کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەکی سەرپێی بۆ نەورۆزی تەرەغە

05:49 - 25 رەشەمه 2718

لە دوایین رۆژی هەینیی ساڵدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی شاری بۆکان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە کۆبوونەوە لە سەر چیای تەرەغە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەوارییان بەڕێوە برد. ماوەی چەند سالێکە کۆبوونەوەی خەڵک لە سەر چیای تەرەغە لەبەرەبەری نەورۆزدا بۆتە نەریتێکی جەماوەری و ئامادەبوانی ئەم رێوڕەسمە بە خوێندنەوەی سروودی نیشتمانی و هەڵپەڕکێ و دەربڕینی شادی خۆشحاڵی، پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم ڕێوڕەسمانە بە شێوەیەکی رێک وپێکتر و لە هەمانکاتدا بە نێوەرۆک و پەیام و هێمای تایبەتەوە بەڕێوە دەچن. خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب"، چڕینی سروودی نیشمانیی "خوایە وەتەن ئاواکەی"، هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەکارهێنانی هێماگەلی گشتیی وەک جەمانە و پۆشینی جل و بەرگی خاکی و بەکارهێنانی گوڵی سوور و گەیاندنی پەیامی شۆڕشگێڕانە لە قالبی هێندێک هێما و ئاماژەی تایبەتدا کە بۆ خەڵکی کوردستان ناسراون، نێوەرۆک و نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمە ساڵانەیەن لە سەر چیای سەربەرزی تەرەغە. بەخوێندنەوەیەکی گشتیی بۆ ئەم ڕێوڕەسمانە چ لە ڕووی فۆڕم و چ لە ڕووی نێوەرۆک و پەیامەوە، تێدەگەین کە بەخۆشییەوە بزووتنەوەی شوناسخوازانەی خەڵکی کوردستان لە چ ئاستێکی بەرز دایە، دەخوێنینەوە کە هەست و شعووری نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی گەشەسەندن دایە و دەرک بەو ڕاستییە دەکەین کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ قۆناغێکی دڵخۆشکەر لە خۆڕیکخستندا خەریکە پەیامی "یەکگرتوویی" و "یەکڕیزی" بڵاو دەکاتەوە. دیتنی ئەم واقعیەتانەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی شوناسخوازی لەم بەشەی کوردستان تەنیا بە ڕووخسار و نێوەرۆکی ڕێوڕەسمەکەی تەرەغەوە نیە، بەڵکوو ڕەفتاری  تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان سەلمێنەری ئەم ڕاستیانەن. ئەمڕۆ بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هیمەت و ئیرادەی چالاکانی مەدەنی و بەتایبەت مامۆستایانی دەروەستی قوتابخانەکان، خۆی خزاندۆتە نێو مەدرەسەکانەوە و ئەوە ئەمڕۆ منداڵانی کوردن کە لە قوتابخانەکاندا بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی و خوێندنەوەی سروود و گۆرانیی بە زمانی دایکیی خۆی، خۆیان بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەم بزووتنەوە مافخوازانەیە ئامادە دەکەن. ئەوە ژینگەپارێزانی کوردستانن کە لەبەرەبەری وەرزێکی نوێ لە ژیان و بووژانەوەدا، نەوەی نوێ کۆمەڵگەی کوردستان هان دەدەن کە بە چاندنی نەمام پاڕێزگاری لە خاک و نیشتمانی خۆیان بکەن و هەستی نیشتمانپەروەرییان تێدا بەهێز دەکەن. بۆیە بە وردبوونەوە لە پەیام و ڕەفتارەکانی کۆمەڵگە لەم بۆنە و یادە نەتەوەییانەدا کە پێناسەیەکی گشتی و جەماوەری لە خۆ دەگرێت دەگەینە ئەو ئاکامانەی کە پێویستە هاوکات لە گەڵ خوێندنەوە بۆ کردنیان، لە هەمانکاتدا دەرسیشیان لێ وەربگرین: ١- ڕەفتارە  گشتی و جەماوەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی پێمان دەڵێ کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕانکارییەکی قوڵی کۆمەڵایەتی دایە. ٢- بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کورستان لە ئاستێکی بەرزدا خەریکە بە سەرنجدان بە دۆخی سیاسیی  - ئەمنیەتیی  و بەگژداچوونەی سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیم، رێگای درووستی خۆی دەپێوێ. ٣- "یەکڕیزی" و "یەکگرتوویی" پەیام و گوتاری زاڵی ڕەفتاری کۆمەڵگەیە و نانەوەی ناتەبایی و دووبەرەکیی سازمانی و رێکخراوەیی، هیچ جێگەو پێکەیەکی لە نێو خەڵکدا نیە. ٤- هەوڵی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات و داواکاریی هێزە سیاسییەکان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی، نەتیجەکەی بۆتە کۆمەڵگەیەکی رێکخراو و لەسەرپێ. بۆیە لێرەدا ئەرکی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە  بە دوور لە دەمارگرژیی حیزبی و بە روانگەیەکی کراوە و پێکەوە خوێندنەوەیەک بۆ داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە بکەن و وێڕای دەستنیشانکردنی دەرفەت و مەترسییەکان، خۆیان بۆ چۆنییەتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ ڕووداوەکان ئامادە بکەن.