کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ بوون، یا ڕێفۆرمیست و مەدەنی بوون؟

19:15 - 29 رەشەمه 2718

دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە پوختەی ئەزموونەکان بەشی کۆتایی لە ٤ بەشی پێشوو داکۆمەڵێک لە دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژووی ٧٥ساڵەی حیزبی دێموکراتم باس کرد کە بریتی بوون لە:١- سەربەخۆییخوازی و خودموختاریخوازی، ٢- سەرانسەری بوون و ناوچەیی بوون، ٣- چەپ بوون و نەتەوەیی بوون، ٤- شەڕخوازبوون یا ئاشتیخوازبوون، ٥- کوردستانیبوون و ڕۆژهەڵاتیبوون، ٦- نەریتخواز (سوننەتی)بوون یا مودێڕن (نوێخواز)بوون. لەم بەشەشدا کە دوایین بەشی ئەم زنجیرە وتارەیە، لە سەر یەکێکی دیکە لە دووانە تەبا و ناتەباکان هەڵوێستەیەک دەکەم: شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ بوون، یا ڕێفۆرمیست و مەدەنی بوون؟ ئەو پرسەی حیزبی دیموکرات خەباتی خۆی بۆ تەرخان کردوە و ئەو ئامانج و داوایانەی ئەو حیزبە لە درێژایی مێژووی خۆیدا هەڵگریان بووە، ئەگەر سیستەمێکی دەسەڵاتدارەتیی دیموکراتیک و پابەند بە ئازادیی تێکۆشانی سیاسی لە ئێران لەسەر کار بوایە، پێویست نەدەبوو حیزب دروشمی ڕووخانی ڕێژیمەکانی ئێرانی بۆ هەڵبگرێ و بەشێوازگەلی شۆڕشگێڕانە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی خەبات بکا. چونکە هەم حیزبەکە مافی ئازادیی تێکۆشانی سیاسیی لە نێو ئێرانیدا دەبوو، هەم خەڵکی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی جیاوازی ئێران، دەیانتوانی لە لایەکەوە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان بنێرنە پارڵمانی ئێران و، لە لایەکی دیکە لە ڕێگا و شێوازە قانوونی و هێمنانەکانی دیکەی خەبات بۆ وەدیهێنانی داخوازەکانی خۆیان، کەلک وەربگرن. بەڵام هەر دوو ڕێژیمی شایەتی و کۆماری ئیسلامی، لە ڕووی چییەتی و نێوەرۆکەوە، بەتەواوی لەگەڵ داوای مافە نەتەوەییەکانی کورد نامۆ و دژ بوون. جگە لەوەی بچووکترین بە دەنگەوەهاتنیان بەرامبەر داوای مافە نەتەوەییەکانی کورد نەبووە، بە لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان و شەڕ و سەرکوت و، ڕێگەنەدان بە تێکۆشانی سیاسی و شێوازە هێمنانەکانی خەبات، لە گەڵ ئەو حیزبە و خەڵکی کوردستان ڕووبەروو بوونەتەوە. ئەزموونی حیزبی دیموکرات لە دەسپێکی دوو قۆناغی گرنگ لە مێژووی خۆی و ئێراندا، شایەدی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن. حیزبی دیموکرات لە سەرەتای دامەزرانیدا، بە پێکهێنانی کۆماری کوردستان و کار و خزمەتەکانی ئەو کۆمارە، بە پێوەرەکانی سەردەمی خۆی نموونەیەک لە مەدەنییەت و شێوازە مەدەنی و ئاشتیخوازانەکانی بەڕێوەبەرێتیی کۆمەڵ و تەعامول لە گەڵ تاران و نەتەوەی دراوسێ و لایەنەکانی دیکەی گرتەبەر. سەفەری پێشەوا قازی محەممەد لە پلەی سەرۆکی کۆماری کوردستاندا بۆ تاران، دەسپێشخەری و ئامادەیی نیشاندان بوو بۆ چارەسەری کێشە لە گەڵ تاران بە شێوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە. بەڵام ڕێژیمی شایەتی هەر کە خۆی گرتەوە، لەشکری بۆ کوردستان نارد و کۆماری ڕووخاند و سەرانی کۆمار و حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە سێدارە دا و دواتریش لە سەر سەرکوتی ئەو حیزبە و تێکۆشەرانی گەلی کورد بەردەوام بوو. بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی تازە لە ئێران، جارێکی دیکە حیزبی دیموکرات بە هێنانەگۆڕێی داواکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەی هێمنانە، وەدەست هاتەوە. ڕێژیمی تازەش، بە هەمان شێوەی ڕێژیمی شایەتی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لەگەڵ خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی جووڵایەوە: بە لەشکرکێشی و سەپاندنی شەڕ. وەک لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژەی پێکرا، پەنابردنی حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکە و بە گشتی خەڵکی کوردستان بۆ بەرگری لە خۆیان و، بەرپەرچدانەوەی لەشکرکێشی و هێرشی نیزامیی ڕێژیم بە چەک و هیزی پێشمەرگە، لە ناچاری بووە. هەڵگرتنی دروشمی ڕووخانی ئەو ڕێژیمەش لە لایەن ئەو حیزبەوە بەرهەمی ناسینی دروستی نێوەرۆکی ئەو ڕێژیمە و نەبوونی ڕێگای هێمنانەی خەبات بۆ داخوازەکان بووە. بەڵام شانبەشانی خۆڕاگریی چەکدارانە و خەباتی پێشمەرگانە، حیزبی دیموکرات تەنانەت لەو ساڵانەشدا کە بەربەرەکانیی چەکدارانە، شێوەی سەرەکیی خەباتەکەی بوو، هیچ کات دروشم و سیاسەتی کەلکوەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەباتی وەلا نەناوە. سروشتیە لە هەلومەرجێکدا کە خەباتی پێشمەرگانەی وەک پێشوو بۆ بەڕێوە نەچووە، پتر لە پێشوو بایەخی بە شێوەکانی دیکەی خەبات و بە تایبەتی هاندان و ڕێنوێنی خەڵک بۆ سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکانی نێوخۆ بە مەبەستی دەربڕینی داخوازەکانی خۆیان داوە. لە سەردەمی یەکگرتووبوونی حیزبی دیموکرات (دەیەی حەفتای هەتاوی)، دەتوانین یەکەم هەڵبژاردنی سەرانسەریی «شوڕاکانی شار و دێ» و هەروەها هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی شەشەم بە نموونە بێنینەوە کە حیزبی دیموکرات داوای لە خەڵک کرد لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن. لە دەیەی هەشتای هەتاویشدا، بانگەوازی خەڵک بۆ مانگرتنی گشتی لە ٢٢ی پووشپەر (بیرئانینی تیرۆری د.قاسملوو)، دەلیلی بڕواهەبوونی حیزب بە سوودوەرگرتن لە شێوازگەلی مەدەنیی خەبات بووە. دیارە پێشتریش و دواتریش، حیزبی دیموکرات لە هاندان و ڕێزلێگرتنی خەبات و هەوڵدانی تێکۆشەرانی بواری فەرهەنگ بە تایبەتی ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان، دڵسۆزانی بواری خزمەتکردنی زمانی کوردی و هتد، تەنەخی نەکردوە. دوای لەتبوون، حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوشان لەگەڵ زیندووکردنەوەی حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵات، بە ڕاشکاوییەکی زیاترەوە سیاسەتی پشتیوانی و هاندانی خەبات و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی گرتەبەر. لەم بارەیەوە پێوەندیی خۆی لەگەڵ کەسایەتییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنییەکانی نیوخۆ بەرینتر کردەوە و لە ڕاگەیەنەکانی خۆیدا، بواری بۆ ئاوڕدانەوە لە تێکۆشان و بیروڕای چالاکانی نێوخۆ ڕەخساند. خەباتی مەدەنیی خەڵکی ڕۆژهەڵات کە نێوەرۆکێکی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی هەبووە، لە هەر بەستێن و بوارێکدا بووبێ، لە لایەن ئەم حیزبەوە پێشوازیی لێ کراوە و پشتی گیراوە. ئەوانەش وایان کردوە خەڵک و بە تایبەتی چالاکانی نێوخۆ، پتر بە تێکۆشانی خۆیان دڵگەرم بن. ساڵی ١٣٨٨، کاتێک دوو بەربژێری پۆستی سەرکۆماری لە ڕەوتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا، نیمچە ئاوڕێکیان لە پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دایەوە، حیزبی دێموکرات داوای لە خەڵکی کوردستان کرد ڕەنگدانەوەی پرس و داوای خۆیان لە بەرنامەی کاندیداکاندا بکەنە بناغەی بەشداری و دەنگدانیان. جاری واش بووە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و شووڕاکاندا، بە تایبەتی لەو شار و ناوچانەدا، کە کورد و تورک پێکەوە دەژین و ململانێیەکان، ڕەنگ و واتای نەتەوەییان هەبووە، یا لە نێوان مۆرەیەکی ڕێژیم و کەسێکی نزیک لە خەڵک ڕقبەڕقەی هەڵبژاردن هەبووە، داوای حیزبی دێموکرات ئەوە بووە کە خەڵک لەم دەرفەتانە بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان و خستنە ڕووی داواکانیان و تێکشکاندنی پیلان و بەرنامەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بێنە مەیدان. ئەمانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە، بەرجەستەبوونەوەی وتووێژخوازی و وەبیرهێنانەوەی پەیتا پەیتای ئەو قسەیە کە پرسی کوردستان ڕێگەچارەی نیزامی نییە، نەک هەر لە دەرەوەی حیزب بەڵکوو لە نیوخۆی حیزبیشدا، پەرەی بە دروستبوونی خوێندنەوەی جیاواز لە گوتار و سیاسەتی ڕەسمی و دیاریکراوی حیزب داوە. لەو پێوەندییەدا پێویستە کۆنگرەی حەڤدەیەم، بۆ ئەوەی ناڕوونییەکان بڕەونەوە و تێگەیشتنی وەک یەک لە سیاسەتی حیزب بێتەوە کایە، سەرلەنوێ ڕوانگە و بینینی حیزب پێناسە بکاتەوە. بەلام شاراوە نییە کە ئەم باسە هەر کاتێک و لە هەر ئاستێکدا بکرێ و بە هەر ئاکامێک بگا، دەبێ بتوانێ وەڵامدەری کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەری بێ، بۆ نموونە: حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا، بێجگە لە زیانی سیاسی و وێکەوتنی زەبری ئەمنیەتی و فیزیکی، چ دەسکەوتێکی لە سیاسەتی وتووێژخوازی هەبووە؟ دیارە وتووێژخوازی ساڵی ١٣٥٨ بەو هۆیەوە کە هەم نیازپاکیی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان و، هەم بایەخنەدانی ڕێژیمی تازە بە داواکانی خەڵکی کوردستانی سەلماند، گرنگیی سیاسیی خۆی هەبوو. بەڵام لە بیرمان بێ، کۆماری ئیسلامی ساڵەکانی ١٣٦٧-١٣٦٨ لەکاتێکدا لە شەڕ لە گەڵ عێراقدا تێک شکابوو و لە باری ئابووری و سوپاییشەوە زیانی گەورەی لێ درابوو، لە حاڵێکیشدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەو کات بە هێزێكی چەند هەزار کەسیی پێشمەرگەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەلاتی کوردستاندا، مەیدانداریی بەرامبەر ئەو ڕێژیمە دەکرد و لە باری سیاسی و دیپلۆماسییشەوە، زۆر لە ئێستای حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرتر بوو، وتووێژی نەک بۆ چارەسەری کێشەی کوردستان، بەڵکوو بۆ لەداوخستنی دوکتور قاسملوو و تیرۆرکردنی ئەو ڕێبەرە بوو. ئێستا چ شتێک گۆڕاوە کە پێمان وابێ سیاسەتی وتووێژخوازی ئاکامێکی باشتری دەبێ؟ ئایا ئێمە لە ڕابردوو بە هێزتر بووین؟! یا گۆڕانێک لە سیاسەت و چییەتیی ئەو ڕێژیمەدا ڕووی داوە؟! تاقمێک لە ترۆپکی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان تەنانەت کوڕی خومەینی و کەسێکی وەک ڕەفسەنجانی لە نێو دەبەن؛ مەجالی وەدەنگ هاتن بە مووسەوی و کەڕووبی و خاتەمی نادەن؛ تەنانەت ئامادە نین لە سەر دەستی کەسانێکی بڕواپێکراو و تاقیکراوەی خۆیان، کەمترین مافەکان بە خەڵکی کوردستان بدەن؛ چ نیەتێکی خێریان لە وتووێژ لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی بە پێشینیەی خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی خوێناوییەوە هەیە؟ «بە فرض محاڵ» گریمان بەشێک لە داخوازەکانی ئەو حیزبەیان قبووڵ کرد کە وتووێژیان لەگەڵ کردووە یا وتووێژی لەگەڵ دەکەن. ئایا هیچ حیزبێكی ڕۆژهەڵات دەتوانێ بە تەنیا لەسەر داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار بدا و لەگەڵ ڕێژیم ڕێک بکەوێ؟ ئاکامی شتێکی ئەوتۆ بێجگە لە ڕاوەستان بە رامبەر بە هێزە سیاسییەکانی دیکە و، وەستانەوە لە ڕووی خەڵکدا، چ دەبێ؟ سیاسەتی وتووێژخوازی لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ لە لەگەڵ بێ وێنەترین تووڕەیی و بیزاریی خەڵک و، لە ئاستی نیودەوڵەتییش لە گەڵ گوشار و گەمارۆی پشتشکێن بەرەوڕووە و، هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن خەریکن خۆیان بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە ئامادە دەکەن، جگە لە خزمەت بە مانەوەی ئەو ڕێژیمە و هەڵبڕاندنی حیزب لە هاوخەباتی لە گەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی، چ مانا و ئاکامێکی دەبێ؟ حیزبێکی سیاسی کە ئامانجەکان و بەرنامەکەی لە چوارچێوەی ڕێژیمی دەسەلاتداردا ئیمکانی جێبەجێبوونیان نییە، دوو ڕێگای زیاتر لە بەر دەم نییە. یا سیاسەت و دروشم و بەرنامەکەی خۆی دەبێ تا ئەو ڕادەیە دابەزێنێ کە لەو ڕێژیمەدا، ئەگەری جێبەجێبوونیان هەبێ، یا هەوڵی لە سەرکار لابردنی ئەو ڕێژیمە بدا. کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە تەنانەت ئامادەیی جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ دەستووورەکەی خۆشی نییە؛ ماددەیەک کە ئەگەر جێبەجێش بێ، شتێکی زۆر بچووک و کەم بایەخ لەو داخوازانەیە کە نەتەوەی کورد دەیان هەزار قوربانیی بۆ داون. سروشتییە کە حیزبی دیموکرات دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ ئاڵاهەڵگربوونی پرسێکی گەورە و ئامانجێکی بەرز و خەبات و قوربانیدانی پڕ شانازی لە پێناویدا، ناتوانێ ببێ بەو هێزە سیاسییەی داخوازەکانی لە کۆماری ئیسلامیدا جێبەجێ ببن. بەڵام دانەبەزینی حیزبی دیموکرات لە داخوازە بنەڕەتییەکانی و، بەندبوونی وەدیهاتنی ئەو داخوازانە بە نەمانی ئەو ڕێژیمە، بە مانای وەلانانی هەموو شێوەکانی خەبات جگە لە شێوە ڕادیکاڵەکان نییە. حیزبێک دەکرێ دروشمە سەرەکییەکەی گۆڕان و نەمانی ڕێژیمێک بێ، بەڵام پشتیوانی هەر جۆرە خەباتێکی خەڵک بێ کە تەنگ بەو ڕێژیمە هەڵ دەچنێ. داخوازەکان هەر چیەک بن: سیاسی، ئابووری، کەلتووری، سینفی و چینایەتی، رۆژانە و تاکتیکی، درێژخایەن و ستراتیژیکی، گرینگ ئەوەیە بکرێن بە بیانوو و هەوێنی لە مەیداندابوونی بەردەوامی خەڵک بۆخەبات بۆ مافەکانی خۆیان و بەرگرییان لە شوناسی نەتەوەیی خۆیان. شتێک کە دەبێ ئەسل بێ، سوود وەرگرتنی خەڵکە لە دەرفەتەکان، هەم بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و هاوپێوەندی لە نێوخۆ و، پەرەدان بە خەباتخوازی و شوناسخوازیی خۆیان، هەم بۆ گوشار دروستکردن بۆ سەر دەسەڵات و خوڵقاندنی هەلومەرجێک کە خۆیان باشتر بتوانن هەناسە بدەن. سیاسەتی بانگەوازیی خەڵک بۆ لە مەیداندابوون و، بۆ ئەوەی لە هەموو دەرفەتێک بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان و دەربڕینی ویست و داخوازەکانیان سوود وەر بگرن، سیاسەتێکی دروستە. بەڵام ئەوەی نادروستە خوێندنەوەیەکی هەڵەیە لە پێناسەی «سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان». تەم ڕەواندنەوە لەسەر ئەو سیاسەتە ئەرکێکی دیکەی کونگرەی حەڤدەیەمی حیزبە. ئەو تەمە دەبێ بڕەوێتەوە کە پێشوازی و پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی و بزووتنەوەی مەدەنی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هیچ جۆر بەو مانایە نییە کە حیزبی دێموکرات بۆ خۆیشی گوتار و سیاسەت و هەڵوێستەکانی تا ئاستی گوتار و سیاسەت و هەڵوێستی ڕێکخراوێکی مەدەنیی نیوخۆ _کە ناچارە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا دیاریکراو و دیارینەکراوی کۆماری ئیسلامیدا تێکۆشانی هەبێ_ دادەبەزێنێ. ئەمەش دەبێ ڕوون ببێتەوە کە بەردەوامی لە سەر ئەو سیاسەتە بەو مانایە نییە کە لە هەموو هەڵبژاردنێک و لە هەر هەلومەرجێکدا، خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و دەنگدان، هان بدرێن. ئەگەر لە هەڵبژاردنێکدا، خەڵک بە دەنگدان بە کاندیدایەک بە هۆی بەرنامە سیاسییەکەی، یا بە هۆکاری ئەتنیکی، دەتوانن پەیامێکی سیاسیی بگەیەنن، لە هەڵبژاردنێکی دیکەدا، بە دەنگنەدان و بایکۆتی یەکگرتووانە، دەتوانن هەڵوێست و پەیامی گەورەتر بگەیەنن. ئەمەش نابێ لە سیاسەتداڕشتنی داهاتووماندا لە بیر خۆمان بەرینەوە کە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی چەند دەورەی رابردوو دەری خست تەنانەت ئەو کاتەش کە خەڵک بە وشیاری وبە داواکاریی سیاسی و نەتەوەیی دیاریکراوەوە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن بۆ ئەوەی بە لانیکەمی مافەکانیان بگەن، سەرئەنجام هەر ناهومیدی و ڕەنج بە خەسارییان بۆ دەمێنێتەوە. پوختەی ئەزموونی ڕابردوو: حیزبێک بە ئامانج و بەرنامەی سیاسیی شۆڕشگێڕانە و بە پێشێنەی خەباتی شۆڕشگێڕییەوە، ئەگەر بەرامبەر پوتانسیەلی خەباتگێرانەی نێو هەناوی کۆمەڵ کە لە ڕووی داواکاری و شێوازەوە «مەدەنی» و هێندێکیان ڕێفۆرمخوازانەشن، بێ تەفاوەت بێ یا دژایەتیی بکا، بۆ خۆی زەرەر دەکا. بە پێچەوانەوە پێویستە بە ئاراستەی ئەو ئامانجە گەورە و گشتی و هاوبەشانەی «حیزب» و «خەڵک «یا «حیزب» و «کۆمەڵ» پێک دەبەستنەوە، کاریگەریی لە سەر ئەو جۆرە خەبات و بزووتنەوەیە هەبێ، بێ ئەوەی هیچ کام لەو دووانە (حیزبی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەی مەدەنی) ڕۆڵ و جێگەی خۆیان لێ بگۆڕێ یا جێگای خۆیان گەڵ یەکتر بگۆڕنەوە. ئەگەر لە بڕگەیەکی زەمانییشدا، دروشمێک یا شێوازێک لە خەباتی حیزب، جێگای پەسندی بەشێک لە بزووتنەوە مەدەنییەکە نەبوو، یا بە پێچەوانەوە داواکارییەکی بزووتنەوە مەدەنییەکە و جۆری هەوڵدان و خەباتکردن لە پێناویدا، زۆر کەمتر و بچووکتر لە چاوەڕوانییەکانی ئەو حیزبە بوو، بە ئاسایی بزانین . چونکە سروشتییە دوو ئەکتەر بە دوو مەوقعییەتی جیاوازی سیاسی و بە دوو بوار و توانای جیاوازی خەباتکردنەوە، ناتوانن بەردەوام پێ بە پێی یەک بچنە پێش. گرنگ ئەوەیە حیزب ڕۆڵی پێشڕەوانە و ڕێنشاندەرانەی خۆی بپارێزێ و هەوڵ بدا بزووتنەوە مەدەنییەکە لە ئامانجە سەرەکییەکان و ڕێڕەوە گشتیەکەدا، لانەدا.