کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێبەری بزووتنەوەی شوناسخوازیی نەتەوەیی

18:41 - 29 رەشەمه 2718

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پاشخانێکی دەوڵەمەند لە درووستکردنی دەسەڵاتی کوردی و کەسایەتیی ئینسانی کورد لە چوارچێوەی پرسی شوناسخوازیی نەتەوەیی بووە و، بە درێژایی تەمەنی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی خۆیشی بەردەوام کراوەتە، ئامانجی پیلان و خەونی ڕەشی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێرانی. ئەم حیزبە کە بە یەکەم حیزبی مودێڕنی کوردی ناو دەبرێ و داهێنەری گوتاری "نەتەوەیی_ دێموکراتیکی" بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە، بە شێوازی جۆراوجۆر لە لایەن دەسەڵاتەکانی دژ بە کوردی تارانەوە، هەوڵی خەوشدارکردنی ڕەساڵەت و کوێرکردنەوەی ڕێبازەکەی دراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و داهێنەری هێما و سیمبوولە نەتەوەییەکانی تا ئێستای بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان، وەک؛ ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و سروودی نەتەوەیی و سەروەریی نەتەوەیی لە فۆڕمی دەسەڵاتێکی وەک "کۆماری کوردستان"دا بووە، بە "هەڵوەشاوە" ڕاگەیاندنی! لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، چوار دەیەیە گەورەترین و قورسترین پیلانەکانی لە سەر جێبەجێ دەکرێ. ئەم حیزبە جیا لە ڕووخانی کۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوای سەرکۆمار لە سەردەمی پاشایەتیدا، دوو سکرتێری (شەهیدان د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی) بە پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆر کراون، بە دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەم حیزبە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی هەر دوو ڕێژیمەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە و بە سەدان تێکۆشەری دیکەی بە پیلانی ئەم ڕێژیمەی کۆماری ئیسلامییە تێرۆر کراون. حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای هەموو ئەم پیلانگێڕییانەی کە بە مەبەستی لەنێوبردن، لاوازبوون و هەرەسپێهێنانی کراون، لە گەڵ ئەوەیکە نزیک بە حەفتا ساڵی تەمەنی _ڕێبەرایەتییەکەی_ لە دەرەوەی ژینگەی سیاسیی و مەیدانی ئەسڵیی خەباتی خۆی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە تێپەڕاندووە، ئێستایش خاوەنی بەهێزترین پێگەی جەماوەرییە و سیاسەت و هەڵوێستەکانی کاریگەریی و شوێنەواری ڕاستەوخۆیان لە سەر ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە. ئەمە تەنیا ئیدیعا نییە، بەڵکوو حەقیقەتێکی ڕوون و ئاشکرایە و بە وردبوونەوە لە رووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، بە خوێندنەوەی شێواز و نێوەڕۆکی ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو ئاست و بەستێنەکاندا و لە هەمووی گرینگتر، بە وەرددانەوەی ئەو سیاسەت و پیلانانەی کە تەنیا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر بە مەبەستی زەربەوەشاندن لە حیزبە گرتوویەتە پێش و درێژەی پێ داون، دەیسەلمێنێ کە ئەم ئیدیعایانە چەندە لەجێی‌ خۆیاندا بوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا و بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زاڵ بە سەر کوردستان و هەلومەرجی گشتیی ئێران و هەڵوێست و سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە گرتنە پێشی گوتارێکی تا ڕادەیەک جیاواز و گونجاو لەگەڵ ئەم دۆخە، هەوڵی داوە لە سەر بنەمای "فرەڕەهەندبوونی خەبات" و "کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان"، خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاقارێکی گشتگیر و جەماوەریدا ببا. بۆیە هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ڕەهەندی سیاسی و گرینگیدان بە حزووری پێشمەرگانە لە نێوخۆی وڵات، بە ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکان لە نێوخۆی وڵات لە جموجۆڵە ئەدەبی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چوار بەستێنی خەباتی مەدەنیدا، فرەییەک لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا وێنا بکا. لەم پێوەندییەدا ڕوانین و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات وەک چاوەڕوان دەکرا، کاریگەری و شوێنەواری ڕاستەوخۆی لە سەر ڕەفتاری خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو و هەستپێکراو داناوە. پەرەسەندنی جموجۆڵی چالاکانی نێوخۆی وڵات، گشتگیربوون و بە جەماوەریبوونی ئەم چالاکییەکانە و هەستکردنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زەروورەتی یەكڕیزی و یەکگرتوویی، هەوڵدان بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەر دەرفەتێکی مومکین بە مەبەستی هێنانەگۆڕێی ویست و داخوازییەکان و لە هەمووی گرینگتر خۆڕێکخستنی کۆمەڵگە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی بە وەدەستهێنانی متمانەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەشێک لە ئامانج و دوورنمای گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون. بەخۆشیەوە دۆخی خەبات و بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ئەم تایبەتمەنیانەی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە و وەک بەشێکی بنەڕەتی لە پرسە گەورە نەتەوەییەکە خەرێکە ڕێگایەکی درووست دەپێوێ. بەرزبوونەوەی ئاستی شعووری نەتەوەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، تێکۆشان و ڕەفتاری ئەم کۆمەڵگەیەی بە پێناسەیەکی ڕوونی "شوناسخوازی"یەوە بیچم داوە. بۆیە ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێ، هەمان ئەو بۆچوون و هەڵوێستانەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێ دەناسرێتەوە. بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان سەرەڕای بوونی هەمیشەیی سیاسەتی دژیگەلیانەی نیزامی سیاسیی تاران کە بۆ لەنێوبردن و لانیکەم لاوازکردنی، چوار دەیەیە سیستماتیک و بە شێوەی جۆراوجۆر خستوویەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆ لە قۆناغێکی تایبەتدا هەروەک ڕابردوو لە ژێر هێژموونی ڕەوتێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک دایە کە ئەویش حیزبی دێموکراتی کوردستانە. بەواتایەکی تر، حیزبی دێموکراتی کورستان ئێستایش ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و هەروەک شەهیدی ڕێبەر، دوکتور قاسملوو وتوویەتی: "حیزبی دێموکرات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گەورەترین هێز و پشتیوانی خۆی دەزانێ و گەلی کوردیش حیزبی دێموکرات بە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری خۆیان دەزانن." هەر وەک پیشتر ئاماژەمان پێ کرد، ئەم تەعبیرە لە ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەفتاری کۆمەڵگە، هەر تەنیا ئیدیعایەک نییە، بەڵکوو دەکرێ بە بەڵگە و هەر لە ڕووی سیاسەت و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرانبەر بەم حیزبە ئەم واقعیەتە بسەلمێندرێ. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە هیچ پێویست بە هەڵدانەوەی مێژووی چواردەیە پڕ لە جینایەت و تێرۆری کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە حیزبی دێموکرات ناکا؛ بەڵکوو تەنیا ئاماژە بە دوو کردەوەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیم بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان لە ماوەی تەنیا دوو ساڵی ڕابردوودا دەکەین: یەکەم، تەقینەوەکەی شەوی یەلدای ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی کە ڕێوڕەسمی تایبەت بە یادکردنەوەی شەوی لەدایکبوونی شەهید دوکتور قاسملووی تێدا کرابووە ئامانج و لەم کردوە تێرۆریستییەدا پێنج کادر و پێشمەرگەی حیزب و دوو پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و، دووهەم، هێرشی مووشەکیی بۆسەر کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٣٩٧) بوو کە لە ئاکامدا ٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و 10 کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات گیانیان لە دەست دا و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم دوو هێرشە بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە نەوعی خۆیاندا بێ‌وێنە بوون، هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی گرینگی سیاسی بوون کە گرینگترینیان پێوەندی بە پێگەی ئەم حیزبە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزیی ئاستی ڕۆڵ و کاریگەریی خوێندنەوە، هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم حیزبەوە هەیە. هەر دوای هێرشی مووشەکیی رێژیم بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی ئەم حیزبە لە قەڵای دێموکرات، لە بەرنامەیەکی تایبەتیی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، یەکێک لە بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئەم ڕێژیمە وێڕای داننان بە بەڕێوەبردنی ئەم هێرشە بۆ سەر حیزب لە لایەن سپای پاسدارانی رێژیمەکەیەوە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی ئەوان، لەنێوبردنی ڕێبەریی حیزب و کۆتاییهێنان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. ئەم ڕیسواییە گەورە و ئاشکرایەی ڕێژیم، پێنج ڕۆژ دواتر و لە ٢١ی خەرمانان بە مانگرتنێکی گشتیی و جەماوەریی خەڵکی کوردستان وڵامی شیاوی خۆی وەرگرتەوە. خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا و بە هەڵوێستێکی جەماوەری لە شکڵی مانگرتنێکی گشتییدا وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردوە تێرۆریستییە، خاوەنداریی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازانەی نەوەیی خۆیان ڕاگەیاند و ئەو ڕاستییەیان بۆ جارێکی دیکە لە ئاستێکی بەرینی جەماوەریدا سەرلماندەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەر و رێنیشاندەری بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی خۆیان دەزانن.