کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانەری ئاوازی "بە تەنیا جێم مەهێڵن" لە حەڵەبجەی شەهید خەڵات کرا

21:21 - 27 رەشەمه 2718

بە پێی هەواڵی باسنیوز ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە شاعێر و ژەنیار و ئاوازدانەری جوانکاری کورد، مامۆستا عەلی عابدی کە بە ئاوازی "بەتەنیا جێم مەهێڵن"ەوە ناسراوە لە شاری حەڵەبجە پاش ٣١ ساڵ ڕێزی لێ‌گیرا و، خەڵات کرا. ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی حەڵەبجە بە هاوکاری سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزی لە هونەرمەندی گەلدۆست و بێ ئیدیعای کورد مامۆستا عابدی گرت. شیاوی باسە مامۆستا عەلی عابدی هونەرمەند و قەڵەمبەدەستی دەروەستی سەقزی لە دایک‌بووی ساڵی ساڵی 1348ی ھەتاوییەوە لە دەیەی ٦٠هەتاویی بە شێوەی جیددی چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لە بواری ژەنیاری و نووسین و ئاواز دانانەوە دەسپێکردوەو، بێ زوور وبۆری چەند بەرهەمی ڕەنگاڵەی پێشکێش بە باخچەی میووزیکی کوردی کردوە. "مزگێنی دا بە سروەی بای بەهاری" یەکێک دیکە لە کارەکانی مامۆستا عەلی عابدییە. جێی‌وەبیرهێنانەوەی کە عەلی عابدی یەکەم کەس بوو کە بۆ کارەساتی دڵتەزێنی کیمیابارانی حەڵەبجە ئاوازی " بەتەنیا جێم مەهێلنن"ی داناوە لە ماوەی ٣١ ساڵ زۆرجار بە ناو نەهێنانی وەکوو خاوەنی یەکەمی ئەو ئاوازە جەفای لێ‌کراوە. ئەو هونەرمەندە لە کاتێک دەورەست‌بوونی خۆی بە نەتەوەکەی سەلماند کە دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەها بەرهەم گەڵێک نالەبار و پڕ لە زەبر و زەنگ بوو. ژەنیار و گۆرانیبێژی سەقزی مامۆستا عابدی تا ئێستا چوار کتێبی لە بواری میووزیک و ئاوازی کوردی بڵاو کردوتەوە. یەکێک لە کارە جوانەکانی مامۆستا عەلی عابدی بەرھەمێکی موزیکاڵ بە شیعر و نۆت و نەققاشی و گۆرانی بۆ منداڵانە کە ساڵی 2012ی زایینی لە لایەن ڕێکخراوەی ئیزیرتوو چاپ و بڵاو کراوەتەوە.‌