کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخێکی پڕ مەترسی بۆ ئێران

17:33 - 28 رەشەمه 2718

ئابڵۆقەی ئابووری و قەیرانی بەڕێوەبەردنی وڵات، گەندەڵی و بێسەرەوبەرەیی هەموو ئۆڕگان و دەزگاکانی وڵاتی ئێرانی تووشی سەرلێشێواوی کردوە و خەڵکیشی بێ‌هیوا کردوە. بەشێوەیەک کە تەنانەت ئۆڕگانە ئەمنیەتییەکانی سەر بە دەسەڵاتیش هاتوونە دەنگ و زۆرێک لە بەرپرسانی دەوڵەتیش هاواریان لێ بەرز بۆتەوە. کۆمەڵگە لە شڕبوونێکی بێوێنەدایە و ئەگەر بەم شێوە بڕواتە پێش هیچ گومان لەوەدا نیە کە بەمزووانە دەسەڵات تووشی کۆمەڵێک ڕووداو دەبێت کە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداریی خۆیدا چاوەڕوانی نەکردبێ و درێژەکێشانیشی بە بێ ئاڵوگۆڕ،کۆمەڵگە تووشی دۆخێکی پرمەترسی دەکات. نرخی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک بەشێوازێکی سەرسووڕهێنەر و گوماناوی رۆژ لەگەڵ رۆژ لە بەرزبوونەوە دایە و نرخەکان چەندین بەرانبەر بەرزبوونەتەوە. چیدیکە بۆ وێناکردنی دۆخی ئابووریی خەڵک لە دەستەواژەی "هەژاری" ئیستفادە ناکرێ، بەڵکوو ئەوە "برسیەتی"یە کە دۆخی گوزەرانی ئەمڕۆژی خەڵکێکی زۆربەی ئێرانی پێ پێناسە دەکرێ. زۆربەی منداڵان بە هۆی هەژارییەوە چیدیکە نانێردرێنە بەر خوێندن و سفرەی ماڵان رۆژ لەگەڵ رۆژ چووکەتر و بەتاڵتر دەبێ. پێداویستییە بێهداشتییەکان زۆر بە دژواری بۆ خەڵک دابین دەکرێن. زۆربەی نەخۆشخانەکان بە هۆی کەمیی کەرەستەی بێهداشتیەوە تووشی قەیران بوون. نرخی دەوا و دەرمان بۆخۆی دەردێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێرانە. لە کوردستان دۆخەکە زۆر دژوارتر و کارەساتبارترە. سیاسەتی لە پاشکەوتووییدا هێشتنەوەی کورستان لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەم نیشتمانەی تووشی دۆخێکی نالەبارتری ئابووری کردوە. بێکاری گەورەترین مەترسیی سەر ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستانە. دۆخەکە لە شارە سنوورییەکان چەند قات شپڕێوترە. تەنیا دەرفەت و دەرەتانی خەڵکی ئەم مەڵبەندانە کە کرێکۆڵی و کۆڵبەرییە،ئەویش لە لایەک بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی وەرزی سەرماوە، جێی هێواپێبەستن نیە. دۆخی هەنووکەیی ئابووری لە ئێران بەتەواوەتی  شوێنەواری لە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتیان داناوە؛ خەرج و تێچووی قوتابخانە و زانکۆکان بەتەواوەتی کەوتۆتە سەر بنەماڵەکان و هەزینەی ئاو، برق و گاز چەند بەرانبەر بووە و پێداویستیی نەخۆشەکان چیدیکە لەلایەن نەخۆشخانەکانەوە دابین ناکرێ و نەخۆش دەبێ خۆی هەوڵی دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی خۆی بە چەند بەرانبەری قیمەت بدات. هەر لە سۆنگەی دۆخی ئابوورییەوە، دیاردەی بەرتیل و ڕشوەخۆری بە شێوەیەکی بەربڵاو و تەنابەت بە ئاشکرا، زۆربەی دام و دەزگا و ئۆڕگانە دەوڵەتییەکانی تەنیوە و ئەوەی دەسەڵاتی ڕازیکردنی کاربەرێکەرانی بە دانی بەتیل و ڕشوە نەبێ، دەبێ  بۆ چەند رۆژیک لە پشت درگاکان بە ماتڵی بمێنێتەوە. درێژەی ئەم دۆخەی بەسەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە، گەلێک مەترسیدارە. پەرەسەندنی کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتی کە ڕاستەوخۆ دەتوانن زەربە لە  سڵامەتی و ئەخلاقی کۆمەڵگە بدەن، رۆژ گەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دان. بۆیە دۆخەکە زۆر لەوە پڕمەترسیدارترە کە بەچاو دەبیندرێ.