کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کینیا حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بۆ دوو ئەندامی سپای قودس پشتڕاست کردەوە

14:45 - 26 رەشەمه 2718

دادگای بەرزی کینیا، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بۆ دوو ئەندامی سپای قودسی ئێران بە تۆمەتی کردەوەی تێرۆریستی لەو وڵاتە پشتڕاستکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کینیایی " The Start " ئەحمەد ئەبوئەلفەتحی محەممەد و سەید مەنسوور مووسەوی کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٣ بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرابوون، ئێستا دەبێ ١٠ ساڵی دیکە لە حوکمەکەیان لە زیندانی " کامتی" کینیا بەسەر بەرن و دوای ئەوە دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە. کاربەدەستانی ئەمنی حکوومەتی کینیا، مانگی فەوریەی رابردوو، " هادی فرجوند" باڵوێزی ئێرانی لەو وڵاتە تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵیداوە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەو دوو تێرۆریستە لەو وڵاتە دەرباز بکات. سەرۆکی دەفتەری دادستێنی گشتیی کینیا ڕایگەیاند کە باڵوێزی ئێران بە فەرمانی کاربەدەستانی دەوڵەتی تاران هەوڵی داوە وابنوێنێ کە کۆماری ئیسلامی ئاگاداری ئەو پلانە نییە. پۆلیسی کینیا دوو کەسی بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە باڵوێزی ئێران دەسبەسەر کرد. ئەو دوو کەسە بەڵێنیان بە باڵوێزی ئێران دابوو کە دەتوانن ئەو دوو تێرۆریستە بە قاچاغی لە زیندان دەرباز بکەن. دوای ئەوەی کە باڵوێزی ئێران باوەڕ بە بەرنامە و پلانی ئەو دوو کەسە دەکا، لە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بۆ ٨ی فەوریە ٣ بلیتی فڕۆکە بۆ خۆی و ئەو دوو تێرۆریستە دەکڕێ و دەیهەوێ دوای نەجات دانیان لە زیندان بەرەو ئێران دەربازیان بکات، بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە پیلانەکە ئاشکرا دەکرێ و باڵویزی ئێران بۆ لێپرسینەوە بانگ دەکرێ. کاربەدەستانی دەوڵەتی کینیا پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو دوو تێرۆریستە سەر بە سپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە تایبەتن بە کردەوەی تێرۆریستی لە دەرەوەی وڵات. ئەو دوو تێرۆریستە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە گیراون و دوای دانپێدانانەکانیان ١٥ کیلۆ مەوادی تەقینەوەیان لێ ئاشکرا بووە. کاربەدەستانی دەوڵەتی کینیا ڕایانگەیاند کە ٨٥ کیلۆ مەوادی تەقینەوە گەیەندراوەتە نێو وڵاتی کینیا بەڵام تا ئێستا نەدیتراوەتەوە. لە مانگی ژوئێنی ٢٠١٨ پۆلیسی ئینتەرپۆل هۆشداریی دا کە کاربەدەستانی ئێرانی لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕیگای پەیدا کردنی کاربەدەستانی دەوڵەتی کینیا، بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو دوو تێرۆریستە لە زیندان نەجات بدەن. هەر لە ساڵی ٢٠١٦ دا دوو کەسی دیکەی ئێرانی کە لە هەوڵی نەجاتدانی ئەو دوو تیرۆریستە دابوون، لە لایەن پۆلیسی کینیاوە دەسبەسەر کران.