کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«خێڵی چەپڵە»

18:19 - 29 رەشەمه 2718

سێ شەو و ڕۆژ بوو جەماوجەم نەبێ وەعەرزی نەدەکەوتن. پێ پێدادان و داوەت و هەڵپەڕینێک بوو نە سەری دیار بوو نە بن. کچ و کاڵ و شۆڕەژن بە جلی ئاڵ و واڵاو کوڕە جحێڵە و سەرەپیاو پۆشتە و پەرداخ گەڕی دیلانیان دەگێڕا. گاوانی لە سەرچۆپی بەگوڕتر و دۆ لە دۆی بێدەعیەتر. دەمێ چەپی و دەمێ سێ پێیی و غایەتێکی شێخانی ... شایی و لۆغانە، گۆڤەندە، زەماوەندە و ڕۆژێکە و ئەوڕۆ. هەموو ڕۆژێ گا نامرێ کفتە بە شاییەکی بێ. دوو بەندبێژی ڕیوەڵەی نابووتەیان لەبەری «شامات»ـەوە بە تەپڵ و تووزەلەوە هێنابوو، بە جووتە لە بەریەکیان دەگێڕاوە و بۆ یەکتریان دەستاندەوە. هیلاک نەدەبوون. پشوویان نەدەدا. لێیان نەدەبڕا. وایان گەرم کردبوو پیرێژنیان وەچەقڵەسەما خستبوو. هەستت دەکرد ئەوەی دەیڵێن نایڵێنەوە. هەستت دەکرد دار و دیوار دەگەڵ ئەو دەنگ و سەدا و ڕمب و کوتە دەلەرزێ. دەتگوت ڕۆژی حەشرە. باب ئاگای لە کوڕی خۆی نەبوو. ئەو چەند ڕۆژە کەس گوێی خۆی نەدابووە ئەو بەندبێژانە ئاخۆ بزانن دەڵێن چی؟! بە کێ هەڵدەڵێن و کێ دەتەقێننەوە؟! هەتا ئەو ڕۆژەی بووک دانەبەزی و بابی زاوا لەبەر پێی گاوگەردوونی نەکرد و زەوی «ئاغداش»ی دەقەباڵە نەکرد، کەس زەینی خۆی نەدابوویە بەند و گۆرانیی ئەو بەندبێژانە. لەوێ بوو کە تێفکرین و، دوای سێ ڕۆژان تازە گوێیان بۆ هەڵخستن و لێیان ورد بوونەوە، دیتیان ئەوە یەکیان هەر دەڵێ: کەلیمەی کونجی کونجانێ ... کونجانێ کوڕە کونجانێ برام کونجانێ ... و دووپات و چەند پاتی دەکاتەوە و ئەوەی دیکەش هەر ئەوەندەی لەبەر دەگێڕێتەوە: بەخودای بابم چاکت گوت، بەخودای بابم خۆشت گوت، کوڕە خۆشت گوت ... خۆشت گوت برام باشت گوت! لە نێو خێڵی چەپڵەدا، بە دەنکە کونجییەکیش دەکرێ گوندێک هەڵپەڕێنی ...