کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵی تێرۆریستی لە ئارژانتین دەسبەسەر کران

17:07 - 29 رەشەمه 2718

دوو کەسی ئێرانی تۆمەتبار بە هەوڵی کردەوەی تێرۆریستی لە ئارژانتین، بە پاسپۆرتی ساختەی ئیسڕائیلیەوە دەسبەسەر کران. بەپێی ڕاپۆرتی " ژان- لوویی بووشە" هەواڵدەری ڕادیۆ نێونەتەوەیی فەڕانسە، لە " بوینس ئایرس"ی ئارژانتین ژن و پیاوێکی ئێرانی کە بە پاسپۆرتی ساختەوە چووبوونە ئەو وڵاتە دەسبەسەر کران. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دەسبەسەر کردنی ئەو دوو ئێرانییە هاوکاتە لەگەڵ بیست و حەوتەمین ساڵوەگەڕی هێرشە خوێناوییە تێرۆریستییەکەی سەر سەفارەتی ئیسڕائیل لە ئارژانتین کە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێدابوو. لەو هێرشە تێرۆریستییەدا کە لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا، ٢٩ کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوون. هەواڵدەریی " ئاڕ ئێف ئەی" لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی دا نووسیویەتی: ئەو دوو ئێرانیە پاسپۆرتەکانیان لە ژن و پیاوێکی ئیسڕائیلی دزیوە و توانیویانە بەو پاسپۆرتانە خۆیان بگەیەننە ئارژانتین. بەپێی لێداونی پۆلیس ئەو دوو ئێرانییە لە ماوەی شەش ڕۆژدا سێ جار شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە. ئەو دوو ئێرانییە گوتبوویان کە وێنەگر بوون و لە ترسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتیان بەجێهێشتوە، بەڵام پۆلیس توانی دەست بە سەر دوو پاسپۆرتی ساختەی دیکە و دوو تەلەفۆن دابگرێ کە ئەو دوو ئێرانییە بە هۆی ئەوانەوە بە چەند وڵات دا تێپەڕیون و خۆیان گەیاندۆتە ئارژانتین. دەسبەسەر کردنی ئەو دوو ئێرانیە کە هاوکاتە لەگەڵ ٢٧ەمین ساڵوەگەرێ ئەو کردەوە تێرۆریستیە، پۆلیسی ئەو وڵاتەی زۆرتر خستۆتە گومانەوە و پۆلیس پێی وایە ئەو دوو کەسە بە جیددی لە هەوڵی ئامادەکاری کردەوەیەکی تێرۆریستی دابوون. لە ١٨ی ژوئیەی ١٩٩٤ ی زایینی دا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرا بە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر ناوەندی هاوکاری یەهوودیەکان لە ئارژانتین. دەوڵەتی ئارژانتین پلەبەرزترین کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک عەلی خامنەیی، هاشمی ڕەفسەنجانی، موحسینی ڕەزایی، عەلی ئەکبەر ولایەتی، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی ئەوکاتی سپای پاسدارانی تۆمەتبار کرد بەوەیکە دەستیان لەو کردەوە تێرۆریستیەدا هەبووە و حوکمی گرتنی بۆ ئەو چەند کەسە دەرکرد. دەوڵەتی ئارژانتین دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە ڕایگەیاند کە پلانی ئەو کردەوە تێرۆریستیە لە تاران دانراوە و لە لایەن "عەمماد مەغنییە" ڕێبەری ئەوکاتی حیزبوڵڵای لوبنان جێبەجێکراوە.