کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی کردەوەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورووپا

21:32 - 27 رەشەمه 2718

کاربەدەستێکی ئەمریکایی هۆشداری دایە بریتانیا وڵاتانی دیکەی ئورووپایی کە ئێران لە هەوڵی کردەوەی تێرۆریستی دایە لە خاکی ئەو وڵاتانە و پێویستە وڵاتانی ئورووپایی پێش لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە بگرن. "نیتان سیلز" ڕێکخەری بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بۆ وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی بریتانیایی سەفەری لەندەنی کردووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی " دەیلی تێلیگراف" باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە بریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئورووپایی. وتەکانی ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی کە لە ماڵپەڕی "دەیلی تێلیگراف" دا بڵاوبوونەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە دوای چەند هەوڵێکی تێرۆریستیەوە بووە و و ئێستاش دەتوانێ ئەو کردەوە تێرۆریستیانە لە وڵاتانی ئورووپایی ئەنجام بدات. "سلز" ئاماژەی بە دەرکردنی باڵوێزەکانی کۆماری ئیسلامی کرد لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠ی زایینیدا. شایانی باسە کە بە دوای بڕیاری دادگای میکونووس دا، لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دا، وڵاتانی ئورووپایی بۆ بۆ دژکردەوە بەو کردەوە تێرۆریستیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران بانگهێشت کردەوە و بریاری دادگای میکونووس و هەڵویستی وڵاتانی ئورووپایی ڕیسواییەکی گەورەی بۆ ڕێژیمی ئاخوندی بەدوای خۆیدا هێنا. لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی گەڵالەی بۆمب دانانەوە لە کۆبوونەوەی یەکێک لە ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە فەڕانسە لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە و هەوڵدان بۆ بۆ تێرۆری دژبەرانیان لە هولەند و دانمارک، پێوەندییەکانی ئورووپا و ئێران ساردی تێکەوت و ئەوەش بوو بە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ئورووپایی.