کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیمەنێک لە سارم و میرقاز تا دیاری ناسر و ماڵماڵ

18:22 - 29 رەشەمه 2718

بەرەبەیانیی ڕۆژێکی یەکەم مانگی وەرزی بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بوو. پێش ئەوەی خۆر باڵی ڕووناکی بەسەر زەویدا بکێشێ، ئاگادار بووین کە بەسەر بەرزاییەکانی ناوچەکەمان سارم و میرقازدا جموجۆڵێکی گوماناوی و نامۆ دیارە. بەخێرایی‌ خۆمان توندوتۆڵ کرد و ڕەخت و فیشەکدانمان لە خۆ بەست و چەک لە شان بەرەو بەرزاییەکان هەنگاوەکانمان خێراتر کرد. هێشتا زۆر لە ئاوایی دوور نەکەوتبووینەوە کە کەوتینە بەر ڕەهێڵەی تیری دوژمن. دەرکەوت کە هاتوونە سەرمان. دەبوا بۆ خۆڕێکخستن و تەدبیری پێویست گەڕاباینەوە ئاوایی و بنکە، هەر واشمان کرد. دوو پۆل پێشمەرگەی ئەودیوی بنکەکەی ئێمە لە بەرەنگاری دەگەڵ هێزی زۆری دوژمندا بوون. لە لایەن ئێمەوە، کە وەک بنکەی فەرماندەری بوو، چەند دەستە پێشمەرگە بۆ چەند لا بەڕێ کران. تەقە هەر دەهات و توندتر و نیزیکتر دەبۆوە. زۆری نەخایاند بۆمان دەرکەوت، دەگەڵ هێرشێکی بەربڵاوی هەزاران کەسی لە هێزی داگیرکەری دوژمن بە پشتیوانیی تۆپخانە و هێزی هەوایی و هەموو کەرەسەیەکی سووک و قورس، بەرەوڕووین. ڕۆژێکی زۆر سەخت و دژوارمان لەبەر بوو. کات تێنەدەپەڕی، بەشێک لە هاوڕێیانمان لێ دابڕابوون. ئامرازی پێوەندیمان لاواز بوو. کاتی دەمەولێڵی ئێوارێ، بەرەو بەرزاییەکانی چەکوچ و ماڵۆک هەڵکشاین و چاوەڕوانی یەکگرتنەوەی هاوڕێیانمان لەو بەرزاییە بووین. لە ماوەی بەربەرەکانیی ئەو ڕۆژە دوور و درێژەدا، چوار پێشمەرگە، چوار لاوی دڵ پڕ لە ئاوات و خۆزگە، گیانیان لە پێناوی ویست و ئامانجەکانیاندا بەخت کرد. لە کاتی شەو دەمێک بوو تێپەڕیبوو، هەتا دەگەڵ باقی هاوڕێیانی هەڵبڕاو و ئەوانی بۆ قۆڵەکانی دیکە بەڕێ کرابوون یەکمان گرتەوە. بڕیار درا بەرەو ناوچەی مەنگوڕایەتی بڕۆین. بە دەراوی کامەمێ و بە ڕێگای دۆڵی ئافانێدا بەرەو گاگەشێ. شەوەزەنگێکی بە بارانەی وردەوە، کە چاو هەتەری نەدەکرد. ڕێچکەمان بەستبوو دەست بە پشتێنی یەکتر. هەر بە ماوەی چەند کاتژمێر، پشوودانێکی بەقەدەر سیغارکێشانێکمان هەبوو. هەرچەند زۆر هیلاک و برسی بووین، بەو حاڵەش، وەنەوزمان دەدا و بەو کاتە کەمەش، دەخەو دەکەوتین. تاریک و ڕوونی بەیانی، لە ئاواییەک بۆ پشوودان لامان دا. دابەش بووین. تا ئێوارێی ئەو ڕۆژە، لە حەسانەوەدا بووین. دوایەش بەرەو گاگەش. ئەمەگناسی و بەدەنگ و هانا هاتن و خۆشەویستی و قورسایی باری شۆڕش کە بە زۆری لەسەر شان و ئەرکی خەڵکی ئاواییەکانی کوردستان بووە، هەرگیز نابێ فەرامۆش بکرێ. گەیشتینە گاگەشێ و گوندەکانی دەوروبەر. هەر زوو بنکەکان دامەزرانەوە. ئەوکاتی هەڕەتی لاوەتیم بوو، دەگەڵ ئەوەی دڵم بە پێشمەرگایەتی و شۆڕش بە هەموو چەرمەسەرییەکیەوە خۆش بوو، دڵیشم لە لای کچێکی بوو کە هەرچەند ڕۆژ بەر لەو هێرشە بەربڵاوە، نامە و وێنەیەکیم لە مەهابادەوە بە دەست گەیشتبوو. ئاخر دوو ساڵ بوو، چەقەرەی ئەوینێکی بێخەوش لە دەروونمدا سەری هەڵدابوو. هەر چەند بەهۆی هەلومەرجی ئەو کاتی، ئاکامەکەی لەجیات پێکبڕان، لێک دابڕان بوو. دەمەو ئێوارەیەک کە لە سەردانی یەک لە بنکەکان ڕا دەگەڕامەوە ئەرکانی هێز، لە مابەینی ئاوایی شەکربەگ و گاگەش، هەنگاوەکانم بەرەو گڵکۆی ناسر و ماڵماڵ کە سەرنجمی ڕاکێشابوو، کێشرا. بەپێی ئەرکێکی کە هەمبوو، هەمیشە قەڵەم و کاغەزم دەبا پێبا. لە کۆڵە پشتییەکەم دەرمهێنا و لە کاتێکدا لە گڵکۆکە ڕامابووم، کەوتمە بیری خۆشەویستی و یەکەم پەخشانی دڵداریم، بەبێ ئەوەی بۆی دەفکرەوە چم، بەبێ لەنگە و بە سانایی، ئاوام نووسی: خۆشەویستەکەم (ك)، بەهارێکی دی داهاتەوە تا بەرگی پەژارە لە لەش داڕنین و بە هەستی خەستی ئەوینی ژین بژین. ئەوجارەی لە بەهاری دیاری سەرسەوزی ناسر و ماڵماڵ، بەرەو ماڵ دەگەڕێمەوە تا سڵاوێک بە گەرمی دڵی پڕ لە گڕی خۆشەویستیی ئەویندارانەی ڕاستەقینەی گەل و نیشتمانت پێشکەش کەم و، بەزوویی لە شەقەی باڵان دەم و بگەڕێمەوە لای ئەوانەی دڵیان بێوچان و هەدا بۆ ئازادیی گەل و نیشتمان لێ دەدا. ئازیزەکەم، کۆتری تەقڵەبازی بەنازی چاوانی جوانت لە سەر یادە، خۆشەویستیی‌ دڵشادی لە بیرنەچۆوەی هەمیشە لەسەر یادم. چاوانی جوانت ئاوێنەی وەرگێڕی جوانیی سەرچاوەکانی، ئاوەکانی دیاری ئاشقانە. برۆ کەوانەکانت مانگی یەکشەوەی ئاسمانی ڕاستی و ئیمانە. گوێیەکانی بیسەری ئەوینت تەواونوێنی، بیسەری و گوێگری دەنگی ئەوینی زەمانە. لێڕەواری بسکەکانی گەش و ڕەش و جوانت، وەبیرهێنەرەوەی سێبەری ئارامبەخشی دارەکانی گێڵان و مازەندەران و کوردستانە و عەتر و عەبیری گوڵە جوانەکانی نەخشینی باخ و گوڵزاران، وەبیرخەرەوەی شنەی بلاوێن و دڵگری تەم بەرەو شادیهێنەری بەژن و باری، بەرگ و جوانیی بەهارانە. تامی ماچی لێوەکانی شەکرەسێوت، شیرینتر لە هەر قەندی کارخانەی قەند و هەنگوینی خۆش و شیرینی ڕۆژان و شەوانی ژیانمە. هۆ حەزەکەم (ك)، بەو پەڕی خۆشەویستی، دڵگر و خۆشەویستی. خۆشم دەوێی. تانوپۆی لەش و گیان بە تۆوە بەستراوە و لە نێو فەرهەنگی ئەوین و دڵداری، لە نێو ئەو هەمووە ناوە، ناوی پیرۆزی تۆیە کە بەرچاوە و مێشک و دڵی منی بەرەو خۆ کێشاوە. تا هەم تۆم دەوێ و لە دڵمدا ڕیشەت داکوتاوە. هومێدت لە شەوی تاری ژیاندا بۆ من شەو چرایە، ئارامی گیانم، ڕووحی ڕەوانم. خاکەلێوەی ١٣٦٣ی هەتاوی_ سەر گڵکۆی ناسروماڵماڵ ١ــ سارم و میرقاز، ناوچەیەکی پەنا شاری مەهابادە. ئاواییەکانی، سەیداوا، پیربەلە، سارەوانە و حەتەوانە، لاچین، شیلاناوێ، کۆنەدێ، وزندەرێ، قزڵجە، گردەبەردان، ئەمیناباد، بەیرەم و بەرەجۆ، دەگرێتەوە. مەودای ئەو ئاواییانە زۆر لێک نیزیکە. ٢ ــ ناوچەی مەنگوڕایەتی هەڵکەوتوو لە دوو بەشی مەهاباد و پیرانشارە. ٣ ــ ناسر و ماڵماڵ، دوو برا بوون کە زۆر جوان چاک و جوامێر و ئازا بوون. ئاشقی دوو کچە مامی خۆیان بە ناوەکانی خاتوو ئەستی و خاتوو تەورێزی دەبن. خاوەنی بەسەرهاتێکی پڕ کارەساتن کە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی خەلیفەی عەبباسی. کانییەکیش لەو شوێنە هەڵکەوتووە، کە بە کانی ناسر و ماڵماڵ ناسراوە. خەڵکی ئەو دەوەرەی مەڵبەندی موکریان بوون. بەیتیشیان هەیە بە تایبەت لە موکریان، بەیتی ناسر و ماڵماڵ، باوە.