کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا سەردار ئەحمەد، ژەنیار و هونەرمەندی ناسراوی کورد ماڵاوایی لە ژیان کرد

01:27 - 28 رەشەمه 2718

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمە مامۆستا سەردار ئەحمەد، هونەرمەندی ناسراوی کوردی خەڵکی کۆیە پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ ماڵاوایی لە ژیان کرد. تەرمی مامۆستا سەردار ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی هونەرویستی کۆیەدا و لە گۆڕستانی "کەکۆن" بە خاکی سپێردرا. لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مامۆستا سەردار ئەحمەددا کە ساڵانێک خزمەتی بە موسیقیی کوردی کرد و لە دامەزرێنەرانی گرووپی مووسیقی باواجێی کۆیە بوو، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک هونەرمەندانی دەڤەری کۆیە بەشدارییان کرد و پەیامی هاوخەمی خۆیانیان پێشکەش کرد. شیاوی باسە ئەو هونەرمەندە دەروەستە لە دۆستانی نیزیکی حیزبی دێموکرات و زۆر خزمەتی هونەریی بە تێکۆشەرانی دێموکرات کرد و هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەی مامۆستادا بەشدارییان کرد و لە نیزیکەوە هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکەی و خەڵکی شاری کۆیە دەربڕی. سەردار ئەحمەد، موسیقاژەنی ناوداری کورد ساڵی 1945 له‌ شاری كۆیه لەدایک بووە و ڕۆژی یەکەشەممە 2019.3.17 بەهۆی نەخۆشییەوە‌ له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا دڵە مێهرەبانەکەی لە لێدان کەوت. سەردار ئەحمەد سەرۆکی تیپی باواجی كۆیه و بە یه‌كێك له‌ ژەنیارە به ‌ئه‌زموونه‌كانی كورد ناوی دێ. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەمەگناسییەوە یادی ئەو هونەرمەندە دڵسۆزە بەرز ڕادەگرێ و پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم هونەرمەندانی کورد، بەتایبەتی بنەماڵەی مامۆستا سەردار ئەحمەد عەبدوڵڵا دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ. یادی بە ناز و نیاز بێ.