کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو بەهارەی دێ لە ڕێژیمی ئاخوندان پاییزە

19:07 - 29 رەشەمه 2718

وێدەچێ ئەو بەهارەی بەڕێوەیە بۆ ڕێژیمی ئاخوندەکانی تاران، نەک بۆنی بەهاری لێ نایە، بگرە لێیان وەپاییز بگەڕێ. حەسەن ڕۆحانی دەڵێ، دوو جار بە عەلی خامنەییی گوتووە ڕێژیمەکەیان تووشی جەنگی ئابووری بووە و جەنگیش فەرماندەری مەیدانیی دەوێ، بۆیە داوای لێ کردووە کە خامنەیی، خۆی فەرماندەریی ئەو جەنگە وەئەستۆ بگرێ. دەشڵێ، ڕێبەرەکەیان پەژراندوویەتی کە کەوتوونەتە شەڕی ئابوورییەوە، بەڵام گوتوویەتی دەبێ فەرماندەریی شەڕی ئابووری لە ئەستۆی سەرۆککۆمار بێ. ڕیفۆرمخوازانی ڕێژیمیش کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە بە دروشمی بەتاڵوهەتاڵ خەڵکی ئێرانیان سەرقاڵ کردووە و بوونەتە هۆی درێژبوونەوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە، لێرەولەوێ خەریکی دانپێدانانن، کە ئیدی فێڵ و تەڵەکەی ڕیفۆرمخوازییش کەلکی نەماوە. هەر بۆیەش محەممەد خاتەمی، سەرۆکی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازانی ڕێژیم لە دیداری لەگەڵ فراکسیۆنی ئومێدی «مەجلیسی شووڕای ئیسلامی»دا دەڵێ: «ئیدی پێی وانییە لە هەڵبژاردنەکاندا خەڵک بە دەنگیانەوە بێ.» بەڵام سەعید حەججاریان، کە ڕۆژگارێک بە مێشکی بیرمەندی ڕیفۆرمخوازانی ڕێژیم دادەنرا، دەڵێ: «ڕێژیم کە گەیشتە بنبەست، مل بۆ داخوازییە نێودەوڵەتییەکان کەچ دەکا.» ئەم قسەیەی حەججاریان، قسەیەکی توێکڵدارە و دەرکەیە بۆ ئەوەی کە خامنەییش ڕۆژێک وەکوو خومەینی جامی ژەهرەکە بە بینیەوە دەنێ. هەرچەند هێشتا دەمقڕەی نێوان زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم و هێزی قودسی سپای تیرۆریستیی پاسداران نەبڕاوەتەوە و جێگری قاسم سولەیمانی، فەرماندەری هێزی قودسی سپا بە هەواڵدەریی ئیسنای گوتووە، کە سوپای قودس بوو بەشار ئەسەدی هێنا بۆ ئێران و ‹›ئەوانەی دەبوو ئاگایان لەم سەفەرە بێ، ئاگایان لێ بوو ... ئەوانەی دەشبوو لێی بێئاگا بن، ئاگایان لێ نەبوو.›› بەڵام وێدەچێ سەرانی ڕێژیم لە فکری ئەوەدا بن کە بە نیزیکبوونەوە لەو بەهارەی دێ تاکوو ڕادەیەک وا نیشان بدەن لە نێوخۆدا بەرەو یەکگرتوویی هەنگاو دەنێن و، ئەوەش بەتایبەت لە تەشەرەکەی سەعید حەججاریاندا هەڵدەوێنجرێ. سەرباری ئەو بارودۆخە نێوخۆییەی ڕێژیم، ئەو بەهارەی دێ، هێندێک ڕووداو لەگەڵ خۆی دێنێ، کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو ڕێژیمەن و، حەتمەن بەهارێکی لە ئاخوندان پاییز دادێنن. ئاخر لە سەرەتای ئەو بەهارەدا ئیتر کۆتایی بەو مۆڵەتە دێ کە ئەمریکا بە چەند وڵاتێکی دابوو بۆوەی کۆتایی بە هەر چەشنە هاوردەکردنێکی نەوتی ئێران بێنن، دەنا ڕووبەڕووی سزای ئابووریی ئەمریکا دەبنەوە و، لە ئەنجامی ئەوەشدا بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە لایەن ئەمریکا و ئورووپا و هەموو وڵاتانی دنیاوە وشکایی بە داهاتی نەوت و وەدەستکەوتنی پارەی دەرەکی (دۆلار) بۆ ڕێژیمی تاران دێ و، وەک شارەزایان دەڵێن: «داهاتی دۆلاری ڕێژیم دەبێتە سفر.» لێرەدا بۆیە ئورووپاشمان ڕەگەڵ خست، چونکە سەرباری ئەوەی کە ڕێژیم تا ئێستا دڵی بەوە خۆش کردووە کە گۆیا ئورووپا میکانیزمێکی لە چەشنی نەوت لە بەرامبەر خۆراکدا دادەنێ و هەر نەبێ ئەوە هێندێک پێداویستیی ڕێژیم دابین دەکا، کەچی لە بەهارەکەی بۆ ئاخوندان پاییزدا لە ئورووپاش هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێ و، شارەزایانیش پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی ئورووپا لە کەشێکی جیاوازدا دەکرێ و، ئەگەری زۆرە نوێنەرانی لایەنە نیشتمانی_نەتەوەییەکانی ئورووپا جێی نوێنەرانی لایەنە جیهانیخوازەکان بگرنەوە و ئیدی کەسانی وەکوو موگرینی لە ناوەندی بڕیاری ئورووپادا نەمێنن. ئەمەش مانای وایە کە ڕێژیم چاوی ڕەشی لەو میکانیزمە ئابڕووبەرەیەی ئورووپاش کاڵ دەبێتەوە و، چەند جارێکیش لە خامنەیی بیستراوە کە بە دەوڵەتەکەی ڕۆحانی دەڵێ دڵ بە ئورووپا خۆش مەکەن، دیارە مەبەستی خامنەیی ئورووپای پاش هەڵبژاردنی بەهاری لە ئاخوندان پاییزە. هەمووی ئەوانەش بە جێی خۆیان، هەر لەو بەهارەدا کۆتایی بەو مۆڵەتە سێ مانگەیەش دێ کە FATF بۆ دوایین جار بە ڕێژیمی تارانی داوە تا بڕیار بدا لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ بەڵگەی بە ئەندامبوونی لە FATFدا دەپەژرێنرێنێ، یان نا. خۆ ئەگەر ڕێژیم بە ئەندامبوون لەو گرووپە داراییە جیهانییەدا بپەژرێنێ، مانای وایە کە دەست لە هەموو چەشنە پشتیوانییەکی دارایی و سەربازیی میلیشیا تێرۆریستە شیعەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، واتە حووسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شیعەی عێراق هەڵدەگرێ. کە ئەم کارەش بۆ ڕێژیم خواردنەوەی ژەهری هەلایەلە، بۆیە تەقریبەن بە نامومکین دێتە بەربیر، چونکە ڕێژیمی ئاخوندەکان لەوەتای هەیە بەوە درێژە بە مانەوەی خۆی دەدا کە گۆیا دوژمنێکی دەرەکی دەیەوێ ئێران خاپوور بکا، بۆیە ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هێزی بەرگری داناوە و ‹›میحوەری بەرگری››ی دامەزراندووە. هەر بەوەش درێژەی بە چەوساندنەوەی گەلانی ئێران لە نێوخۆی وڵاتەکە داوە. ڕێژیم هەرچییەک بکا، ئەو بەهارە دێ و ئەو ڕووداوانەش ڕوو دەدەن، بۆیە ئەو بەهارە، بەهارێکی لە ڕێژیمی ئاخوندەکان و لە تێرۆریستە تائیفەگەراکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاییزە.