کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک بۆ کاک خالید عەزیزی لە پارڵمانی ئوتریش

22:09 - 21 رەشەمه 2718

رۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ١٢.٠٣.٢٠١٩ لە سەر بانگێشتی فراکسیۆنی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئوتریش، سمینارێک بە بەشداری کۆمەڵێک لە پارڵمانتارانی ئوتریش و رۆژنامەوان  و کەسایەتیی دانیشگایی لە سەر هەلومەرجی کوردستان و ئێران و ناوچەکە پێکهێنرا. لە سەرەتای سمینارەکەدا هەیئەتی حیزبی لە لایەن ئاندریاز شیدە، جێگری سەرۆکی فراکسیونی حیزبی سوسیالیست لە پارڵمان، بەخێرهاتن کرا. پاشان کاک خالید عەزیزی وتارێکی  سەبارەت بە هەلومەرجی ئێران و کوردستانی  ئێران و ناوچەکە پێشکێش کرد. کاک خالید لە سەرەتادا وێراێ سوپاس و پێزانین بۆ پێکهێنانی ئەو کۆبونەوەیە، کوتی ئارەزووم دەکرت کە ئوتریش و ڤییەن هەر بە بیرەوەرێکانی کرایسکی و هاینس فیشیر لە زێهنمدا مابا. بەڵام بەداخەوە ئێستا کە بەرەو سی ساڵەی تیروری دوکتور قاسملوو دەچین، ئۆتریش و ڤییەنێکی دیکەش لە بەر چاومدا ون نابێ، ئەو یش ڤییەنێک کە بە داخەوە سی  ساڵ پێش ئیستا قازی و دادگای تێدانەبوو و قاتڵەکانی دوکتور قاسملوو لە بەرچاوی بەرپرسانی ئۆتریشی بەدرەقەی ئێران کرانەوە. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا کاک خالید تیشکی خستە سەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و  تێکۆشانی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات. هەر لەو پێوەندیەدا رایگەیاند کۆماری ئیسلامی وڵامی خەبات و تێکۆشان و داوا رەواکانی خەڵکی کوردستانی ئێرانی بە موشکبارانی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وڵام دایەوە. هەروەها عەزیزی گوتی مەترسی ئەوە هەیە دیسان کۆماری ئیسلامی بنکەو بارەگاکانی ئێمە وەبەر هێرش بدا. بۆیە داوامان لە وڵاتی ئوتریش و وڵاتانی یەکێتی ئورپا ئەوەیە کە بەرامبەر بە کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی میللەتی کورد و حیزبی دێموکرات بێ تەفاوەت نەبن. هەروەها کاک خالید جەختی لە سەر ئەوە کردوە کە کۆماری ئیسلامی لە گەرمەی ئابڵۆقەی ئابوریدا خەڵکی خۆی بە هەژاری و فەقیری بەجێهێشتوه و خەریکی سەرفی پارە و سامانی وڵاتی ئێران بۆ پروژەکانی تروریستی و دروستکردنی نائەمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە. بۆێە ئێمە چاوەروان دەکەین کە وڵاتی ئوتریش و یەکێتی ئوروپا دەورێکی گرنگتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بگێرن بۆ ئەوەێ کە ئێران وا بە ئاسانی پروژە و بەرنامەکانی خۆێ کە بریتین لە ئاژاوە و تیرۆر و نائەمنی جێبە جی نەکات. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا توماس شمیدینگەر، ماموستای زانکۆێ بەشی علومی سیاسی شاری ڤییەن لە راستای قسەکانی کاک خالیدا باسێکی سەبارت بە قەزییەی کورد بە گشتی پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا پرسیارو و ئاڵوگۆری بیرورا کرا. جێگەی ئاماژەیە لە ئەو سمینارەدا هەیئەتی حیزبی بریتی بون لە کاک خالیدی عەزیزی بەرپرسی پیوەندە نێونەتەوەیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کاک عەلی مازوجی بەرپرسی پیوەندیەکانی حیزب لە ئوتریش و کاک خدر هەمزەنیژاد بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوتریش.