کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی لاریجانی ڕێگەی پێنەدرا بەشداری کۆنفڕانسی وڵاتانی ئیسلامی بێ

19:59 - 25 رەشەمه 2718

چواردەیەمین کۆنفڕانسی یەکیەتیی پارلەمانەکانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە " مەراکش" بە بێ بەشداریی عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ئێران لەو وڵاتە دەستی بە کارەکانی کرد. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی " ئەلیوم ٢٤"، مەراکش ڕێگەی نەدا تیمی ئەمنییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی. ئەو تیمە حەوتوویەک پێش دەسپێکردنی کۆنفڕانسەکە بەرەو مەراکش وەڕیکەوتبوون هەتا ئامادەکاری بۆ هەیئەتی ڕەسمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی لاریجانی بکەن. سەرچاوەکانی هەواڵدەریی "مەراکش" ڕایانگەیاند کە هەیئەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە فڕۆکەخانەی "کازابلانکا"ی مەراکش بەرەو ئێران بەڕێکراونەوە و ڕیگەیان پێنەدراوە بەشداریی لە کۆنفڕانسەکەدا بکەن. یەکیەتیی پارلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە ٥٤ وڵات پێکدێ کە لە ١٧ی ژوئێنی ١٩٩٩ دامەزراوە و بنکەی سەرکی لە تارانی پێتەختی وڵاتی ئێرانە. چواردەیەمین کۆنفڕانسی ئەو یەکیەتییە ڕۆژی دووشەممەی رابردوو دەستی پێکرد و ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایی هات. ڕێگەپینەدانی ئێران بۆ بەشداریی لەو کۆنفڕانسەدا بۆ جارێکیتر گومانەکانی لە سەر پێوەندی دوو وڵات هینایەوە بەرباس. شایانی باسە کە ساڵی رابردوو مەراکش پێوەندی دیپلۆماتیکی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی پێهێنا. سەرۆکی دەزگای دیپڵۆماسیی مەراکش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵنێران ڕایگەیاند کە حکوومەتی مەراکش باڵویزخانەکەی خۆی لە ئێران دادەخا و باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پشتیوانی لە جەبهەی پۆلیساریۆ لە وڵاتەکەی وەدەردەنێ. بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان وەدەردەنرێن و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە نێو بیروڕای گشتیی جیهانییدا بێزراو و تەریک بکەوێتەوە.