کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی گیاڕەنگ و دیاریی 25ی گەلاوێژیان

18:39 - 29 رەشەمه 2718

ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان، مەشخەڵدارانی ڕێگای سوری خەبات، وەدیهێنەرانی ئازادیی نیشتمان، زەحمەتکێشانی کوردستان، دڵسۆزان‌ و پشتیوانانی ڕاستەقینەی هەژاران، شۆڕشگیرانی گۆڕەپانی خەبات ‌و خۆڕاگرین کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف‌ و ئازادی بێوچان تێ دەکۆشن، بێئەوەی چاوەڕوانی هیچ دەستخۆشییەک بن خوێن و گیانیان دەبەخشن‌، هەر لەم کاتە مزگێنیی ئازادی بۆ نەتەوەیەکی بەشخوراو بەدیاری دێنن. ئەو کەسانە کە بۆ نەتەوەیەک گیانیان دەبەخشن پاش مردنیش ناویان لەنێو دڵی گەلەکەیاندا هەر زیندوو دەمێنێتەوە و ڕیبازیان بە ئامانجە بەرزەکانیان هەروا پڕ ڕێبوارە. هیچ هیزێک و کەندوکۆسپیک ناتوانێ پێش بە هەڵچوونی خەباتکاران بگڕێ. میژوو نیشانی داوە کە خەلكی کوردستان ئالای خەباتی بە شکاوەی ڕاگرتوە و بە درێژایی میژووش دژی داگیرکەران ‌و کۆنەپەرەستی بەربەرەکانی کردووە و لە تۆپ‌ و تانک، لە موشەک‌ و فرۆکە، لە هێزی زۆر و بۆری داگیرکەر سڵی نەکردوە و بە دوژمنیان سەلماندوە تا کوردێک بمێنێ، کوردستان، ئاڵاکەی هەر شەکاوەیە و ئاگری نەورۆزی هەر گەشاوە دەبێ. کۆماری ئیسلامی‌ لەگەڵ هاتنەسەرکار و بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی پشتی لە هەموو دروشمەکانی شۆڕش کرد و لەشکەری هێنایە کوردستان و هیچ ڕێگەیەکی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتەوە و ناچار بە بەرگریی چەکداریی کردن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەیزانی کورد مافی نەتەوەیی و کولتووری و مرۆیی خۆی دەوێ، بەڵام نەیبیست و لە ڕێگای نیزامی‌ و زەبروزەنگەوە وڵامی ئەو داوایەی دایەوە. خەڵکی کوردستانیش بە ئیمان بە ڕەوابوونی ماف و داواکانیان دەستیان بەر نەداوە و بەناچاری پەنایان بردە بەر دیفاعی چەکدارانە بۆ ئەوەی مان و مەوجودییەتی خۆیان بپارێزن. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش وەک پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری ئەو خەباتە ڕەوایە ڕۆلەکانی ئەو گەلەی لە ڕیزی خۆیدا کۆ کردەوە و زۆر ئازایانە بەرەنگاری دوژمنی خوێنمژ بۆوە. لەگەڵ ئەوەی بەشی هەرە زۆری ڕۆژەکانی ساڵ هێزی پێشمەرگەی دێموکرات حەماسەی تێدا خوڵقاندوە و فیداکاری کردوە و زەبری لە دوژمن وەشاندوە، بەڵام هەمیشە مانگی گەلاوێژ بۆ تێکۆشەران و قارەمانانی حیزبی دێموکرات جێگایەکی تایبەتی بووە. چونکی لەو مانگەدا بە لەدایکبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان نوختە گوڕانێکی گرینگ لە مێژووی گەلی کورددا ڕووی داوە و، هەر بۆیەش ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە جەنگەی خەباتی چەکداریدا بۆ یاد کردنەوەی ئەو ڕۆژە لەبیر نەکراوە و ڕێزگرتن لە ڕۆژی ٢٥ی گلاوێژدا لە زۆربەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات وەک جێژنانەی ٢٥ی گەلاوێژ عەمەلیاتێکی گەورەیان دژی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبرد و بە ئاهەنگی "سەرنج بدەن" وەک دیاری پێشکەش بە خەڵکی کوردستانیان دەکرد. بۆ گۆشەی "هەگبەی شاخ ‌و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی کوردستان دەچینە ناوچەی سەردەشتی سەرسەوز و عەمەلیاتێکی شێرە کوڕانی دێموکرات وەبیر دێنینەوە کە وەک جێژنانەی 25ی گەلاوێژی 1360 پێشکێشکی خەڵکی ناوچە و کوردستان کرا. هەروەک ئاماژەی پێکرا لە ڕۆژانی ٢٠ی گەلاوێژ تا ڕۆژی لەدایکبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان هێزەکانی حیزب لە بیری عەمەلیاتێکی گەورەدا بوون. ئەگەرچی هێزەکانی رێژیم لەو سەرو بەندەدا هەمێشە دەکەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی و وریایی خۆیان دەپاراست، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزی پێشمەرگە زەفەریان پێ دەبردن و زەبری خۆیان لێ دەدان. ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ قارەمانەکانی هێز "گیاڕەنگ" بۆ ئەوەی ئەوان بن سەرقافڵەی مزگێنیدەر بن و جێژنانەی ئەم ساڵە بۆ خەڵکی کوردستان بدەن؛ بەپێی گەڵالەیەکی رێکوپێکی داڕێژراو عەمەلیاتێکی گەورەیان کرد کە دەبێ بە وانە بگوترێتەوە. ئەزموونی تیکۆشانی ئەو قارەمانانە دەری خست کە گەڵالەی عەمەلیات، جۆری عەمەلیات، شوێنی عەمەلیات، کاتی عەمەلیات و جێبەجێکردنەکەی بۆ ئەوان سەرکەوتنێکی گەورە و دەسکەوتێکی پڕبایەخ هەم لەباری سیاسی و هەم لەباری نیزامییە بوو؛ چونکی بەرنامەی عەمەلیاتە بەجۆرێک دارێژرابوو کە لە چەند شووینەوە زەبر لە دوژمن بدرێ. با بێینە سەر باسی عەمەلیاتەکە: دەستەیەک پێشمەرگە لە نێوان ئاواییەکانی "گڕژاڵ" تا گوندی "میراوێ" بە درێژایی نزیک بیست کیلومیتر کەمینیان بۆ دوژمن دانایەوە. ئەم پۆلە هەڵۆیە بە نێو لێڕەواری سەردەشتدا خۆیان لە جادە نزیک کردەوە و بۆ دوژمنی کۆنەپەرستی لە کەمیندا مانەوە. کاتژمێری یەکی دوانیوەڕۆ چەند ماشینی دوژمن کە لە گوندی میراوێ ڕا دەهاتن، هێستا چەند میتر تێنەپەڕیبوون کەوتنە کەمین و بەشی زۆری سەرنشینەکانیان کوژران و کەمیان توانیان ڕابکەن و خۆیان بە ئاواییدا بکەن. دەستەیەکی دیکە لەتێکۆشەرانی دێموکرات بە پێی گەڵالەی دیاریکراو و بۆ ئەوەی هێزەکانی دوژمن نەتوانن لە مولگەکەیانەوە شوێنی پێشمەرگەکان ئاورباران بکەن، هێرشیان کردە سەر پایەگای "عەلیاباد" و ماوەی دوو سەعات ئاوربارانیان کرد. پێشمەرگەکان لەو ماوەیە‌دا زیاتر لە ٢٠ ماشێنی دوژمنیان سوتاند، هەروەها دەستەیەکی دیکە لەو قارەمانانە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ لە نێوان ئاواییەکانی "بریتە"و "نەبی‌ئاوا" تویوتایەکی دوژمنیان خستە کەمینەوە و ماشینەکەیان لێک هەڵتەکاند. پاشان هێزی یارمەتیدەری دوژمن ڕووێ لەمەیدانی شەڕ کرد کە ئەوانیش لە گەڵ بەربەرەکانیی پێشمەرگە ڕووبەروو بوونەوە و پاش کاتژمێرێک شەڕ ناچور بە پاشەکشەیان بوون. بە بیستنی دەنگی تەقە لە هەموو شوێنەکانی نزیک جادەی سەردەشت، ستوونێکی دوژمن بۆ کۆنتڕۆڵی جادە لە گوندی گڕژاڵ ڕا دەستی بە پێشڕەوی کرد، بەڵام هێشتا کیلومیترێک نەهاتبوونە پێشێ کە کەوتنە کەمینی دەستەیەکی دیكەی هێزی قارەمانی گیاڕەنگ ‌و چەند ماشێنیان لێ سووتێندرا. هەر لەجەریانی ئەو عەمەلیاتە گەورەیە‌دا تیمی پشتیوانانی هێزی پێشمەرگە تەواوی پایەگاکانی ناوچەیان کە شەڕی لێ دەکرا ئاور باران کرد و ڕێگایان نەدا هێزی عەمەلیاتیی پیشمەرگە فشاری لەسەر بێ. سەرئەنجام پاش چەند سەعات شەڕ و بەربەرەکانی قارەمانانە هێزی پێشمەرگە توانی زیاتر لە ٩٠ کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بکوژێ و ژمارەیەک لەوان بەدیل بگرێ و هەروەها بەدەیان قەبزە چەک ‌و چۆڵیش دوژمنیش دەسکەوتی هێزی پێشمەرگە بوون و، زیاتر لە بیست ماشینی دوژمن ئاگریان تێبەر درا و لێک بڵاو بوون. گرینگیی عەمەلیاتێکی ئەوتۆ لەچەند بارەوە جێی ڕوانینە. یەکەم: فەرماندەهی هێزی پێشمەرگە توانی گەڵالەیەکی ئەوتۆ داڕێژێ کە بە درێژایی چەندین کیلومیتر هێزی پێشمەرگەی لێ حەشار بدا بێئەوەی دوژمن هەست بە بوونیان بکا هەتا کاتی بەڕێوەبردنی کاتی عەمەلیات. دووهەم: رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەمیشە تەبلیغاتی دەکرد کە هێزی پێشمەرگەیان لە ناوچە بنەبڕ کردووە و ئەوەش لەکاتێکیشدا جاڕ دەدرا کە چەندین پایەگای دوژمن لەسەر جادەی سەردەشت_پیرانشار لە هێزی دوژمن ئاخندرابوون. سێهەم: ساغ‌ و سڵامەتی هێزی پێشمەرگە لایەنێکی پڕبایەخی دیکەی ئەو سەرکەوتنە بوو کە دوژمنی تاساند. بەمجۆرە بوو هێزی گیاڕەنگی سەردەشتی سەرسەوز مزگێنی سەرکەوتنێکی گەورەی لە ڕۆژی لەدایکبوونی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا بە ناوی خۆی تۆمار کرد.