کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی

18:43 - 29 رەشەمه 2718

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم درێژەی ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی (8_6) پاش مردنی ستالین، کۆنگرەی ٢٠ی حیزبی کۆمۆنیست تیشکی خستە سەر کێشە ئابووری و سیاسییەکان و ڕەخنەی توندی لە ستالین و سیاسەتەکانی ئەو کاتە گرت و بەرنامەی" گەشەسەندنی خێرای مەسرەف (بەکارهێنان)ی سۆسیالیزمی پێشکەوتوو"ی پەسەند کرد. چاکسازی لە بواری سەنعەتی و کشتوکاڵ و خێراکردنەوەی ڕەوتی پێشکەوتنی زانستی و فەنی بوو بە بەشێک لە بەرنامەکانی داهاتووی حیزب. لە کۆنگرەکەدا تەواوی نەهامەتییەکان لە چوارچێوەی ڕەخنەگرتن لە ستالیندا قەتیس مایەوە و خەسارناسیی پێویست بۆ دیتنەوەی سەرچاوە بنەڕەتییەکانی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، تێکەڵبوونی سنووری کاری حیزبی و دەوڵەتی، هەروەها سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بۆرۆکراسیی نێوحیزبی نەکرا. مانەوە و چارەسەرنەکرانی ئەم کێشانەش کاریگەریی نەرێنیی خۆی لە سەر ڕووداوەکانی دادێی حیزب و کۆمەڵگە هەبوو. بەرنامەی "گەشەکردنی خێرای مەسرەف" لەسەرەتادا هاواهەنگی لەگەڵ ڕادەی چوونەسەرەوەی بەرهەمهێنان لە بواری مەسرەفدا نەبوو. زیادکردنی مووچە نەیتوانی ببێتە هۆی بردنەسەرەوەی ئاستی چاکبژیویی کۆمەڵایەتیی خەڵکی زەحمەتکێش و تەنیا چوونەسەرەوەی میزانی پاشەکەوتکردنی بێکەلکی پارەی لێ کەوتەوە. ئەم مەسەلەیە نەک هەر نەبوو بە پاڵنەری ئەرێنی بۆ کاری زۆرتر و باشتری زەحمەتکێشان، بەڵکوو ڕێخۆشکەری پەرەسەندنی بازاڕی ڕەش بۆ شتومەکە مەسرەفییەکانی ئارایی، گەندەڵی و بەرتیلخۆریی دەمودەزگا دەوڵەتییەکان و بە تایبەتی بەرپرسانی بەشینەوەی شتومەکە مەسرەفییەکان بوو. داهاتی بەستراوە بە چالاکیی نابەرهەمهێنەر بەخێرایی زیادی کرد و بوو بە هۆی پەرەسەندنی چینە مشەخۆرەکانی نێو کۆمەڵگە و دەمودەزگا دەوڵەتییەکان‌، کە لە دەرەوەی بنەواشەکانی سۆسیالیستی زێدەمووچەیان لە ڕێگای بەرتیل وەرگرتن و پارتیبازی مسۆگەر دەکرد. لەمەش زیانبارتر سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئاستی مووچەکان لە کۆمەڵگە بوو. ئەم هاوتەرازکردنە لەگەڵ هەوڵی پێکهێنانی پاڵنەری مادی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێناندا تەبایی نەبوو و کاریگەریی نەرێنیی خۆی لەنێو خەڵکی هەبوو. ئەم خاڵانەی کە باس کران پەیتا پەیتا بنەمای قەیرانێکی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتییان ساز کرد. سەرەڕای تەواوی ئەم کەمایەسییانەش، دەسکەوتەکانی بەرنامەی گەشەکردنی خێرای مەسرەف بە تایبەتی لە بواری زانستی، نیزامی و سەنعەتی، هەروەها بردنەسەرەوەی ئاستی خۆشبژیویی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە سەرمایەدارییەکانی ئەو کاتە لە ئاستێکی بەرزدا بوو. ناردنی یەکەمین سەتەلایتی فەزایی بۆ ئاسمان لە ئۆکتۆبری ١٩٥٧ توانایی ئەم وڵاتەی لە بواری زانست و تەکنیک پیشان دا. دەستکەوتەکانی بەرنامەی گەشەکردنی خێرای مەسرەف و دەوامی ئەم سیاسەتە و خۆشبینیی لە ڕادەبەدەر و دوور لە ڕاستیی ڕێبەرایەتیی حیزبی کۆمۆنیست بوو بە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان. یەکەمین نیشانەی ئەم ناڕاستبینییە لە کۆنگرەی ٢١ی حیزب لە ساڵی ١٩٥٩ سەری ‌هەڵدا. کۆنگرە، پێشکەوتەکانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی پاش شۆڕشی ئۆکتوبر بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە سەرمایەدارییەکانی ئەو کاتەی گەلێک بەرز نرخاند و، گەیشتە ئەو ئاکامەی کە سۆسیالیزم لە یەکیەتیی سۆڤییەت بەیەکجاری سەرکەوتووە. لە کۆنگرەی ٢٢ لە ئۆکتۆبری ١٩٦١ باس لە هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی بینای کۆمۆنیزم هاتە گۆڕێ، هەروەها کۆمیتەی ناوەندی ڕاسپێردرا کە هێز و توانای حیزب و گەل بۆ پێکهێنانی بنەما مادییەکانی کۆمۆنیزم بخاتە گەڕ. ئەم بەرنامەیە لە ڕاستییەکانی ژیان و وەزعییەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی سۆڤیەت دوور بوو. لە باری ئابوورییەوە بەرنامەی "سۆسیالیزمی پێشکەوتوو" کە لەسەر بنەمای "گەشەکردنی خێرای مەسرەف" و دەستپێکی قۆناغی بینای کۆمۆنیزم داڕێژرابوو، بوو بە هۆی گۆڕانگاری لە بەرنامەداڕشتنی ئابووری. لەم بەرنامەیەدا زۆرتر پێداگری لە بردنەسەرەوەی مووچە‌ و ئاستی خۆشبژیویی مادیی گەل کرابوو؛ هەتا بردنەسەرەوەی بەرهەمهێنان. ڕاگەیاندنی دوەڵەتی تەواوگەلی و حاشاکردن لە هەبوونی چین‌ و توێژی جیاواز وەکوو کرێکار، وەرزێر و ڕووناکبیر، لەبەرچاو نەگرتنی ئەو ڕاستییە کە جیاوازیی شار و دێ و کاری جەستەیی و فیکری و تەواوی بەستێنەکانی بنەمایی بۆ دستپێکی کۆمۆنیزم جارێ چارەسەر نەکراون، بوو بە هۆی سیاسەتێک کە سنووری نێوان کاری حیزب و دەوڵەتی زۆرتر تێک دا، بۆرۆکراسی پەرەی زۆرتری گرت و بەرژەوەندیی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان کەوتنە ژێر سێبەری بەرژەوەندیی دامودەزگا دەوڵەتییەکان‌ و، خەڵک و دەستەڵاتی زۆرتر لەیەک دوور کردەوە. ئەم ڕەوتە، کە لە کاتی هاتنە سەرکاری خرۆشچۆڤەوە دەستی پێکردبوو هەتا مردنی لیۆنید برێژنێڤ لە ساڵی ١٩٨٢ درێژەی هەبوو. پێویستە ئاماژە بەم خاڵەش بکرێ کە هەتا لەسەرکار لابرانی خرۆشچۆڤ لە ساڵی ١٩٦٤ سێ ڕەوت لە حیزبی کۆمۆنیستدا پێکهاتبوو * گرووپێکی حیزبیی دژبە ستالین کە خوازیاری ڕزگارکردنی هەرچی زۆرتری کۆمەڵگە لە کۆنتڕۆلی دەوڵەت بوو. * ڕەوتێکی نیۆستالینی کە سیاسەتەکانی خرۆشچۆڤی وەکوو هۆی لاوازکردنی مەترسیداری دەوڵەت ئیدانە دەکرد و خوازیاری وەگەڕخستنی سەرلەنوێی سیاسەتەکانی ستالین بوو. * گرووپێکی پارێزکار بە ڕێبەریی برێژنێڤ کە گۆڕانکارییەکی سەرەکیی‌ زیاتر لەوەی هەبوو، نەدەویست. زۆرینەی پارێزکاران بە سەرۆکایەتیی برێژنێڤ وێڕای سازان لەگەڵ نیۆستالینەکان بۆ ماوەی دوو دەیە، دەستەڵاتداریی سۆڤیەت بوون. کێشە و ململانێی ئەم ڕەوتانە بە چەشنی جۆراوجۆر تا کۆتایی حکوومەتی سۆسیالیستی هەر درێژەی بوو. لەم دەورەیەدا بزووتنەوەی چاکسازی بەزەحمەت خۆیەکی نیشان دەدا تاوەکوو لە ساڵی ١٩٨٥ پاش مردنی ئاندرۆپۆڤ و بە دەستەڵات گەیشتنی گۆرباچۆڤ ڕەوتی پرێسترۆیکا دەستی پێکرد. سەرەڕای سیاسەتە ناکارامەکانی خرۆشچۆڤ و خۆپاراستنی برێژنێڤ لەوەی خۆ لە کێشەکانی وڵات بدا، ئابووریی سۆڤییەت ڕووی لە گەشەکردن بوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٧٥ پێوەری بەرهەمهێنانی سەنعەتی لە سۆڤیەت بەپێی ئاماری خۆیان هەتا ٩.٨٥ و بەپێی ئاماری سی ئای ئەی (CIA) هەتا ٦.٧٧ کەڕەت زیادی کردبوو. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەم پێوەرە (نیشانەیە) لە ئەمریکا ٢.٦٢ بوو. لە دەیەی ١٩٨٠ یەکیەتیی سۆڤییەت سەدا ٧.٢ی شتومەکەکانی سەنعەتی جیهانی بەرهەم ‌دەهێنا، بەم حاڵەش لە کۆتایی دەیەی ١٩٧٠ و دەستپێکی دەیەی ١٩٨٠ نیشانەکانی قەیران بەهۆی کێشەکانی سیاسەتدانان، بەتایبەتی گواستنەوەی سەرمایەگوزاری لە سەنعەتە گەورەکانەوە بۆ شتومەکی مەسرەفی، هاوتەرازکردنی مووچەکان، سەرنجنەدان بە مەسەلەی بەرنامەڕێژی و پاڵنەری، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاشکراتر دەبوو. لە نێوان ساڵانی 1982_١٩٧٩ بەرهەمهێنانی شتومەکی سەنعەتی هەتا سەدا ٤٠ دابەزی و ڕادەی بەرهەمەکانی کشتوکاڵ تەنانەت نەگەیشتە ڕادەی ساڵی ١٩٧٨یش و ... لە ساڵانی کۆتایی حکوومەتی برێژنێڤ گەلێک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها سیاسی و ئایدۆلۆژیک لەسەر یەک کەڵەکە کرابوون. لە سەرەتای دەیەی هەشتا ڕێبەرایەتیی حیزب لە هەوڵی دیتنەوەی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بوو، یۆری ئاندرۆپۆڤ سکرتێری تازەی حیزب ١٠ ڕۆژ پاش کۆچی دوایی برێژنێڤ، بە ڕاشکاوی وێڕای هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتنی جیدی لە سیاسەتەکانی پێشووی حیزب، پێشنیارەکانی خۆی بۆ چاکسازی لە تەواوی بوارەکانی نێوخۆیی و دەرەکی ئاراستەی حیزب کرد. دەورانی ١٥ مانگەی ڕێبەریی ئاندرۆپۆڤ هەرچەند کەم بوو، بەڵام لە باری چۆنیەتییەوە گەلێک بەنرخ‌ و ڕێخۆشکەری ڕەوتی چاکسازی بوو. ئاندرۆپۆڤ لە ڕاستیدا یەکەمین کەسایەتیی سیاسی بوو کە توانی ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەی کە هۆی لاوازکردن و گۆڕانی قەوارەی سۆسیالیستی و بەربەستێک بۆ پێشکەوتن لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو، دیاری بکا و هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ لەنێو بردنی گەندەڵی بە تایبەت لە ئاستی ڕیبەرایەتیی حیزب و دەوڵەتدا هەڵێنێ. ئاندرۆپۆڤ سیاسەتی هاوتەرازکردنی مووچەکانی وەکوو یەکێک لە هۆیەکانی کێشەی کۆمەڵایەتی پێناسە کرد و پێداگریی لەسەر ئەم خاڵە کرد کە پێویستە ئاستی خۆشبژیویی خەڵک بەپێی میزانی کاریان بێ. ئەو هەر چەشنە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و خێرای لە ڕەوتی ئەنجامدانی بەشینەوەی کۆمۆنیستیدا ئیدانە کرد و چوونەسەرەوەی ئاستی مەسرەفی خەڵکی بەبێ بردنەسەرەوەی ڕاندمانی کار، وەک لادان لە بنەماکانی سۆسیالیزم لە قەڵەم دا. ئاندرۆپۆڤ باسی لە پێشێلکردنی دێموکراسیی شۆڕایی و پێداویستی باشترکردنی دێموکراسی کرد و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە سۆسیالیزم نەیتوانیوە تەواوی ناکۆکی و جیاوازییەکانی کۆمەڵگە لەنێو ببا. سیاسەتەکانی ئاندرۆپۆڤ بوو بە پێكهێنەری بنەمای سیاسەتی حیزب و دوو ساڵ پاش مردنی، لە کۆنگرەی ٢٧ دا، ناوی پرسترۆیکای بەخۆیەوە گرت. بەرنامەی ٥ ساڵەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ٢٧ لەسەر چەند دروشمی سەرەکی داڕێژرا: * ناکۆجێیی ‌کردنی بەرنامەدانانی ئابووری * مۆدێرنیزەکردنی ڕەوتی بەرهەمهێنان * پێکهێنان و پاڵنەری مادی بۆ بردنەسەرەوەی ڕاندمانی کار * پەرەپێدان بە دێموکراسی سۆسیالیستی لە ئاستی کۆمەڵگەدا لە پێناوی ئەم ئامانجانەدا ئاڵوگۆڕی جیدی لەبواری جۆرواجۆردا کرا: بەشێکی زۆر لە بەرنامەڕێژ‌ییەکانی دەوڵەت درا بە بنکە ئابوورییەکان، بەڕێوەبەرانی کارخانەکان ئیتر بە دەنگدانی کرێکاران هەڵدەبژێردران، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئاشکرا باسی کێشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دەکرا. ڕەوتی خێراکردنی مۆدێرنیزاسیۆنی ئابووری_ پیشەیی بۆ باشترکردنی ئاستی خۆشبژیویی خەڵک دەستی ‌پێکرد. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەم کارانە ئیتر زۆر درەنگ بوو، ئەم چاکسازییە بە دێرهاتێکی ٣٠ ساڵەوە دەستی پێ کردبوو، گەندەڵی و بۆرۆکراسی تەواوی پێکهاتەی حیزب و دەوڵەتی لەخۆ گرتبوو و بەشێکی زۆر لە دەستەڵاتداران بەرژەوەندیان ئیتر نەک لە ڕەوتی چاکسازی، بەڵکوو لە فەوتانی سیستمی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئاراییدا بوو. ئەم ئامانجە پاش ململانێی دوو هێڵی سەرەکی لە نێو حیزب، پاش کوودەتای نمایشی ئاگۆستی ١٩٩١ لەبەرژوەندیی خوازیارانی گۆڕینی سیستمی سۆڤییەتدا شکایەوە. یەکیەتیی سۆڤییەت بە هەموو دەستکەوت و باری ئەرێنی و نەرێنییەکانیەوە لە بێدەنگییەکی سەیر و بێوێنەی خەڵکی ئەم وڵاتەدا بە مێژوو سپێردرا، بەڵام بێگومان ئەزموونەکانی ئەرێنی و نەرێنی ئەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لە خۆرهەڵاتی ئورووپا وانەیەکە بۆ هەنگاوەکانی دادێی سۆسیالیستەکان و ئازادیخوازانی چەپی جیهان. ئەگەر ئێمە سۆسیالیزم وەکوو بزووتنەوەیەکی دێموکراتیک لەبەرچاو بگرین، دەبێ ئەم ڕاستییەش ببینین کە هیچ خەباتێک بەبێ هەوراز و نشێو، سەرکەوتن و تێکشکان نابێ. تەنیا پێویستە ئێمە لە ڕابردوودا نەمێنینەوە و هەنگاوەکانمان بەپێی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگەی جیهانی و نێوخۆیی هەڵگرینەوە و بە خوێندنەوەیەکی تازە بەرەوپیری داهاتوو بچین.