کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ئێران، ماڕاتۆنی سزا و خۆلادان

04:08 - 29 رەشەمه 2718

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەکاندا کە وەزیرانی نەوتی چەند وڵاتێکیش تێیدا بەشدار بوون، ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بە تەواوی ڕابگرێ. لەلایەکی دیکەوە بریکاری کاروباری تێرۆریزم و زانیارییە ماڵییەکانی وەزارەتی خەزێنەداری ئاشکرای کردووە کە لەو بنیاتەی ژێر دەسەڵاتی ئەودا بەشێکی نوێ کراوەتەوە هەتا زانیاریی زیاتر لەسەر ئێران کۆ بکرێتەوە و هەموو ڕێگا نوێیەکانی بەربەرەکانی لەگەڵ تاران پێیان بزاندرێ و دەکار بکرێن. هاوکات لەگەڵ ئەم کۆبوونەوە و گۆڕانکارییانەدا، حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەردانی عێراقی کرد هەتا بتوانێ بەرپرسانی ئەم وڵاتە قایل بەوە بکا لە دەورلێدانی سزاکانی ئەمریکادا لە پشتیان بن. پرسیار ئەمەیە کە براوەی ئەم ماڕاتۆنە کێ دەبێ؟ مایک پۆمپێئۆ لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ تەریکخستنەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە، 21ی ڕەشەمە لە هیۆستۆن لە ئەیالەتی تێگزاس خانەخوێی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت و وزە و هەروەها وەزیرانی کۆمەڵە وڵاتێک بوو. ئەو لەو کۆبوونەوەیەدا پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە ئیدارەی تڕامپ سوورە لەسەر ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بە تەواوی ویشک بکا، بۆیە وا باشە کۆمەڵگەی جیهانی لە پشتی بێ بۆ ئەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ژیاندنی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی کورت بکرێتەوە. دەوڵەتی تڕامپ دەڵێ تاران هەروەک جاران پاڵپشتی لە تێرۆریزم دەکا و لە چالاکیی تێکدەرانەی لە وڵاتانی ناوچەدا بەردەوامە و پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکان دەستی ڕێژیمی بۆ نائەمنیی زیاتری ناوچەکە ئاوەڵاتر کردووە. هاوکات و هەر هەمان ڕۆژ "سیگال مێندلکەر"، جێگری کاروباری تێرۆریزم و زانیارییە ماڵییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێک لە کومیتە لاوەکییەکانی نوێنەراندا گوتوویەتی بنیاتەکەیان بەشێکی نوێی بۆ چاودێریی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەموو جموجۆڵەکانی ڕێژیمیان لەبەرچاو بێ. دەوڵەتی تڕامپ لە یەک ساڵی ڕابردوودا کە لە "بەرجام" کشاوەتەوە، گەڕێکی دی لە گەمارۆکانی خستووەتەوە سەر ئێران، بەڵام خاتوو مێندلکەر دەڵێ ئیدارەی تڕامپ لەسەر بەردەوامیی "گوشارە قورس"ـەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی سوورە. ئەو دەڵێ وڵاتەکەی بۆ هاوڕاکردن و ڕەگەڵ خستنی وڵاتانی ئورووپا سەبارەت بە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران لەسەر ئەمنیەتی جیهان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە کەوتۆتە دانوستان. مێندلکەر دەڵێ ئێمە بەئاشکرا گوتوومانە هەر کەس و لایەن و وڵاتێک بیانەوێ گەمارۆکانی ئەمریکا دەور لێدەنەوە بۆ ئەوەی سەودایان لەگەڵ ئێران هەبێ، خۆیان خستووەتە بەر مەترسییەکی گەورە؛ چونکی دەستیان لە سیستمی ماڵیی ئەمریکا کورت دەکرێتەوە و ئیدی ناتوانن لەگەڵ ئەم وڵاتە مامەڵە و بازرگانییان بمێنێ. لەو لاش ئێران دەستەوەستان دانەنیشتووە و دەڵێ هەوڵەکانی ئەمریکا مایەپووچ دێڵنەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام بڕیارێکی "نایاسایی"یە و لە هەوڵ دایە چارەسەرێک بۆ بەردەوامیی سەودا و مامەڵە و پێوەندییە ئابوورییەکانی بدۆزێتەوە. ئێران هەروەها پێی وایە کە سیاسەتی سزادانی ئەمریکا و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی نایەتە دی، چونکی ئەوان چوار دەیەیە ململانێی گوشارەکانی ئەمریکا دەکەن و بەپێی ئەزموونیش بێ زۆر کون و کەلەبەریان هەیە بتوانن نەوتی پێدا بەڕێ بکەن و کاریگەریی سزاکان بە لانیکەمی خۆی بگەیەنن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە حەوتووی ڕابردوودا حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ یەکەمجار سەردانی عێراقی کرد. ئەم سەردانە گرینگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، چونکی سەرۆک کۆماری ئێران ڕووی کردووەتە وڵاتێک کە 8 ساڵی ڕەبەق لەگەڵی لەشەڕدا بوو و خەونی بە وێرانکردن و شکستدانی دەبینی؛ بەڵام ئێستا تەنیا ئەو شک دەبا داڵدەی بدا و لە قۆرتی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕزگاری بکا. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ عێراق دەبێتە ئەو ڕزگاریدەرە؟ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نایشارنەوە کە چاوەڕوانیی ئەمەیان هەیە عێراق دوای پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە لە شەڕی داعش لە پشتی ئێران بمێنێتەوە و ئێستا کە چەقۆی گەمارۆکانی ئەمریکای لەسەرە، وەک حەسارخەڵوەتێکی باش بۆ ئابووریی ئەم وڵاتە بێ و یارمەتیی بدا سزاکانی ئەمریکا مایەپووچ بێتەوە. ئێران لە کاتێکدا ئەم داوایەی هەیە کە ئەم دوو وڵاتە کێشەی زۆریان لەسەر پرسی سنوور و مامەڵەی نێوانیان هەیە، چونکی ئێران بە تەواوی لە عێراق بەگلەییە کە هاوکارییەکانی کەم کردووەتەوە و ئاستی بازرگانیی نێوانیان لە کەمیی داوە. ئەو سەردانەش لە کاتێک دایە کە بارودۆخی ئێران بەتەواوی شپڕێوە و ئەم وڵاتە کەوتووەتە گێژاوی قەیرانە ئابوورییەکان و لە سۆنگەی گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکاوە خەریکە هەرەس دێنێ. بایەخی دراوی نیشتمانیی ئێران بە تەواوی دابەزیوە و ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی ئەم وڵاتەش هەردەم لە پەرەسەندن دان؛ بۆیە ئەم پرسیارەش جیدییە کە ئاخۆ عێراق گرێو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەکا؟ نیشانەکان دەڵێن کە لەوانەیە وابێ. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە هانای ئێرانەوە دەچێ و کۆماری ئیسلامیی لەوە دڵنیا کردۆتەوە کە باری قورسی گەمارۆکانی ئەمریکایان لەسەر شان سووک دەکەن. بەرهەم ساڵح لە پرێس ‌کۆنفڕانسێکدا گوتی کە وڵاتەکەی دژی سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێرانە و عێراق نابێتە بەشێک لەو گوشارە و ئەوەندەی لە توانایدا بێ هەوڵ دەدا بەرژەوەندییەکانی ئێران بپارێزێ. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هیوایەکی زۆری لەسەر ئەم بەڵێنانە هەڵچنیوە. ئاشکرایە ئێران پەیوەندیی زۆر نیزیکی لەگەڵ زۆربەی سیاسەتمەدارە شیعەکانی عێراق هەیە کە بەشی زۆریان لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراقدا پەنایان بۆ ئێران بردبوو. وەک، مەجلیسی باڵای ئیسلامیی عێراق، ڕێکخراوی بەدر، حیزبی «الدعوة» کە دوو سەرۆک وەزیری پێشوو، "نوری ا‌لمالکی و حیدر ا‌لعبادی" لە ئەندامانی ئەم حیزبە بوون و هەروەها موقتەدا سەدر، کەسایەتیی ئایینی ناسراو کە پەیوەندییەکی پڕ لە هەوراز و نشێو و جار دۆستانە و جار پڕکێشەی لەگەڵ تاران بووە، بەڵام قەت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران نەپچڕاندووه‌. بەگشتی، ئێران لە ڕێگای دزه‌کردنه‌ نێو ئه‌م گرووپانە و لایەنە دەسەڵاتدارەکان تا ڕادەیەک هەڵوێستی دۆستانە و سەرنج و پشتیوانیی بەغدای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ئێستا پشت ئەستوور بەوانە، بە تەمایە خۆی لە تیغی سزاکانی ئەمریکا ڕزگار بکا، بەڵام دواجار کێ لە مەیدانی عێڕاقدا دەیباتەوە، ئێران یان ئەمریکا؟ شەڕی وزە مەیدانی سەرەکیی ململانێی ئەمریکا و ئێرانە. لە ئێستادا هەشت کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێران، (چین، هیند، ژاپۆن، کۆرەی باشوور، تایوان، تورکیە، ئیتالیا و یوونان)ی بە شێوەی کاتی لە سزادان بواردووە، بەڵام ئەو وەلانانە لە 14ی بانەمەڕدا کۆتایی دێ و ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە چیدی ئەم مۆڵەتە درێژ ناکاتەوە و بەخشینەکانیش هیچ وڵاتێک ناگرێتەوە؛ بەوەش ئێران بەشێوەی قانوونی زۆربەی زۆری کڕیارەکانی لەدەست دەدا. لێرە دایە کە ئێران ناچارە پەنا بۆ فرۆشی بە قاچاغی نەوتەکەی بێنێ، بەڵام بۆ ئەوەش گەلەپاپۆڕی پێویستی لەبەردەستدا نییە و دیسانەکەش پێویستیی بە عێڕاقە! هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئاشکرای کردووە کە ئێران بەتەمایە لە وڵاتانێکی وەک ویتنام بەدزی چەند نەوتهەڵگرێکی دەستی دوو بکڕێ، چونکی ناوگانی دەریاییەکەی لە کەلک کەوتووە و، ئێستاش بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا ناتوانێ سووک و سانا مامەڵەی نەوتبەری نوێ بکا. ڕۆیتێرز دەڵێ پاناما لانیکەم 21 نەوتبەری لە کەلککەوتووی ئێرانی لە لیستەی خۆی دەراویشتووە و ئێران بە تەمایە جێگەیان بە نەوتبەری کارکردوو پڕ بکاتەوە. هەناردەکردنی نەوت بۆ ئێران زۆر گرینگە. نەوت شادەماری ئابووریی ئێرانە و پتر لە سەدی 70ی بودجەی دەوڵەت و هەروەها تێچووی حوکمەت لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دابین دەبێ، بۆیە کێشەی جیدی لەبەردەم هەناردەی نەوت، ئەم وڵاتە بەرەوڕووی زۆر قەیرانی گورچکبڕی دیکە دەکاتەوە. بەڵام گەمارۆکانی ئەمریکا هەر ئەوە نین کە ڕێگە لە فرۆشی نەوتی ئێران دەگرن؛ بەڵکوو لەم بەشەشدا کۆسپێکی دیکەن لەبەردەم نوێکردنەوەی ناوگانی لەکەلککەوتووی نەوتبەری ئەم وڵاتەدا. لەم بارودۆخە کەم کەس و لایەن دەوێرێ بیر لەوە بکاتەوە سەودای لەگەڵ ئێران هەبێ؛ چونکی هەرچەشنە هاوکارییەک بە مانای لە دەستدانی پێوەندیی ئەوانە بە سیستمی ماڵیی ئەمریکا و، ئەمە شتێک نییە وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بیانەوێ لێی تێپەڕن یان باجی ئەم زیانە قورسەی بۆ بدەن. ئێستا ئەوەی ماوەتەوە ئەمەیە کێ براوەی ئەم ماڕاتۆنە دەبێ و پێشهاتە سیاسییەکان لە داهاتوودا چ گۆڕانکارییەک لەم هەڤڕکێیەدا پێک دێنن؟