کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆڕبەندی لاوانی کوردستان لە قەڵای دێموکرات

23:17 - 25 رەشەمه 2718

  ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٦/٣/٢٠١٩ یەکەمین کۆڕبەندی لاوانی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە قەڵای دێموکرات بەڕێوەچوو. ئەو کۆڕبەندە کە لە چوار پانێل پێکهاتبوو، هەرکام لە بەڕێزانی نوێنەر لەسەر دۆخی کورد و هاوکێشە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان کۆمەڵێک بابەتیان باس‌کرد و دواتر بە کۆدەنگییەوە بڕیارەکان پەسند کران. سەرەتای کۆڕبەندە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان و وتەی کردنەوەی کۆڕبەندەکە لەلایەن خاتوو شەونم هەمزەیی، ئەندامی ڕاوێژکاری بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان دەستی پێکرد و دواتر بەڕێز پێشەوا عەلی‌پوور، سکرتێری یەکیەتیی دێموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان ئامانج لە کۆڕبەندەکەی شی کردەوە و لە وتەیەکدا باسی لە دۆخی هەرچوار بەشێ کوردستان و گەلەکۆمەی ئیقلیمی لە دژی کوردی کرد. بەڕێزیان دواتر باسی گواستنەوەی بەردەنگی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بۆ رای گشتیی کرد. هەر لە بڕگەکانی سەرەتای کاری کۆڕبەندەکەدا بەڕێز سمایل بازیار مێژووناس و مامۆستای زانکۆ کورتەیەک لە مێژووی دۆخی خەباتی هەرچوار پارچەی کوردستانی پێشکەش کرد و لە دەلاقەیەکی کوردانەوە دۆخی هەرچوار بەشێ کوردستانی بە پشتبەستن بە بەڵگە و فاکتە مێژوویەکان خستە روو. دوای قسەکانی مامۆستا سمایل بازیار، لە درێژەی کاری کۆڕبەندەکە هەرکام لە نوێنەرانی بەشدار ، خۆیان و ڕێکخراوەکانیان ناساند. لە پانێلی دەستپێکی کۆڕبەندەکە، ئەحمەدمحەممەد ئەمین پانێلی لاوانی ڕۆژئاوای پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە شێوەی بەرێوەبەری رۆژئاواڤا و هەروەها زەرورەتەکانی یەکبونی نەتەوەیی کرد لە بەرامبەر گرفتەکانی بەروەروویان. پاشانا سیروان گەردی پانێلی باشووری کوردستانی بەڕێوەبرد و تێیدا باسی گرنگی بەشداری گەنج لە ناوەندی بڕیاری سیاسیدا کرد و مەهارەتی لاوانی وەک هێزی پێشەنگ خستە روو. لە دوای خوانی نیوەڕۆ کۆڕبەند دڕیژەی بە کارەکانی خۆی‌ دا و بەرێز ڕێباز هاشم سکرتێری یەکیەتیی لاوانی کوردستان  لە نێگایەکی دیکەوە دۆخ کورد و لاوانی کوردی لە باشووری کوردستان خستە بەرباس و بە رەخنە لە بازاڕی ئازادی کار لە باشوور گرنگی ژیانی سوسیالیستی خستە روو. پاشان بەڕێز سدقی ڤەکار بە هاوسەرۆکی لاوانی”هـ دە پ” لە ئورفا کورتەیەکی لە سەر دۆخی باکووری کوردستان و دەوری لاوان لە شۆڕشی مانگرتن لە خواردن و هەروەها گۆشەگیری زیندانیانی سیاسی خستەڕوو. لە پانێلی کۆتایی کە تەرخان کرابوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەوا عەلی‌پوور و ئەمجەد حوسێن‌پەناهی لەسەر هەلومەرجی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و بەستێنەکانی خەبات بۆ تاکی رۆژهەڵاتی بە سەرنجدان بە هەروەزە نەتەوەییەکان کورتەیەکیان پێشکەش کرد. شیاوی باسە بڕیارە پەسند کراوەکان لەو کۆڕبەندەدا بریتی بوون لە: باکووری کردستان؛ کۆتایی‌هاتن بە گۆشەگیری سەر زیندانیانی سیاسی و بەرزنرخاندنی خەباتی ژنان و لاوان لەو بەشەدا. باشووری کوردستان؛ پێویستە لاوان لە بازنەی بڕیاردا خۆیان ببیننەوە و ڕێز لە سەرکردە شۆڕشگێڕەکانیان بگرن. ڕۆژئاوای کوردستان: پێویستە لایەنەکان بەیەکەوە ئیدارەی خاک و خەڵکی ڕۆژئاوا بکەن و هێزی هاوبەش بۆ پارێزڤانی خاک و خەڵک پێک بێنن. ڕۆژهەلاتی کوردستان؛ مانگرتنی ۲۱ی خەرمانانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک رێفراندۆمی رۆژهەڵاتی کوردستان ناسێندرا و هەروەها پێویستە لاوانی ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێن بۆ کۆنفڕانسی لاوانی چوارپارچەی کوردستان.