کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میتۆلۆژیی نەورۆز

19:02 - 29 رەشەمه 2718

لەم نووسینەدا حەول دەدەین «نەورۆز»، ئەو جێژنە مەزنەی زاگرۆسییەکان، چۆنیەتیی سەرهەڵدانی، دیرۆکی شەفاهی و نڤیسیارییەکەی لە چەند گۆشە نیگای جیاوازەوە ڕاڤە بکەین و هەڵیسەنگێنین. سەرجەم ئەو بەسەرهات و سەربوردەی ڕابردوو کە سینگ بە سینگ هاتووە و ئێستا بۆ ئێمە بە دیاری ماوەتەوە، دەبێ بە دەربیجەی میتۆلۆژییەوە چاوی لێ بکەین و شرۆڤە بکەین. ئەفسانە(myth) حەولێکە بۆ ناساندنی ڕاستییەکانی دەورووبەر بە شێوەیەکی ئەوپەڕ سروشت (فراطبیعی). ئەوکات کە زانست و بیری مرۆڤ بەو ڕادەیە لە پێگێشتن و تێگێشتن نەگەیوە، ویستوویەتی بە شێوەیەکی ناسروشتی هیندێک پرسیار بۆ ئاشتیی نێوان خۆزاو و مرۆڤ بدۆزێتەوە. بوونی ئەفسانە یا میتۆلۆژی لەنێو گشت کولتوور و ژیارەکان ئاسایی بووە، تەنانەت ئێستاش لە نێو کۆمهڵگەی ئێمەدا زۆر شت وەک ئەفسانە ماوەتەوە و بەردەوام دەگوترێتەوە وەک؛ «دونیا لە سەر پشتی گا و ماسی بوو» و ... سەرەتای دەسپێکی ئەفسانە بۆ خەون و خەیاڵی مرۆڤ دەگەڕێتەوە کە ئهوهنده چەندپاتە کراوەتەوە، بۆیان بۆتە ڕاستی و بیروخەیاڵیان پێ ئەهوەن دهبێتەوە یا ڕاستییەک بووە لە ئاکام پێ هەڵاگوتن و زەقکردنەوەی لە ڕادەبەر؛ سینگ بە سینگ بۆتە چیرۆک و نەوەی داهاتوو بەو هەمووە ئاڵوگۆڕەی کە بەسەریدا هێناوە بە کەیفی خۆی پاراوی کردووە و ئیمانی پێ هێناوە. ئەم چیرۆک و ئەفسانەبێژانە لەوپەڕی خۆماڵی و سادەیی، خۆیان سەرقاڵی وڵامدانەوەی هێندێ پرسیاری زانستی کردووە، کە لە هزر و بیریاندا پەنگی خواردۆتەوە، ئەمەش بۆتە باوەڕێک لەنێو کۆمەڵگەی ئەو کاتی خۆی. نەورۆزیش یەکێ لەو جێژن و نەریتە کۆنانەیە کە بە چەندین جۆر لە لایەن مرۆڤی سەردەم قسەی لەسەر کراوە. دیارە نەورۆز لە نێو بەشی هەرەزۆری گەلانی زاگرۆس و جوغڕافیایەکی بەرینی ئاسیا و تەنانەت ئورووپاش ساڵانە یادی دەکرێتەوە، فەلسەفەی ئەو ڕۆژە لە نەستی کۆمەڵگەکاندا هەر یەک جۆرە بەڵام لە چۆنیەتی و وردەکارییەکانی هیندێ جیاوازی هەیە. ئێمە لە ژێرەوە هیندێ لایەنی ئەفسانەیی و واقعی ئەم جێژنە لە بانووی ئێراندا باس دەکەین. دوای هاتنەسەر حوکمی ئاژیدێهاک (زوحاک) زوڵم و زۆری، کۆمەڵگەی داگرت و ژیانی خەڵک کەوتە مەترسی. ناخۆشی و ڕۆژی ڕەش باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، خەڵک هەراسان لە زوڵم و کەڵەگایی باج و کاری زۆرەملی، لە دەست زوحاک وەئامان هاتبوون، سەرباقی خڕ ئێش و ئازارێک ڕۆژێک شەیتان و ئەهریمەنی بەدفەڕ بۆ سپاس و پێزانینی ئەو دەستەڵاتە نگریسە دێ و سەر هەر تک شانی پاشا ماچ دەکا و بەم کارە ڕێزی لێ دەنێ! دوای ماوەیەک لە شوێن جێ دەمی شەیتان برینێکی بە زام سەرهەڵ دەدا و وەک گوڵ دەپشکوێ. لە ناکاو لە هەر لاشانی مارێک دەڕوێ و داوای خواردنی مێشک و کەللە سەری بنیام دەکەن ئەویش لاو و گەنجی وڵات! ناعیلاج هەموو ڕۆژێ بە بڕیاری شا و کەمبوونەوەی ئازاری سەرشانی دەبێ دوو لاوی جوان بکوژرێن و مێشکیان دەرخواردی ماری سەرشانی کاک ئەژدیها بدەن! (لە فەرهەنگی زانستی هێماناسی کۆندا مار وەک پێناسەیەک بۆ تەندروستی و ساغی ناوی هاتووە، وەک ئێلێمانی ساخڵەمیی جیهانی تەنانەت ئێرانیش، ڕەنگبێ زوحاک یا ئاژیدێهاک کەسێکی شارەزای بواری پزیشکی بووبێ!! دەکرێ سرنجێکیش بدەینە وشەی، بیمار (بێمار) بێ + مار) ڕۆژێک لەوان ڕۆژان کەسێکی ئاسنگر پەیا دەبێ و بە هاوڕێیی هیندێ دۆست و برادەر کۆ دەبنەوە بەڵکوو بتوانن چارەیەک بکەن، وا ساخ دەبنەوە کابان و چێشتلێنەری بارەگای پاشا بۆ پێشگرتن بە کوشتن و سەر بڕینی لاوەکانیان ڕازی بکەن یا دەنا پێخۆر بکا و هەموو ڕۆژێ بزنێک یا مەڕێک سەر ببڕێ و مێشکیان تێکەڵی مێشکی لاوێک بکا و، ئەویش دەرخواردی ماران بدا، واتە بە جێگای هەر ڕۆژێ دوو لاو جوانێک بکوژرێتەوە و، زەرەر لە نیوەش ڕا بگەڕێتەوە هەر قازانجە! لە سەروبەندی کەش و هەوا خۆشبووندا کاتێ کاوە و دۆستانی خۆ بۆ شۆڕشێک پەیت دەکەن و لە خۆیان ڕادەبینن، یەکجێ بەرکۆشەی چەرمینی خۆی دەکاتە ئاڵا و بە خۆی و هاوڕێیان و ئەو ڕزگاربووانەی دەستی زوحاک بە چەکوچ و داس و خەپە و شەنە دەکەونە سەر کۆشکی شا و کاربەدەستانی و، دوای شەڕێکی خوێناوی سەردەکەون و سەری جمکی مار و پاشا وێکڕا پان دەکەنەوه. ئەو ڕۆژه دەبێتە سەرەتای ڕۆژێکی نوێ کە هاوکاتە دەگەڵ سەری ساڵ و بەهاری خەم تاوێن، دوا بە دوای ئەم دیرۆکە هەموو ساڵێ خەڵکی نیشتمان ئەم ڕۆژە جێژن دەگرن و دەیکەنە چەقڵەسەما و ڕەشبەڵەک ... (تێمی ئەم بەسەرهاتە وە ڕووداوی دیرۆکی سەردەمی دەستەڵاتداریی ماننایەکان دەچێ کە لە ٨٠٠ پ.ز ڕووی داوە.) لە فەرهەنگەکان، (ضحاک) بە مانای کەسێکە کە زۆر پێدەکەنێ، دەم بە بزە، بەڵام موعین پێی وایە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان وا دەردەکەوێ، شەیتان زوحاکی فریو داوە بۆ ئەوەی کە باوکی خۆی مەرداس بکوژێ و خۆی لە جێی دانیشێ، دواتر ئەو ئەهریمەنە پەستە خۆی بە وێنەی لاوێکی جوان دەرهێنا و خۆی گەیاندە بارەگای شا و خۆی وەک کابان یا چێشتلێنەر ناساند هەموو ڕۆژێ حەولی دەدا زۆرترین کەلک لە گۆشتی دەعبا و باڵندە وەرگرێ بەڵکوو زوحاک فێری خوێنڕشتن و خواردن و ... بێ، دواتر لە ئاکامدا خۆی دەگەیەنێتە شا و سەر شانی ماچ دەکا و ... ئەوەی سەرەوە کە بەکورتی باس کرا هەم لە نەست و مێشکی کۆمەڵگەی نەریتیدا باو بووە هەمژی لە فەرهەنگی موعینیشدا ئاماژەی بۆ کراوە، ئەو ئەفسانە و میتۆلۆژییە، ئەمڕۆ لە مێشکی هیندێ گەلانی ناوچە وەک هێمای نەوڕۆژ و فەلسەفەی دەستپێکی ساڵی نوێ، چەند پاتە دەبێتەوە، بەڵام ئاخۆ بڵێی وابێ؟ بەپێی سەرچاوە مێژووییە جێ باوەڕەکان «ئاستیاگ» یا بە یوونانی (ئیختۆویگۆ، ئیشتۆویگۆ) یەکێ لە نەوەکانی دیاکۆی مەزنە (وێدەچی چەواشەکاران ئەو خونکارە بە زوحاک یا ئاژدیهاک دەیشوبهێنن). ئەو حکوومەتە بە کۆکردنەوەی قەوم و عەشیرەتەکانی خزمیان توانیان بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێران (بە واتای ناوچەی جوغڕافیایی کۆنی ئەو سەردەم) شانشینێکی (کۆنفێدڕاڵی) مەزن دابمەزرێنن و حکوومەت بکەن. هوەخشەتەرە کوڕی فرەوەرتیش کوڕی دیاکۆ، توانی بە لەدەوری یەک کۆکردنەوەی قوڵە دەستەڵاتدارەکانی ناوچە و خۆڕێکخستن و یەکیەتی، هەروەها هاوپەیمانی دەگەڵ «نەبوپلیسەر» خونکاری بابیلۆنەکان، دوای شەڕێکی قورس (٦١٢پ.ز)، سپای زلهێزی ئاشوور، ئەو هێزە لەبڕان نەهاتوو و کۆک و پوشتەیە تێک و پێک بدەن و بە نیشانەی جێژن و شایی لە گشت بەرزاییەکان ئاگریان کردەوە و تەنانەت باژێڕی نەینەوا، ناوەندی دەستەڵاتداری ئاشووریان ئاگر دا و، لە دەوری گڕی پڕشنگداری ئازادی، دەست لە نێو دەست بیکەنە هەڵپەڕکێ هەتا بۆ دوامین جار ناوی ئاشوور چیتر ترس و دڵەڕاوکێ نەخاتە نێو دڵی گەلانی ناوچەکە. ئەو ڕۆژە ڕۆژی جێژن و شایی و نەورۆز بووە (ئەمە بەشێکی بۆچوونی ژێنێڕاڵ ئێحسان نووری پاشاشە). کوڕی هۆوەخشتەرە «ئاستیاگ» دوای باوکی لەسەر تەختی شایەتی، پاڵ کەوت و خەریکی ڕابواردن و ڕێکخستنی ناوچەکان بووە. بەپێی مێژوو ئەو میرێکی ڕۆحسووک و کەمتەرخەم بووە کە لە ئاکامی خەیانەتی «هارپاگ» وەزیری جێ باوەڕی بە دەستی کوورش (سایرووس) نەوەی کچێنەی، بە دیل گیرا و کۆتایی بە دەستەڵاتداری هات و حکومەتی «ئیخیمانی» (هەخامەنشی) لەسەر ژێرخانی ئەو دەوڵەتە دامەزرا. کەواتە دەمەوێ بڵێم، ئەو ئەژدیهایەی خەڵکی بەدشووم باسی دەکەن ئەو کەسە بوو کە ئاماژەمان پێکرد و هیچ پێوەندییەکی دەگەڵ ئاستیاگ، نەبووە. لێبەلێ بە ئاوێتەبوونی بۆچوونی شانامە کوردییەکان و عومەری خەیام (نەیشابووری) و هیندێ زانای کورد بزانین ئاخۆ ئەوان چۆنی باس دەکەن! بناغە و فەلسەفەی ئەم جێژنە کەونە بۆ زۆر کۆنتر لەم دیرۆکە دەگەڕێتەوە. سەردەمی جەمشید دەستەڵاتداری پێشدادییەکان، شانامەکان زۆر بە خەیاڵێکی ناسک و پتەو دەیهۆننەوە دوای پێداهەڵگوتن و ناساندنی جەمشید وەک کەسێکی زانا و تێگێشتوو کە چەندین داهێنانی وەک (چێکردنی نێزە و مەتاڵ و شێر، جلوبەرگی پەشمینەی جوان و ڕازاوە، دابەشکردنی کۆمەڵگە، بیناسازی و بۆنی عەتر و گوڵاو و مشک و عەنبەر و ...) بەگشتی گەیشتن بە گەلێک هونەر و زانست، خۆی وەک تاکەکەس لە جیهاندا دەبینێ. ئەوجار بە بیری دەگا باڵ دەربێنێ و بەرەو ئاسمان بفڕێ و، بڕیاری دا تەختێکی لە زێڕ و گەوهەر و دوڕ، بۆ چێ بکەن، ئەو دێوانەی دیل و یەخسیری بوون بەرزی کەنەوە و بیبەنە تەشقی ئاسمان بە وێنەی خۆر لە ئاسمانا دەرکەوێ، بەم ئاواتەشی گەیشت و لە ڕۆژێکدا فڕی و خەڵکی وڵات سەیریان دەکرد، جەمشید بەم کارە خۆی لە خەڵکی هەڵاوارد و وەک خوا خۆی ناساند، ئەو ڕۆژە (یەکەم ڕۆژی خاکەلێوە، فەروەردین) بوو بە جێژن و وەک ڕۆژێکی نوێ دانرا، بوو بە شایی و هەڵپەرکێ، جەماحەت پۆل پۆل دیارییان بۆ دەبرد و زێڕەوشانیان دەکرد، ڕێزیان لێ دەنا و خۆیان فیدا دەکرد. وە فەڕ و شکۆ تەختەش وەراستەن وە زەڕ و گەوهەر یانەش ئاراستەن جە ڕۆژ نەورۆز نیشتە بان تەخت هەر ئەو بوونە ڕوو کرد و ئەو بەخت گێرد ئامان گەوهەرئەفشانیش کردن سەوگەند پێ جەمشید جو ڕۆژە وردن دوای ماوەیەک خەڵک لەم کارە نەشیاوەی جەمشید ماندوو بوون و لە کاری خۆیان پەژیوان، بەم پێیە «فەڕی ئیزەدی»یان لێ ستاندەوە و دونیا بەرەو ناخۆشی ڕۆیی. کاری وڵات ئاڵۆز بوو ئەو هەر خەریکی حەیش و نۆش و کچانی تاس و لووس بوو و خەڵکیش خۆیان بێ شوان دیتەوە، تا وای لێهات زوحاکییەکان بە پشتیوانیی خەڵکی نیشتمانی جەمشید هێرشیان کرد و وڵاتیان داگیر کرد. سواران ئێران گێردیان شاه جو یەکسەر ڕوو کەردەن وە زەحاک بەد خو ئاوەردەن کردن شای ئیران زەوین یەک یەک و شاهیش واتەن ئافەرین ئەوسا گێرد یاران شاد بین نی دونیا ئەویچ تاج کەی و سەرش نیا د. مەولوود ئیبراهیم حەسەن دەڵێ: «ئەو جێژنە واتە عەیدی نەورۆز هەمەن جێژنی (تەموز و عەشتارە) کە سوومێرییەکان پێش ئەوەی کە لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر بەرەو دەشتایی خوارووی عێراق (مێزۆپۆتامیا)دا بگەڕێن، ئەو جێژنەیان بەڕێوە بردووە.» مامۆستا مەسعوود محەممەد پێی وایە: «نەورۆز جێژنێکی کەون و دێرینی باوک و باپیرانی نەتەوەی ئاریایەکانی نیشتمانی ئاریایی بووە کە بەپێی جوغڕافیا ناوچەیەکی یەکجار زۆری ئاسیا و ڕۆژهەلاتی ناوینیان لەژێر حوکمدا بووە، تەنانەت ئەگە بمانەوێ باسەکە بەرفراوانتر بکەین دەتوانین باسی هیند و ئورووپا و ... بکەین.» بەڕاستی ناکرێ ئەم جێژنە پیرۆزە بەتەنیا لە گەلێک ببەستین و بیکەینە مڵکی یەکێک لە نەتەوە ئاریاییەکان، ئەمە جێژنی هەموو گەلانی ئارییە، بەڵگەش ئەمەیە هیچ تیرە و ڕەگەزێک نییە سەری ساڵی خۆی پێ هەوێن نەکردبێ و چاوی باستانی دێرینی پێ نەڕشتبێ ڕێی ئەفسانەکانی پێ ئارایش نەدابێ، چ لە فارس و کورد و ئازەری، ئەرمەن، ئەفغان، تورک، سووری، کلدانی، مەغۆل و تیرە چینییەکان و بوودا و بەرهەم و پرۆتستان، چاوگە ئورووپایی و ... ئەمانە هەرکام بە پێی دەستووری نەتەوەیی خۆیان سررنجێکی لە بارەی ڕۆژی نوێ و سەری ساڵی تازەوە هەیە و هەست و نەستێکی تایبەتیان تێدا پەنگاوەتەوە. بەشێک ئەڵێن: ئەم جەژنە بەبۆنەی چوونە سەر تەختی جەمشیدەوەیە، ئەفسانەیەکی زۆری بۆ هەڵدەبەستن، بورهانی قاتع کە فەرهەنگێکی دێرینی زمانی فارسییە بە سێ چوار ڕەنگ ئەم خەیاڵە دەگێڕێتەوە، هیندێ پێیان وایە لە سەردەمی ئەستێرەپەرستەکانا تەهموورس پەیا بوو و جەمشید هات ئایینی تازەی کردەوە و ئەم ڕۆژەیان بەم بۆنەیەوە کردە جەژنی ڕۆژێکی نوێ و ناویان نا نەورۆز، پەلێک دەڵێن ئەو ڕۆژەیە کە ڕووناکی و ڕۆشنایی تێیا گەشاوە، دەستەیەک دەڵێن نا ئەو ڕۆژەیە چەرخی گەردوون تێیا وەگەڕ کەوت، بەڵام شەرەفنامەی بدڵیسی گیانێکی کوردانەوەی وەبەر خستووە و بە کاوەی ئاسنگری دەبەستێتەوە کە سەری زوحاکی خوێنمژ پان دەکاتەوە. جیا لە هیندێ داب و نەریتی قیزەون کە ئێستا بۆتە خۆرە و خەریکە ئەم جێژنە خۆماڵی و دێرینە بە ئاقار و لاڕێدا بەرێ، هەر لە کۆنەوە و بەپێی ئەستێرە و فەلەکناسی و هاتنی ڕۆژ و مانگ جێژنی بۆ گیراوە. پێش هەزارەی شەشەم و پێنجەمی بەر لە زایین خەڵکی بناری زاگرۆس و نێو ڕووباران چوار پەیکەری هێشوو (خوشە، هوشەنگ لە بەندهەشن)، «کەوان، ماسی یا حووت و دوو پەیکەر وەک هێمای وەرز و ساڵ دەهاتنە ئەژماردن. ٢٠٠٠ ساڵ پ.ز دوای مانگ و ئەستێرەی حەمل یا کاور لە باوەڕی ئاریاییەکان سەرەتای بەهار بووه، جوێ لە گشت ئەفسانە و حەقایەت و چیرۆک دەکرێ سەرەتای ئەم جێژنە و ڕۆژە نوێیە بگەڕێتەوە بۆ دوای چاخی سەهۆڵبەندان کە مرۆڤەکان لە ئەشکەوت و چیای ڕەوەزی بۆ دەشتایی داگەڕان دوای ئەم چاخە زەوی بەرەو گەرمبوون چوو و کانی و ڕووبار و زەریا پێک هاتن. لەوەڕگە و چیمەن و دارستان سەریان هەڵدا، دۆخی لەبار و بەپیز بۆ ئاژەڵداری و وەرزێری هاتە نێو فەرهەنگی ژین، کەم کردنەوەی ڕاو و نێچیر و گۆشت و بڕەودان و، پێویستی خواردنێکی جیاواز بۆ لەشی بنیامەکان وای کردووە بیر لە چاندن و ڕووەکی بکەنەوە. بەپێی توێژینەوەکان یەکەم تۆو و دان لە زەوییەکانی کوردستاندا چێنراوە و کشتوکاڵ لەم ئاخە دەستی پێکراوە (گوندی چەرموو لە چەمچەماڵ)، کە مرۆڤەکان فێری چاندن و دروون و هەڵقەندنەوە و ڕنین بوون، بۆیان دەرکەوت لە ڕووی وەرز و مانگ و ساڵ دوای ساردی و بەستەڵەکی زستان شنەی بای شەماڵ پەیامهێنەری وەرزێکی نوێ و ڕۆژێکی تازەیە بۆ ژیان و ڕەوتی تێکۆشان، لە کوردستانی ئێمە بە هۆی گرێدان و بەستنەوەی ئابووریی ژیان بە پیشەی وەرزێری و زەوی و باغ و مەزرا کە بوونی کوێستان و چیا و مێرگ و بژوێن و زەوی و باخی بەڕمێن، ئەم دیاردە ئابوورییە بەهێز دەکا؛ هەر لە زۆر کۆنەوە پێشتر ئەو کات مەڕ دەزا و ڕەپستە سەریان دەدرەوشاوە و جارێ کەروێشکەی مابوو بە مانای هاتنی ڕۆژێکی نوێ بووە جا ئەوسا دوای پشوو دانێکی زۆر لە وەرزی زستان بەو شەوە درێژانەی دوای چلەی بچووک لە مانگی ڕەشەمە خۆیان بۆ وەرزێکی نوێ و بۆ چالاکی نواندن لەمەڕ بژیوی ژیان و ...، بە کردنەوەی ئاور و خۆ ڕازاندنەوە بە جلی نوێ و سەردان و ڕەشبەڵەک و هێلکەشکێنە و دمبڵی کاوە و حەلاوە مەلاوە لەو پەڕی شادی و خۆشی بە ئاشتی و برایەتی لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە و بەرەو پیری وەرزی کار و تێکۆشان دەچوون. * (دەقی تەواوی باباتەکە لە ڕۆژنامەی کوردستان پارێزراوە)