کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«بەرەی یەکگرتووی کورد» بە بۆنەی ساڵی نوێیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

14:50 - 27 رەشەمه 2718

بەرەی یەکگرتووی کورد لە بەرەبەری هاتنی نەورۆز و ساڵی تازە ڕوو بە خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە. لە بەشێک لە پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد بە ئاماژەدان بە دۆخی سیاسیی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا هاتووە؛ ئێران لە ساڵی بەرەو کۆتاییدا، بە ڕەوتێکی باشدا تێنەپەڕیوە، ھەڵاوسان، بێکاری، گرانی، گەندەڵی و ڕکوودی ئابووری بەردەوام لە زیاد بووندا بووە، زیندانەکان ھەروا قەرەباڵغن و چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی ھەروا لە ژێر گوشار دان، ئێعدام ھەر بەردەوامە و کورد و داواکاریەکانی ھەروا پشت گوێ خراون. دەوڵەتی ڕۆحانی رۆژ لەگەڵ رۆژ لە دروشمەکانی خۆی کە بووە ھۆی متمانە پێکردنی کۆمەڵگا، دوور کەوتۆتەوە. کوردستانی ئێرانیش وێڕای کۆی ئێران تووشی ھەموو ئەو قەیرانە گشتیانەیە و کێشەکانی وەک بێکاری و نەبوونی پلانی پیشە سازی و ژێرخانە ئابووریەکان، ھەروەک پێشوو لە پلەی ئاخری ئێراندان، سەرەڕای ئەوەیکە کێشە تایبەتیەکانی کوردستان وەک کێشەی کۆڵبەری و بێکاری زیادە لە ڕادە و ھەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزھەبی دەردی سەروی دەردانن، مافی کلتووری و سیاسیش بە ھێند ناگیرێن و ئاوڕێکی جیدیش لە زمانی کوردی نەدراوەتەوە و نوخبە و خوێندکاری کورد ھەر لە پەراوێز دایە و کەسانی نا لایقی کورد لە لایەن حکوومەتەوە بوونەتە ھێمای بەڕێوەبەرایەتی کوردی و پشکی کورد لە دەسەڵاتدا. لە درێژەی پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد هاتووە ؛ « بەرەی یەکگرتووی کورد» بە بۆنەی ساڵی نوێ و نەورۆزی پیرۆزی کوردەواریەوە داوا لە ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان دەکات بە یەکگرتووییەوە بەشداریی لە ئاھەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بکەن و بیسەلمێنن کە بۆ کورد نەورۆز سەمبولی ئاشتی و تەباییە و ئاگری نەورۆز؛ سەمای ئازادی نەتەوەیەکی کەونارایە.