کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٢ ڕێکخراوی پارێزەری مافی مرۆڤ خوازیاری درێژکردنەوەی مەئمووریەتی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤن لە ئێران

15:25 - 26 رەشەمه 2718

ئەو ڕێکخراوانە لە ڕاگەیەندراوێکدا پێداگرییان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە ئێراندا بە شێوەیەکی زۆر توندتر زیادی کردووە. دوای هەر دوو ڕیپۆرتێری پێشوو واتە ئەحمەدی شەهید و عاسمە جەهانگیری، جاوید ڕەحمان بەهۆی نەخۆشکەوتنی عاسمە جەیانگیری وەک ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ئێران دیاریکرا. جاوید ڕەحمان ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە سەرکوتی چالاکانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و چالاکانی سینفی زیاتر و توندتر کردووە. ئەو ڕێکخراوانە لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیاندا پێداگرییان لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا سەرکوت و توندوتیژی لە ئێراندا بە تایبەتی دژی کەمایەتییە نەتەوەییەکان زیادی کردووە و لانیکەم پێنج کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە ناوەکانی " وەحید سەیادی، کاوس سەید ئیمامی، سینا قەنبەری، وحید حیدری، شەهاب ئەبتەحی زادە و تالب بەساتی ئەو زیندانیانەن کە لە ساڵی ڕابردوودا لە زیندانەکانی ئێران دا گیانیان لەدەستداوە. هەر لەو ساڵەدا ٦٣ چالاکی ژینگەپارێزیی دەسبەسەر و لە زیندانەکاندا ڕاگیراون، بە تایبەتی ئەو هەشت چالاکەی کە ڕەنگە لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەیەکی ناعادڵانە حوکمی درێژماوە یا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردابسەپێ. لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە دانانی "ئیبڕاهیم رەئیسی " وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی کراوە کە تاوانباران لە دەزگای قەزایی دا بەرپرسایەتیەکانیان پارێزراوە. پێشتریش زیاتر لە ١٠٠ چالاکی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان لە دانانی "ئیبڕاهیم ڕەئیسی" لەو پۆستدا دەربڕی و رایانگەیاند کە دیاریکردنی ناوبراو، کولاندنەوەی برینی کەسوکاری کۆمەڵکوژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییە و پاداش بۆ جینایەتکاران و گوێنەدانی ڕێبەرە بە بیروڕای گشتی جیهانی و نیوخۆیی. ئیبڕاهیم ڕەئیسی کە ١٦ی ڕەشەمەی ئەمساڵ بە سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران دیاریکراوە، لە لیستی ڕەشی مافی مرۆڤی یەکیەتی ئورووپا دایە و "ڕەئیسی" یەکێک لەو چوار کەسەیە کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییدا حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکانیان دەدا و سەدان کەس بەبڕیاری ناوبراو بێسەروشوێن و بە مەرگ مەحکووم کران.