کۆریای باشوور و ژاپۆن کەم کردۆتەوە و بە روانینێکی تەواو ئابووری‌تەوەر هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات. سیاسەتی ترامپ زیاتر چەقبەستوو لەسەر گوشار و هەڕەشە لە پێگەی پرێستیژی زلهێزترین  و بەهێزترین سیستمی جیهانە. ترامپ لە هەر سێ سەرچاوەی گوشاری سیاسی، گوشاری دیپڵۆماتیک و گوشاری نیزامی کەڵک وەردەگرێت. بەڵام کێشە ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ئەو پێشبینی ناکرێن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ترامپ بەردەوام روانینەکانی خۆی دەگۆڕێت. رەنگه هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییانەش ئەوە بێ کە ئەو تا ئێستاش ئاگاداری ئاڵۆزی پرسە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان نییە. سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک بریتییە لە دەست‌پێڕاگەیشتن بەو ئامانجانەی کە لە بەرژەوەندی وڵات دان. ئامانج و بەرژەوندییەکانی هەو وڵاتێک لە رەوتی بڕیاردان بەگوێڕەی بایەخەکان و باوەڕەکان و تێگەیشتنی بڕیاربەدەستان لە چۆنیەتی دابین‌کردنیان و کەرەستە و ئیمکانی ئەنجام‌دانیان دیاری دەکرێن. بڕیاربەدەست لەو ئەسلەدا، بوونەوەرێکی عەقڵانی و حیساب‌زانهکە لە رێگای کۆکردنەوەی زانیاری، لێکدانەوەی ئامانجەکان، دیاری‌کردنی کەرەستەکان، تێچوو و دەستکەوتەکان و لەبەرچاوگرتنی هەموو بژاردەکان، باشترین بژاردە هەڵدەبژێرێت و هەوڵ دەدات زۆرترین دەستکەوت مسۆگەر بکات. بە شێوەیەکی گشتی هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە چوار تەوەری سەرەکیدا رێکخراون: خۆشبژێوی نەتەوەیی، دابین‌کردنی ئاسایش و ئەمنییەت، پاراستنی بەرژەوەندییەکان، و پەرەپێدانی هێز و کارتێکەری وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەم چەند تەوەرە رێ‌نیشاندەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکان کە بە میرات بۆ حکومەتی ترامپیش بەجێ-ماونتا بۆبەرەوپێش‌بردنی وڵاتە یەکگرتووەکان، و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و هەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتە کەڵکیان لێوەربگرێت. ترامپ بۆ مسۆگرکردنی ئەو ئامانجانە متمانەی بە تیمێک لە کەسانی پسپۆڕ کردووە وەک مایک پێنس، جێگری سەرۆک کۆمار، وەزیرانی دەرەوە، راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی، و وەزیری خەزێنە کە بەڕای زۆرێک لە لێکۆڵەران زۆربەیان تووندڕەوترین کەسایەتییەکانن و زیاتر باوەڕیان بە رێگاچارەی نیزامی و گوشاری ئابووری هەیە. ئەم کەسایەتییانە بە بەراورد بە سەردەمی ئۆباما، کەسانی ئیدیۆلۆژیکن، بۆ زۆربەی پرسەکان حەتمەن چاوێکیان لە بەکارهێنانی هێزی نیزامی‌یە، لەگەڵ روسیه رێکەوتن و وتووێژ پێشنیار دەکەن، هەوڵی چارەسەری کێشە لەمێژیینەکانی وەک شەڕی کۆریا و پرسی فەلەستین-ئیسرائیل دەدەن، رووبەڕووبوونەوەی ئابووری لەگەڵ چین بە شیاو دەزانن، پشتگیری وڵاتانی کەنداو دەکەن و لە بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی کۆکن. سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ترامپ، بە پێچەوانەی پێشتر، بە گوتار و کردەوە، وڵاتە یەکگرتووەکان بەڵێندەر بە پشتگیری له پەرەپێدانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ نازانێت، بەرامبەر ئاسایشی جیهان، برەودانی ئاشتی، هاوبەشی سیاسی لەگەڵ یەکێتی ئوروپا، گۆڕانی کەش و هەوا و بابەتەکانی دیکه تا ئەوکاتەی مەترسی ئەوتۆیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی نەبێت، بێ هەڵوێستە و لەبڕی ئەمانە کار بۆ خۆشبژێوی ئابووری خەڵکی ئەمریکا و پەرەی کارتێکەری سیاسی واشێنگتۆن دەکات. بەو پێیە بێ ترامپ هەوڵدەدا کێشە لەمێژینەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەستێوەردان و گوشاری سیاسی و ئابووری چارەسەر بکات و لەو رێگەیەوە لەمپەرەکانی بەردەم دابین‌کردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی هەڵبگرێت. ئەو شێوە سیاسەت‌کردنە، هەم سیاسەتی ئاشتی و وتووێژ و دیپڵۆماسی ئۆبامای وەپشت‌سەرناوە و هەم لە دەستێوەردانە راستەوخۆکانی سەردەمی بووش دوور کەوتۆتەوە. ئەمریکای سەردەمی ترامپ تێدەکۆشێ بە هەڕەشە و هەڵوێست‌گرتن لە پێگەی بەهێزترین وڵاتی جیهان و بەبێ تێچوویەکی ئەوتۆ، ئامانجەکانی خۆی بەرێتەپێش و دەسەڵاتدارێتیو زلهێزی ئەمریکا پێشانی جیهان بدات و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت. یەکێک لە دیارترین پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ، هەڵوێست‌گرتن و کردوەی تاک‌لایەنەیە. ئەمریکای سەردەمی ترامپ، بەپێچەوانەی رەوتی نەریتی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لانیکەم لە دوای شەڕی سارد، چی‌تر بەدوای شەریک و هاوبەش بۆ کردەوە و هەنگاوی چەندلایەنە نییە. ترامپ لە رێگەی کورتە پەیامەکانی لە توییتەر، بڕیاری چارەنووسساز دەدات و چاوەڕێی ئەوەیە وڵاتانی دیکهگوێڕایەڵی بڕیارەکانی بن.تاقیکردنەوەی گەورەترین بۆمبی دروستکراوی دەستی مرۆڤ لە ئەفغانستان بەدژی هێزەکانی تاڵبان، دەرکەوتن لە پرۆتۆکۆلی پاریس بۆ پێش‌گرتن لە دیاردەی گەرم بوونی زەوی، راگواستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێل ئاڤیڤ بۆ قودس، بۆردومانی ئاسمانی سوریە، و کشانەوە لە رێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دەکرێ چەند نمونەی سەرەکی ئەو شێوە سیاسەت‌کردنە بن. رووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه   سیاسەتی حکومەتی ئۆباما، پێکهاتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو. ئۆباما بە گۆڕینەوەی پەیامی نهێنی، راگرتنی هاوسەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی سوننی و کۆماری ئیسلامی، ئاسانکاری‌کردن لە شارە جیاوازەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، پێدانی چەند میلیارد دۆلار لە سەرمایە بلۆک‌کراوەکەی خەڵکی ئێران بە کۆماری ئیسلامی، و گوێ‌نەدان بە هاواری ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆڕی لەشوێن پێکهاتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو. هەر لەو ساڵانەدا ئەمریکابە سەپاندنی گەمارۆی قورسی تاک‌لایەنە و چەندلایەنە بەسەر کۆماری ئیسلامی‌دا، رژێمی تارانی ناچار به وتووێژ کرد کەلە کۆتاییدا بە رێکەوتننامەی ناوکی گەیشت. ترامپ ئەو رێکەوتننامەی هەر لە سەرەتاوە رەت‌کردەوە و لە کۆتاییش‌دا بڕیاری دا بەجێی‌بهێڵێت. ترامپ کۆماری ئیسلامی نە لە ئاستی «دوژمنی ئەمریکا» بەڵکوو وەک دەوڵەتێکی سەرکێش و یاغی پێناسە دەکات کە پاڵپشتی سەرەکی تیرۆریسمە و لەشوێن ناسەقامگیری ناوچە و زەبرلێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانێتی. هەر چەند ئێران تاکە کێشە و پرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نییە، بەڵام سەرنجی سەرەکی تیمی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لەسەر ئێرانه. ئەمە دەکرێ چەند هۆکاری سەرەکی لە پشت بێت: یەکەم: بڵاوکردنەوەی ئیسلامخوازی و هەوڵدان بۆ فراوان‌کردنیکەوانەی شیعە، لەرێگەی تاقم و گروپی چەکدار و کردوەی تیرۆریستی کە هەم هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچە و جیهان دەکات و هەم لەبەرامبەردا ئیسلامخوازی نەریتی سوننی‌ش دەوروژێنێ. دووەم: پرۆگرامی موشەکی و ناوکی کۆماری ئیسلامی. هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ مەودادرێژترکردنی موشەکەکان هاوپێچ لەگەڵ هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل، بۆ ئەمریکا و ئوروپا جێی مەترسییە. سێیەم: برەودانی نفوزی نیزامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەمەن و عێراق و سوریە لە ئاسیا تا وڵاتانی باکووری ئەفریقا و شێواندنی وڵاتانی کەنداوی فارس و ئەفغانستان. برەودانی نفوز و سیاسەتی دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی دیکه هەم ئیسرائیل و هەم وڵاتانی عەرەبی نیگەران کردووە بەشێوەیەک کە بۆ بەرەنگاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاوکاری چڕی یەکتر دەکەن. پێناچێ ترامپ ناسینێکی تەواوی لەسەر سیاسەت، هەڵوێست و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی هەبێت بەڵام زۆربەی کاربەدەستانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ، پێشینەی کارکردن لەو وڵاتانەیان هەیە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک لە شێوەکان تێیاندا کاریگەرە؛ وەک سوریە، عێراق و ئەفغانستان. مایک پۆمپیۆ، دووەمین وەزیری دەرەوەی ترامپ، و ژێنراڵ مەتیس، وەزیری بەرگری، و جان بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، سیستمی کۆماری ئیسلامی بە وردی دەناسن. ئەوانە لەو کەسانەن کە بەدرێژایی تەمەن لە نزیکەوە لەگەڵ سیستم و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئاشنا بوونە و لەسەر سپا، سپای قودس و هەوڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی زانیاری وردیان هەیەو پێیان وایە که هەڵە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆتە هۆی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەلوپۆ بهاوێت و لە عێراق و ئەفغانستان کاریگەری هەبێت، سەرەڕای ئەوە کە ئەمریکا بە سەدان میلیارد دۆلاری تێدا خەرج کردوون. پۆمپیۆ و مەتیس لە عێراق و ئەفغانستان بوونە و روانین‌یان بۆ کۆماری ئیسلامی واقعی و هەڵوێستیان نەرێنی‌یە.ئەوان لە رێکەوتننامەی ناوکی ناڕازی بوون و لەگەڵ تاقیکاری موشەکی سپا، تیرۆریسمی نێودەوڵەتی ئاڕاستەکراو، سیاسەتی تێکدەرانە، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکه و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچە کێشەیان هەیە. بە درێژایی سەرۆکایەتی ترامپ، کۆماری ئیسلامی بەردەوام لەژێر گوشاری وڵاتە یەکگرتووەکان‌دا بووە. هەر دوابەدوای هاتنەسەرکاری ترامپ و هەڕەشەی ناوبراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ناوکی، گرنگ‌ترین دەستکەوتی دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامی، بەکردەوە لە ناوەڕۆک بەتاڵ بوو. لە قۆناغی یەکەم، وڵاتە یەکگرتووەکان وشیاری بە بەرهەمهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا زەبەلاحەکان دا کە لە ئەگەری وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە ئێران رەنگه لەگەڵ گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رووبەڕوو ببنەوە. هەر ئەو هەڕەشە کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر شڵەژاندنەوەی ئابووری ئێران کرد. ترامپ، پابەندی بە رێکەوتننامەی ناوکی، مەرجدار بە بەرتەسک‌کردنەوەی تاقیکاری موشەکی دوورهاوێژی سپای پاسداران، کشاندنەوەی هێزەکانی لە سوریە، و پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە ناوچە و بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی وەک عێراق و یەمەن کرا. لە قۆناغی دووەم، وڵاتە یەکگرتووەکان لە رێکەوتننامەی ناوکی کشایەوە و رایگەیاند کە قوورسترین گەمارۆ ئابوورییەکانی مێژوو بەسەر ئێران‌دا دەسەپێنێت و بە هاوکاری هاوپەیمانانیی لە ناوچە لەبەرامبەر سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا دەوەستێتەوە. هاوکات وڵاتە یەکگرتووەکان هەڕەشەی لە هەموو هاوبەشە تیجاری و وەبەرهێنەرە بیانییەکان کرد کە لە ئەگەری بەردەوام‌بوون لە مامەڵەی بازرگانی لەو وڵاتە، لە گەمارۆ ئابووری و گوشارە سیاسییەکانی ئەمریکا بێ بەری نابن.لە واشنگتۆن روانینی زاڵ ئەوەیە کە بە زیادکردنی گوشارەکانی سەر رژێمی کۆماری ئیسلامی و راگواستنی بەشێک لەو گوشارە بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ئامانجەکانی ئەمریکا زووتر مسۆگەر دەبن. ئەمریکا بەردەوام ئەو پەیامە دەنێرێت کە ئەگەر خەڵکی ئێران لەژێر گوشار دان و کێشەکانیان لەحاڵی برەوسەندنن، ئەوە لە راستیدا تاوانەکەی بە ملی خودی خەڵکی ئێرانه کە لە بەرامبەر سەرەرۆییەکانی رژێم بێدەنگ یان هەڵوێستی ئەوتۆیان نییە. بەردەوامی پرۆژەی چەکی ناوکی، تاقیکاری موشەکی، هەناردەکردنی چەک بۆ یەمەن و سوریه و تێک‌گیرانی نیزامی بەرتەسک لە کەنداوی فارس بەستێنی هەڵوێستی تووندی ترامپ بەدژی کۆماری ئیسلامین. ترامپ بەپێچەوانەی ئۆباما، زوو هەڵوێست دەگرێت و دەستبەجێ بڕیار دەدات، هەر ئەوە ئیحتمالی کردوەی لەناکاو زیاد دەکات. بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە کە ترامپ بۆ نیشان‌دانی هێز و توانای نیزامی وڵاتەکەی بە کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەکانی بەرپرسانی سوپای پاسداران بۆ داخستنی «گەروی هۆرمز»، یان هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی نیزامی بە یەمەن و رووداوی هاوشێوەی ئەوە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجام‌دانی هێرشێکی نیزامی بەرتەسک. لە ئاستی ناوچەیی، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی هانی ترامپ دەدەن تا بەرامبەر بە تاقیکاری موشەکی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی تووندتر بگرێت و تەنانەت رەنگه کار لەسەر ئەوە بکەن بڕیاری هێرشی نیزامی بەرتەسک بەدژی کۆماری ئیسلامی بدات. عەرەبستان هەر زوو پێشوازی لە بڕیاری ترامپ بۆ بەجێهێشتنی رێکەوتننامەی ناوکی و گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی کرد. گرژتربوونی پەیوەندی نێوان ئێران وعەرەبستان رەنگه بەرهەمی ئەو روانینەی ریاز بێ بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە ترامپ بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ ناوەندی بڕیارە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو رێگەیەوە بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی و هەروەها رکەبەرە ناوچەییەکانی وەک قەتەر. لە قەیرانی قەتەر، پشتیوانی ئەمریکا لە عەرەبستان، ئاڵۆزی نێوان دوو وڵاتی کردە پرسێکی ناوچەیی و تەنانەت پەیوەندی ئەمریکا و تورکیە و عەرەبستانیشی خستە مەترسییەوە. پەیوەندییەکانی عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە کاتی رێکەوتننامەی ناوکی و پێشنیاری ئۆباما بەو وڵاتە بۆ دابەش‌کردنی دەسەڵاتی ناوچە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، سارد و سڕی تێکەوتبوو. بەڵام سیاسەتی ترامپ و هەوڵەکانی ئەو بۆ بەشداری پێ‌کردنی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە تێچووەکانی بەرگری دەرەکی ئەو وڵاتە، و پێشوازی عەرەبستان لەو سیاسەتە ئاستی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەی بەرز کردۆتەوە. لە لایەکی دیکە، لەدوای هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئێران لە سووریە زۆر زیاتر بوونە. بۆ زۆر کەس ئەوە بە مانای کوتانی تەپڵی شەڕ بەدژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئاستەنگی هەرە دیار لەبەردەم شەڕی نیزامی بەدژی کۆماری ئیسلامی ، پەیوەندی ئێران و روسیەیە. روسیە لە ئێستادا گەورەترین هاوبەشی سیاسی، بازرگانی و نیزامی ئێران لە ناوچەیە. هەرچەند روسیە پێشتر لەو بابەتانەی کە بە قازانجی خۆی بینیون، لە ئێران دوور و لە ئەمریکا نزیک کەوتۆتەوە، و ئەگەری زۆرە لە داهاتوش بەو شێوە هەڵوێست بگرێت؛ بەڵام لە ستراتێژی درێژماوەی روسیە، گۆڕانی رژێم لە ئێران بە شێوەیەک کە ئاسایشی ئەو ناوچە ئەمنەی کە ئێران لە باشووری روسیە دروستی کردووە، بکەویتە مەترسی، بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار و هەر شێوە هەوڵێک بۆ گۆڕانی رژێم لە تاران دەبی گارانتی ئەوە بکات کە ئەو ناوچە ناکەویتە دەست ئەمریکا و مەترسی بۆ روسیه دروست ناکات. لە راستیدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندی بە کۆماری ئیسلامی، لەشوێن بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر بەتایبەتی‌ترلە سوریەیە، جگە لەوە بەڵێندەرە تا هەموو رێگاکانی دەست‌پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی بگرێت. ئامانج‌گەلێکی وەک فەلەج‌کردنی ئابووری ئێران، رێگەگرتن لە هەناردەکردنی نزیک بە تەواوی نەوتی ئێران و گوشارخستنەسەر هەموو کاناڵە بازرگانییەکانە ناڕەزایەتی بێ‌دەرەتانەکانی سەر شەقامەکان لە ناوخۆی ئێران بەهێزتر بێ و بەو پێیە کۆماری ئیسلامی قایل به وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بێ و رازی بە کەم‌کردنەوە و دەرخستنی هێزەکانی لە سوریە لە هەنگاوی یەکەم و دواتریش دەست‌هەڵگرتن لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی وەک یەمەن و عێراق و لوبنان بێت. ئەم سیاسەتە، لەشوێن رەکێش‌کردنی ئێران بۆ سەر میزی وتووێژ و وادارکردنی بە قبووڵکردنی رێکەوتننامەیەکی نوێ‌یە، نەک گۆڕینی رژێم. شەڕی نیزامی بەربڵاو بۆ گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی پێناچێ بە هیچ شێوەیەک لە بەرنامەی حکومەتی ترامپ دابێت.دەستەواژەی «گۆڕینی رژێم» لە گوتاری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بە سەرنجدان بە چارەنووسی دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان بۆ وڵاتێکی دیکه زۆری باس لێوە ناکرێ؛ هەر چەند دەستەواژەکە ناکڕی هەر بە مانای هێرشی نیزامی مانا بکرێتەوە بەڵکوو زۆر شێوە و مکانیزمی جیاوازی هەیە. بەو پێیە هێرشی نیزامی بۆ گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی‌یان لە پلان و بەرنامە دا نییە، هەرچەند بە ئەگەری زۆر پێشوازی لە گۆڕانی رژێم دەکەن. لەبڕی گۆڕینی رژێم، وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام باس لە گۆڕینی هەڵسوکەوتی تاران، یان «تێپەڕینیئاشتییانە» دەکات. سیاسەتی تێپەڕینی ئاشتییانە، سێرەی لە دوو ئامانجی سەرەکی گرتووە: یەکەم: گەمارۆی سپای پاسداران و بەتایبەت سپای قودس کە هەم دەستێوەردانی نیزامی لە کاروباری وڵاتانی دیکە دەکات و هەم بەردەوام کار بۆ برەودانی توانای موشەکی خۆی دەکات و وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەردووکیان کێشەی گەورەی هەیە؛ بەو پێیە بێ گەمارۆخستنەسەر سپا و کۆمپانییەکانی سەر بە ئەو کاریگەری ئەرێنی‌یان دەبێت؛ چونکه هەموەبەرهێنەرانی بیانی لە وەبەرهێنان لە ئێران پاشگەز دەکەنەوە و هەم دەستی کۆمپانییەکانی مافیای بازرگانی سپا لە دەستوێڕاگەیشتن بە بازاڕە ماڵی و پیشەسازییەکانی جیهان کورت دەکات یان لانیکەم پڕتێچووی دەکا. دووەم: پشتگیری لە هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران کە لەشوێن گۆڕینی رژێمن. ئەو بانگەشە هێشتا کاری بۆ نەکراوە و لە قۆناغی زۆر سەرەتایی دایە.رەنگه لەمپەری سەرەکی ئەمریکا ئەوە بێ کە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی رێکخستنی دیاریان نییە و خاوەن ستراتێژییەکی هاوبەش بۆ پاش کۆماری ئیسلامی نین. بەشێک کار بۆ رووخانی رژێم دەکەن. رێکخراوی موجاهدینی خەڵق، هێزە کوردییەکان و لایەنگرانی حکومەتی پێشوو دیارترین ئەکتەرەکانی ئەو بەرەن. بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێرانیش لەشوێن ریفۆڕم و چاکسازین بۆ نمونە ریفۆڕمخوازانی سەر بە محەممەد خاتەمی.بەشێکیش پەراوێزخراون و لەشوێن خۆ رێکخستنەوەن و بێ‌دەنگن. ئەو هێزانه هێچ بڕوایەکیان به گۆرینی رژێم نییە. کەواتە پڕۆژەی گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە رێگای هێرشی نیزامی و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران شتێکی دوور لە چاوەڕوانییە.تەنانەت لەو شەرت و مەرجانەی کە لە زمانی پۆمپیۆ بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دیاری‌کران بە هیچ شێوەیەک نە باس لە پرسەکانی پیوەندیدار بە مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکان لەناو چوارچێوەی ئێران کراوە و نە ئەسلەن گرنگی بە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام و داهاتووی ئێران دراوە. پۆمپیۆ دوازدە خاڵی دیاری کردووە کە ناوەڕۆکی هەر هەموویان پرس و کێشەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانن کە بەرهەمی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامین و بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان‌یان خستۆتە مەترسییەوە. ئەو خاڵانە بریتین لە:
  • کۆماری ئیسلامی دەبێت رێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە هەموو رەهەندەکانی پرۆگرامی ناوکی پێشووی خۆی ئاگادار بکاتەوە.
  • پێویستە ئیزن بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بدات تا بەبێ بەربەست سەردانی هەموو شوێنەکان بکەن.
  • دەبێت پیتاندنی ئۆرانیۆم رابگرێت و لەشوێن بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم نەبێت.
  • برەودان و تاقیکاری موشەکی، بەتایبەت ئەوانەی توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکی‌یان هەیە، رابگرێت.
  • تێکڕای ئەو زیندانی‌یە ئەمریکاییانه و هەروەها شارومەندانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا، کە بە بیانووی دروستکراو و هەڵبەستراو لە بەندیخانەن، ئازاد بکرێن.
  • پێویستە کۆماری ئیسلامی پشتگیرییەکانی خۆی لە گروپە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوللای لوبنان، حەماس و گروپی فەلەستینی جیهادی ئیسلامی کۆتایی پێ‌بهێنێت.
  • کۆماری ئیسلامی پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و ئیزنی داماڵینی چەک لە گروپە چەکدارە شیعەکان بدات و جارێکی دیکە چەکداریان نەکاتەوە.
  • پشتگیری لە میلیشیاکانی حوسی نەکات و یارمەتیدەری گەیشتن بە رێگاچارەیەکی سیاسی لە یەمەن بێت.
  • هەموو هێزەکانی گوێڕایەلی کۆماری ئیسلامی دەبێت سوریە بەجێبهێڵن.
  • کۆماری ئیسلامی دەبێت پشتگیری لە تاڵبان و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکه لە ئەفغانستان و ناوچە، و حەشاردنەوەی رێبەرانی پلەباڵای ئەلقاعیدە کۆتایی پێبهێنێت.
  • سپای قودس دەبێت دەست لە کردەوەی تیرۆریستی لە سەرتاسەری جیهان هەڵبگرێت.
  • کۆماری ئیسلامی چیتر هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێی نەکات کە زۆربەیان هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکان؛ لەوانە بانگەشەی لەناوبردنی ئیسراییل، هەڕەشەی موشەکی لە عەرەبستانی سعودی و میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی. هەروەها نابێت بەربەست لەبەردەم کەشتیرانی لە ئاوە ئازادەکان دروست بکات و هێرشی ئەلیکترۆنی تێکدەرانە نەکات.
هاوپێچ لەگەڵ ئەو مەرجانە، پۆمپیۆ رایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوتی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بکات، ئەوا واشێنگتن ئامادەیە پەیوەندی دیپڵۆماتیکی خۆی لەگەڵ تاران دەست‌پێ‌بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە نە وڵاتە یەکگرتووەکان و نە هیچ وڵات و لایەنێکی دیکه هەر بیریش لەوە ناکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە کەشێکی ئاسایی ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات و رازی بە وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بێت. هۆکارەکەشی زۆر روونە؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەو مەرجانە رازی بێت ئەوە لە ناوەڕۆک بەتاڵ دەبێت و ماهییەتی وجودی خۆی لەدەست دەدات. کۆماری ئیسلامی حکومەتێکە لەسەر ئاژاوەنانەوە بنیات‌نراوە و لەراستیدا شتێک بەدەر لە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ، تیرۆریسمی ئاڕاستەکراو، تەرخان‌کردنی سامانی وڵات بۆ چەکی ناوکی و تاقیکاری موشەکی و راسپاردنی تاقم و گروپی چەکدار بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە نییە. کەواتە رێگاچارەیەکی ناوەندی لەنێوان خاڵە دیاری‌کراوەکانی ئەمریکا و چاوەڕوانییەکانی کۆماری ئیسلامی رەنگه ویستی هەر دوولایەن بێت، ئەگەر بارودۆخی گرژی نێوانیان لە کۆنترۆڵ نەچێتەدەر. بە سەرنجدان بەو بابەتە پێدەچێ لە کۆتاییدا سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی‌ لەنێوان ئەو دوو بژاردە خول بخواتەوە: یەکەم: گەمارۆکانی سەر ئێران زیاتر دەکات و وەفدێکی دیپلۆماتیکیش رەوانەی ئوروپا و روسیە و چین دەکات تا ئەو وڵاتانە بۆ رێزگرتن لە گەمارۆکان قایل بکەن؛ تا لە کۆتایی‌دا کۆماری ئیسلامی رەکێشی سەر میزی وتووێژ بکات. دووەم: رەنگه پێشنیاری هەڵپەساردنی گەمارۆکان بدات بە تاران، بەڵام نەک وەک سەردەمی ئۆباما لە سەرەتای وتووێژەکان، بەڵکوو لەبڕی دەسکەوتێکی گرنگ کەرەنگه کشاندنەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە یان بەرتەسک‌کردنەوەی تاقیکاری موشەکی پڕ لە هەڕەشەی بێت.   کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەمریکا   عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە سەرسەخت‌ترین دژبەرانی ئەمریکا لە نێوان سیما سیاسییەکانی ئێرانە. خامنەیی کە خۆی بە شۆڕشگێر دەزانێت نەک دیپڵۆمات، زۆر جار ئەو بابەتەی بە گوێی هەمووان داداوەتەوە کە بەرامبەر هەوڵەکانی ئەمریکا رەشبینه و و بە دوژمنی کۆماری ئیسلامی دەزانێت.ئەو لە دوایین لێدوانیدا بە چەندپات کردنەوەی بانگەشەکانی چوار دەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بە ئاماژه بە کێشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، راشکاوانە هەر دوو رێگاچارەی ناسراوی وتووێژ و شەڕی رەت کردەوە و رایگەیاند «نه شەڕ دەکەین و نە وتووێژ». لە روانگەی خامنەیی، ترامپ بەنیازی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە و تەنیا بە کوتانی تەپڵی شەڕ، لەلایەک هانی خەڵکی ناڕازی لە ناوخۆی ئێران و ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی حکومەت لە دەرەوەی وڵات دەدات تا هەوڵەکانیان بۆ دژایەتی-کردنی کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەنەوە و لە لایەکی دیکه لەشوێن نانەوەی ئاژاوە و دڵەڕاوکێ لەناو بەرپرسانی حکومەتە. خامنەیی پێی وایە کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە رەکێش‌کردنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر میزی وتووێژ کۆمەڵە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە کە لە رەوتی وتووێژەکان هەمووان مسۆگەر دەکات و لە هەڵوێست و ئامانجەکانی یەک هەنگاویش پاشەکشە ناکات. لە حاڵێكدا لایەنی بەرامبەر ناچار بە قبووڵی هەموو شەرت و مەرجەکان‌ دەکات و خۆی تەنیا بەڵێنی زارەکی و بێ‌پشتیوانە دەدات. خامنەیی پاشەکشەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە رێکەوتننامەی ناوکی بە ئاکامی بێ‌بەڵێنی ئەمریکا و تا رادەیەکیش ناکارامەیی تیمی وتووێژکاری کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە هێڵە سوورەکانیان  بەزاند. خامنەیی وتووێژ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بە یاری‌یەکی مەترسیدار دەزانێت و پێی وایە کۆماری ئیسلامی دەبێت کاتێک رازی بە وتووێژ بێت که لەڕووی ئابووی و سیاسی و فەرهەنگی بە باڵادەستیتەواو گەیشتبێت بەشێوەیەک کە گوشار و بانگەشەکانی لایەنی بەرامبەر کەمترین کارتێکەرییان هەبێت. تا ئەو کات وتووێژ بە قازانجی کۆماری ئیسلامی نازانێت و قەدەغەیە. بەگوێڕەی لێدوانەکەی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی لەشوێن بژاردەی سێهەمە کە لە شەڕی رووبەڕوو لەگەڵ ئەمریکا دووری بخاتەوە و هەندێک ئیمتیازیشی پێ‌بدات تا ترامپ ناچار بکات لە شەرت و مەرجەکانی بۆ وتووێژ کەم بکاتەوە. رەنگە ئەو بژاردەیەش شتێک نەبێ جگه لە پێشاندانی هێز و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کێشە‌خوڵقێنی زیاتر بەتایبەت لەو شوێنانەی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچە هەستیار و پڕبایەخن. پێشاندانی هێز و دەسەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە بە سەرنجدان بە دۆخی تەواو شڵەژاوی ئابووری ئێرانئاستەنگ و لەمپەری جیددی لەبەردەمە. دۆخێک کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەهۆی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش و تەرخان‌کردنی سامانی وڵات بۆ تاقم و گروپی چەکدار هەمیشە نالەبار بووە، بەڵام لەم دواییانەدا بەتایبەتی پاش وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر خۆنیشان‌دەدات و بەردەوام لە رەزیڵ‌تربوونی نرخی تمەن‌دا دەردەکەوێت. هەر ئەو دۆخەش هاندەری هاتنەسەر شەقامی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی ئابووری، کەشی سیاسی، کوشتنی کاسبکار و کرێکۆڵی بێ‌تاوان، یان بابەتی ژینگەیی و خەدەماتی وەک نەبوون و کەم‌بوونی ئاوی خوردنەوە لە چەند مانگی رابردوولە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بووە. ناڕەزایەتییەک کە هەر زۆر زوو داواکاری سەرەکی خۆی بۆ گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی گۆڕی و دروشمی تووند بە دژی رێبەری کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای رژێم، سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکه  و فەسادی سیستماتیکی تێکڕای رژێم سەردرا. پۆمپیۆ لە دژکردەوە بەو ناڕەزایەتییانە وێڕای پشتگیری لە شەقامی ناڕازی ئێران، کۆماری ئیسلامی بە مافیایەک پێناسە کرد کە کاربەدەستەکانی لە حاڵی کۆکردنەوە و بەتالان‌بردنی سامانی خەڵک و تەرخان‌کردنی بۆ پشتگیری لە حکومەتی بەشار ئەسەد و حیزبوللای لوبنان و میلیشیا شیعەکانی دیکەن. بەو پێیە، بژاردەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا زۆر بەرتەسک و لاوازن بەڵام بەو حاڵەش دەتوانێت لە هەندێک بابەت‌دا لانیکەم لە گوشارەکانی سەر خۆی کەم بکاتەوە: یەکەم:لە قۆناغێکدا کە خەڵک هەست بە غەدر بکەن، هەر وەک بابەتی پێنەدانی ویزا لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، حکومەت دەتوانێ بە قازانجی خۆی مانۆڕی پێبدا و هانی تووندڕەوەکان بدات و نەیارانی ناوخۆی حکومەتی پێ بشکێنێت. لەلایەکی دیکە دەتوانێ وەک کەرەستەی دیپلۆماسی گشتی بەکاری بهێنێت و خۆی وەک زوڵملێکراو پێشان بدات. دووەم:سیاسەتەکانی ترامپ لە ئاستی نێودەوڵەتی گرژی خوڵقێنن. کۆماری ئیسلامی دەتوانێ ئەم گرژی‌یانە بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت و لانیکەم نەهێڵێت گرژییەکان کەم ببنەوە. سێهەم: هێنانەسەرکاری کەسایەتییەکی نزیک لە خۆی لە عێراق، لە رێگەی دروست‌کردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی؛ و لەو رێگەیەوە کردنەوەی مەیدانێکی کراوە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان. بابەتێک که بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە و زۆری هەوڵ‌داوە تا ئەو پلانەی کۆماری ئیسلامی پوچەڵ بکاتەوە. چوارەم: سات‌وسەودا لە یەمەن و سوریە لەبڕی ئیمتیازی گرنگ. لێرەدا یاریکەری سەرەکی کۆماری ئیسلامی نییە و سیاسەتی ئەو وڵاتەش بەگوێڕەی سیاسەت و هەڵسوکەوتی وڵاتانی زلهێز و ناوچەیی بەشدار لە وڵاتانە رێکدەخرێت؛ بۆ نمونە ئەمریکا، روسیه، تورکیه و عەرەبستانی سعودی. بە سەرنجدان بە فاکتەری ئابووری، گوشاری خەڵکی ئێران بۆ سەر رژێم، کەسایەتی ترامپ و سیاسەتی دەرەوەی نوێێ ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی پێدەچی کەمتر لە جاران بەرامبەر هەڵوێستەکانی ئەمریکا دژکردەوە نیشان بدات و بەپارێزەوە سیاسەت بکات، لە سەرەرۆییەکانی کەم بکاتەوە، چاوەڕێی هەل و دەرفەت بکات و لە هەوڵی ئەوە دابێ لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترامپ بە کەمترین زیان تیپەڕێت.     سەرچاوەکان:
  • دیپلماسی، جلد دوم، هنری کیسینجر.
  • سیاست خارجی آمریکا در برابر جمهوری اسلامی: از تغییر، مهار و بازدارندگی تا گذار مسالمت آمیز، مجید محمدی، وبسایت رادیو فردا.
  • شرط آمریکا برای مذاکره با ایران برای رسیدن به توافق جدید، صدای آمریکا.