کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرەغە و زایەڵەی "ئەی ڕەقیب" لە باوەشی بووکی موکریان‌دا

15:08 - 25 رەشەمه 2718

ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی، لەگەڵ ئاخرین هەناسەکانی وەرزی شەختە و سەهۆڵبەندان، لەسەر داوای چالاکانی مەدەنی، ڕۆشنبیران و ژینگەپارێزان، تەرەغە، مەڵبەندی ئازایەتی و حەمماسەی بەورە بوێرەکانی موکریان بۆ ماڵاوایی لە زستان و پێشوازیی لە نەورۆز و بەهار و ساڵی نوێ دیاریکرا. لەگەڵ ئەنگاوتنی خۆری بەیان، شەڕەفکەند و تەرەغە و کچان و کوڕانی دڵ پر لە هەستی نیشتمان و نیشتمانپەروەری دەستەملان و ئاوێتەی یەکبوون و لە داوێنی تەرەغەدا پەیمانی نەسرەوتن درا هەتا دەست لەناو دەست لە سەر لووتکەی تەرەغە و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، زایڵەی سروودی ئەی ڕەقیب بەگوێی سرووشتی ڕازاوەی بووکی موکریاندا بخوێنن و ڕوو بە ناڵەشکێنە هەموویان بەیەکەوە بڵێن ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە. نەورۆز و کورد دەمیکە ئاوێتەی یەکبوون و نەورۆز بۆتە ڕەمزی هەستانەوە و یەکگرتوویی ڕۆلەکانی نیشتمان. لەگەڵ ئەوەی کە دژمنانی ڕەنگاوڕەنگی کورد و داگیرکەران لە هەوڵی لێکدابڕینی کورد و نەورۆز بوون، بەڵام ئازایەتیی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی ئەوینداری خاک و ئاوی ئەم وڵاتە نەبەزین و تەسلیم نەبوون و بوونەتە قەڵغان و پارێزەری جیژن و بۆنە نەتەوایەتییەکان و نایانهێشتوە دژمن بە مەبەستە چەپڵەکانی خۆی بگات. لە بەرەبەری نەورۆزی هەموو ساڵێکدا هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەند کردنی لاوان و هەڕەشە و ترس و تۆقاندن ویستوویان پێشگیری لەبەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی جێژنی نەتەوایەتی نەورۆز بکەن، بەڵام خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری کوردستان بی گوێدانە هەڕەشەکانی ڕێژیم ساڵانە بە شکۆیەکی تەواوەوە ڕیز لەو جێژنە پیرۆزە دەگرن و پەیمانی وەفاداری لەگەڵ زیدی باب و پاپیرانیان نوێ دەکەنەوە و وڵامێکی ئازایەنە بە دژمنی ئەم خاک و خەڵکە دەدەنەوە. پێشوازی لە نەورۆز، لەسەر چیا گەردەنکەشەکەی تەرەغە، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ هەموو ئەوانەی کە خەونی شێواندنی نەورۆز و بێدەنگ کردنی کورد دەدەن. لەو ڕێوڕەسمە نەورۆزییەدا جامانە و هەوری، دڕی بە هەوری ڕەشی ستەمدا و ئۆگرانی نەورۆز و نوێبوونەوە، بە سروودی دژمن تۆقێنی "ئەی ڕەقیب" و سروودی "خوایە وەتەن ئاواکەی"، بۆ جارێکیتر و بەجۆرێکیتر پەیامی کورد بوون و کوردایەتییان بۆ نیشتمان خوێندەوە. ئاهەنگ گێڕانی میوانی تەرەغە و بۆکان کە لە زۆر ناوچەی کوردستانەوە لەو بەرزاییە یەکیان گرتبۆوە، دەست یەکیان گرت و دەست لەناو دەست گۆڤەندی هەڵویست و یەکڕیزیان گێرا و بۆ جارێکیتر لاوانی دڵ پڕ لەگڕی نیشتمان پەیمانی وەفایان لەگەڵ نەورۆز نوێکردەوە کە هەردەم پارێزەری هێماکانی ئەم خاک و ئاوە بن