کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوتار وەک هێز

19:19 - 29 رەشەمه 2718

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر جار دیتوومانە کە گوتار (دیسکۆرس)ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێویەکی نادروست وێنا کراوە و، بە کۆمەڵێک گوتەی ڕووتی ڕەها لە دەرکەوت و هێزی بەرهەست و بەرجەستە ناو براوە و لەم ڕێگەوە هەوڵی چەواشەکردن و بێنرخ کردنی دراوە. یەکەم ئەوەی کە گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمان گوتاری مێژوویی حیزبی دێموکراتە و هەوڵ دراوە لەگەڵ ڕۆحی سەردەم مۆتۆربە بکرێ و لە واقیعدا ئەم گوتارە مێژووییە خراوەتە نێو بەستێن و زەمینەیەکی نوێوە و بەو پێیە وێڕای پاراستنی پرەنسیپ و بنەما جەوهەرییەکانی، هەوڵی بەڕۆژکردنەوەی دراوە. دووهەم؛ ڕاستە کە هەندێک لەو باسانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هێناونیە ئاراوە، بەباشی تیۆریزە نەکراون. ئەگەر گوتارێکی تۆکمە بە سەمفۆنیایەک بشوبهێنین، هەندێک جار لە سەمفۆنیای گوتاری ئەم حیزبە دەرچوون هەبووە و ئەم دەرچوونانە وەک پاڕادۆکس خۆیان نواندووە؛ هەروەها لە ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی گوتاری مێژوویی حیزبدا کەمایەسی هەیە و لەم بوارەدا بە کەلکوەرگرتن لە توانای ئەقڵی گشتی دەتوانرێ بەسەر ئەم کەمایەسییەدا زاڵ بین. لەم وتارەدا ئەمن ناچمە سەر گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان و تەتەڵەی ناکەم و هەڵیناسەنگێنم، ئەم ڕەخنە یان دروستتر بڵێم ئەم هەڵەتێگەیشتنانەی سەرەوە دەکەمە بیانوویەک بۆ باسێکی گشتگیرتر لەسەر هاوکێشەی نێوان گوتار و هێز. پێم وایە بەشێک لەم هەڵەتێگەیشتنانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە گوتار بە گوتە و قسەی ڕووت یەکسان دەکرێ و لەم ڕوانگەوە گوتە و قسەش "شت" نین و حیسابیان لەسەر ناکرێ. لە پشت ئەم وێناکردن و هەوڵانە، تێنەگەیشتن لە چەمکی گوتار دەبینرێ. ئەم دیدە لە قووڵاییدا دیدێکی مادیگەرا و فیزیکالیستییە و هێز و سەرچاوەکانی هێز تەنیا لە مادە و کەرەستەی فیزیکی و مادیدا دەبینێ و پێکهاتە مەنتقی و مەعنەوی و سەمبولیک و فیکرییەکان لە دەرەوەی هێز وێنا دەکا. کێشەیەکی ئەم دیدە ئەوەیە کە ئۆبژە لە سووژە دادەبڕێ و سووژە بە ڕەنگدانەوەی ئۆبژە دەزانێ و پێوەندییەکی سەرخان و ژێرخانی لەنێوان سووژە و ئۆبژەدا وێنا دەکا و ئەوەی بە گرینگی دەزانێ ئۆبژەی ژێرخانە. لە حاڵێکدا هەم سووژە لە شکڵ بەخشین بە ئۆبژەدا بەشدارە و هەم ئۆبژە لە شكڵپێدان و ئاراستە بەخشین بە سووژەدا بەشدار و کاریگەرە. بە دەربڕینێکی ڕوونتر گوتار وەک پێکهاتەیەکی سۆبژێکتیڤ لە شکڵپێدان بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان وەک دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤدا بەشدارە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانیش گوتاری گونجاوی خۆیان دەخوڵقێنن و دەستکارییان دەکەن و ئاراستەیان پێدەدەن. دروستەکەی وایە بڵێین کە سووژە و ئۆبژە لە بیاڤی کۆمەڵایەتیدا لەپاڵ یەک دان و پێوەندییەکی ڕێژەیی دوولایەنەیان هەیە و هەم پێکهاتە بەرهەستەکانی کۆمەڵایەتی چوارچێوەیەکن کە سووژە تێیدا شکڵ دەگرێ و هەم سووژەش دەیانگۆڕێ و دەستکارییان دەکا. لەم وتارەدا لەژێر تیشکی تێگەیشتنێک لە فیکری میشێل فوکۆ، بیرمەندی فەڕانسەیی، ئەو دیدە پۆزیتیویستییەی سەرەوە دەبەینە ژێر پرسیار و دەڵێین کە گوتار وەک پێکهاتەیەکی زێهنی و سۆبژێکتیڤ، لە هەمان کاتدا کە ڕەگەزەکانی لە هەناوی کۆمەڵگە وەردەگرێ و دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە، نەخشەی ڕێکخستن و دەستکاریکردن و گۆڕینی پێکهاتە ئۆبژێکتیڤەکانی کۆمەڵگەشە. گوتار لە هەناوی خۆیدا هەڵگری خواستی سوڵتە و هێژمۆنی و بەکردەیی کردنی خەونەکانیەتی. گوتار نەتەنیا کۆمەڵە گوتەیەکی ڕەها لە هێز نییە بەڵکوو هێز، ڕەهەندێکی پێکهاتەیی و خواستی سەرەکیی گوتارە. گوتار لە دەرەوەی هێز ئەسڵەن بوونی نییە؛ گوتار هەم بەرهەمهێنراوی هێز و توانای زێهنییە و هەم بەرهەمهێنەری هێز. گوتار زنجیرەیەکی ڕێکخراوی بیرکردنەوە، ڕوانین و ڕوویکەردە کە خواست و ئیرادەیەکی دیاریکراوی لەپشتە. گوتار پاڕادایم یان چوارچێوەیەکی شرۆڤە و لێکدانەوەیە. هەر گوتارێک ئاسۆیەکی ڕوانینت پێ دەبەخشێ کە لێیەوە بڕوانیە ڕووداو و دیاردەکان. بەکورتی گوتار سیستمێکی ماناییە کە بەدوای ئامانجێکدا وێڵە و خۆی لەخۆیدا هەوڵی زاڵبوون و هێژمۆنی دەدا و لە جەوهەری خۆیدا هەڵگری خواستی هێزە. لەبەر ئەوەی کە کارکردی گوتار فۆڕمبەخشین بە زێهنییەت و ئاراستەکردنی ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگەیە، هەر لە نێوەرۆکی خۆیدا بەدوای هێزدا وێڵە و لە بنەڕەتدا گوتار لە دەرەوەی پێوەندییەکانی هێز بوونی نییە. لێرەدا وەک میشێل فوکۆ دەڵێ گوتار لە دوو بەشی سیستمی مانایی و خواستی هێز پێک دێ. واتە گوتار زێهنیەت و ڕوانین و دواجار ئاکاری تاکەکانی کۆمەڵگە لە پێناوی خواستێکی دیاریکراودا دادەڕێژێ و فۆڕمی پێدەدا. بۆ نموونە گوتاری نەتەوەیی دەیەوێ لەڕێگەی ئاراستە کردنی زێهنیەت و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە، لەسەر بنەمای چەمکی نەتەوەیی، هێزی گەیشتن بە مافی نەتەوەیی بخوڵقێنێ. لەبەر ئەوەی کە هەر گوتارێک هەڵگری ئاسۆیەکی ڕوانینە و خواستێکی دیاریکراوی لەپشتە، ناتوانێ ئیدیعای کۆکبوونی تەواوەتی و یەکانگیری لەگەڵ واقعیەت بکا و خۆی وەک حەقیقەتی ڕەها وێنا بکا. هیچ گوتارێکی دیاریکراو ناتوانێ ئیدیعای ئەوە بکا کە بەتەنیایی کافییە و لە بوونی ئەودا پێویست ناکا هیچ گوتارێکی دیکە هەبێ. گوتارێک هەرچەند گشتگیریش بێ لە نێوخۆیدا و لەپاڵ خۆیدا پێویستیی گوتاری دیکەش خۆ دەنوێنێ؛ چونکە هەر گوتارێک پێگە و گۆشەنیگا و خواستێکی دیاریکراوی هەیە و نیازێک لە نیازەکانی کۆمەڵگە وڵام دەداتەوە و بەتەنیا ناتوانێ وڵامدەری هەموو خواست و نیازەکانی کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی نێو ئەو کۆمەڵگەیە بێ. بۆ نموونە گوتاری نەتەوەیی هەرچەند گشتگیریش بێ بەڵام لەژێر چەتری ئەودا یان لە پاڵ ویدا، پێویستیی گوتاری دێموکراسی و ئازادیی تاک، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و گوتاری ژینگەپارێزیش خۆ دەنوێنێ و هەرکامیان نیازێک لە نیازەکانی مرۆڤەکانی نێو کۆمەڵگە وڵام دەدەنەوە. گوتاری نەتەوەیی هەرچەند گشتگیریش بێ و لە شکڵی گوتاری ڕزگاریی خاکدا، ڕۆڵی بەستێنساز بۆ گوتارەکانی دیکە ببینێ، بەڵام هەموو نیازەکانی کۆمەڵگە وڵام ناداتەوە. گوتاری نەتەوەیی، وەک هەر گوتارێکی دیکە خواستی هێز و هێژمۆنی و گشتگیریی هەیە، بەڵام ناتوانێ ئیدیعای ڕەهابوون بکا؛ لەبەر ئەوەی کە لە پێگەیەکی دیاریکراو و تایبەتەوە، لە گۆشەنیگایەکەوە، لە جیهان و دەورووبەری ڕادەمێنێ؛ ئەمەش بە شێوەیەکی چارەهەڵنەگر ڕێ دەگرێ لەوەی کە بتوانێ لەگەڵ واقعیەتی فرەچەشنی خواست و نیازەکانی کۆمەڵگە یەکانگیر بێ. گوتارەکان کەم و زۆر ئیدیعای حەقیقەت دەکەن بەڵام نێوەرۆک و پێناسەی گوتار، بەم شێوەیەی لێرە خرایەڕوو، لەگەڵ ڕەهابوون نایەتەوە؛ چونکە هەرکامیان لە ئاسۆ و پێگەیەکەوە لە جیهان و دەوروبەریان ڕادەمێنن و هەر ئەمەش ڕێژەگەرایی دەسەپێنێ. گوتار دەزگایەکی چەمکییە کە ڕەنگدانەوەی ئاوێنەیی واقیع نییە، بەڵکوو خوێندنەوە و ڕیوایەتێکە لە واقیع. خوێندنەوە و ڕیوایەتێک کە مەودای هەیە لەگەڵ واقیع و لێرەدایە کە لێی جیا دەبێتەوە و تا ڕادیەک شوناسێکی جیاواز وەردەگرێ. گوتار ڕەگەز و پێکهێنەرەکانی لە واقیع وەردەگرێ بەڵام چونکە کاراکتەرێکی زێهنی و دروستکراوی هەیە، بۆیە وەک واقعیەتی کەلامی مامەڵە دەکرێ کە هەم لە واقعیەتی واقعی جیا دەبێتەوە و هەم شکڵیشی پێ دەدا. گوتار پێکهاتەیەکی دەرهەستی هەیە و لە ڕێگەی شکڵ پێدان و ئاراستەکردنی ڕوانین و ئاکاری کۆمەڵیک مرۆڤەوە ڕەهەندێکی بەرهەست و بەرجەستە وەردەگرێ. گوتار چەمک و دروستکراوێکی زێهنییە بەڵام ڕەگەز و دەرکەوتی مادیشی هەیە بۆیە ناکرێ گوتار تەنیا وەک شتێکی زێهنی ڕووت مامەڵە بکەین. هەڵەیە ئەگەر گوتار تەنیا بۆ بابەتێکی زێهنیی ڕووت دابەزێنین چونکە هەم پێکهێنەری مادی هەیە و هەم دەرکەوتی مادیش و هەڵەشە ئەگەر هێز تەنیا لە ڕەهەندیی مادیدا کورت بکەینەوە. ئەگەر ڕوانینێکی ڕەقامێریمان بۆ چەمکی هێز هەبێ و تەنیا لە ڕەهەندی مادی و ئامرازیدا کورتی بکەینەوە، ئەوا گوتار وەک سیستمێکی گوتە و قسەی بێکەلک و بێنرخ وێنا دەکەین. لەڕاستیدا کارکردی گوتار ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئاراستەکردنی سووژەکانەوە و کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان، فۆڕمێکی دیاریکراو بە واقعیەت دەدا. واتە واقعیەتی کەلامی خۆی بۆ واقعیەتی مادی وەردەگێڕێ. هەموو ئەم ئاراستەکردن و فۆڕمبەخشینە دەچنە چوارچێوەی هێز و پێوەندییەکانی هێزەوە. هەر گوتارێک مادام هەوڵی ئەوە دەدا کە زێهنیەت و کەسایەتی و ڕەفتاری سووژەکان داڕێژێ و شکڵ بدا یان لە داڕشتن و فۆڕمبەخشینیدا بەشدارە، بۆیە لە چییەتی و جەوهەری خۆیدا لەگەڵ هێز لێک ئاڵاوە و خواستی هێز دەیجووڵێنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا لەبەر ئەوەی کە هەر گوتارێک ئاسۆی ڕوانین و خواستێکی دیاریکراوی لەپشتە و، لەبەر ئەوەی کە گوتار لە پێگەیەکی دەرەکیدا نییە لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بەڵکوو پێکهێنەر و ڕەگەزەکانی بە شێوەیەکی ناڕێکخراو لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە، بۆیە ناتوانێ ئیدیعای ڕەهابوون بکا. گوتار بەدوای هێز و هێژمۆنیدا وێڵە بەڵام بەهۆی جەوهەرەکەی ناتوانێ ڕەهایی وەربگرێ ئەمەش جۆرێکە لە پاڕادۆکس. گوتارەکان کاراکتەرێکی مێژوویی و سەردەمییان هەیە و دەرەمێژوو و دەرەسەردەم نین؛ هەم هەڵقوڵاوی بەستێنێکی مێژوویی دیاریکراو و هەم وڵامدانەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراون. دیارە کە دەڵێن کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، بەو مانایە نییە کە هەموو گوتارەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا قەتیس بکەین و ڕەهەندی یونیڤێرساڵیان لێ وەرگرینەوە. بەهۆی تێکەڵاویی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەکان و بەهۆی هەندێک هاوبەشیی نێوان مرۆڤەکان و بەتایبەت بەهۆی بەرفراوانی پێوەندییەکانی مرۆڤ لە سەردەمی زانیاریدا، ئاساییە کە گوتارێک ڕەهەندی گشتگیر وەربگرێ و لە کۆمەڵگەکانی دیکەشدا جێ بکاتەوە و پەرە بگرێ. لەڕاستیدا هەر گوتارێک لە ئاست و بیاڤێکی دیاریکراودا هەوڵی گشتگیربوون دەدا و ئەمەش لە تایبەتمەندییەکانی گوتارە و هەر ئەم گشتگیرییەش کە دەربڕینێکی دیکەی زاڵبوون و هێژمۆنیە، گوتار دەکاتە خاوەن کاراکتەرێکی هێز. واتە ناکرێ گوتار و هێز لەیەک جیا بکەینەوە. هێز لە پێگەیەکی دەرەکیدا نییە بە نیسبەت گوتار، بەڵکوو ڕەهەندی ناوەکی و خواستی بنەمایی گوتارە. بۆ ئەوەی لە گوتار وەک هێز تێبگەین پێویستە لە ئیدیۆمی "میکرۆفیزیکیی هێز"ی میشێل فوکۆ کەلک وەربگرین. فوکۆ لەجیاتی هێز لە دەستەواژەی پێوەندییەکانی هێز کەلک وەردەگرێ و خەسڵەتی دینامیک بە هێز دەبەخشێ. هێز وەک شت مامەڵە ناکا بەڵکوو لە چۆنیەتیی دابەشکردنی سەرمایەی فەرهەنگی و مادیدا و لەسەر ئەم بنەمایەش لە چۆنیەتیی ڕێکخستنی پێوەندییەکاندا دەیبینێ. ئەم ڕوانینەی کە هێز لە ڕووە مادییەکەیدا کورت دەکاتەوە، بە شێوەیەکی خوازراو یان نەخوازراو، سەرمایەی فەرهەنگی، مەعنەوی و کۆمەڵایەتی و بە دەربڕینێکی گرامشیانە، هێژمۆنی، نادیدە دەگرێ و ئەمەش دیدێکی بەتەواوی پۆزیتیویستی و فیزیکالیستی و بە ئۆبژە چواندنی چەمکەکانە. نابێ لەبیرمان بچێ کە چەمکەکان بە چەمکی هێز و گوتاریشەوە، زێهنی و تیۆریکن و دروست دەکرێن و ئەگەرچی فۆڕماسیۆنێکی زێهنیی ڕەگەزە واقعییەکانن، بەڵام قەت وەرگێڕانی مەفهوومیی واقعیەت نین و بمانەوێ و نەمانەوێ چەمکەکان هەرچەند مادە خاوەکانیان لە واقعیەت وەردەگرن، بەڵام دانانی گەڵاڵە و نەخشە، دەستکاریکردن، ڕێکخستن، داڕشتن و ئاراستەکردنی ئەو کەرەستە خاوانە، کاری زێهنە؛ لێرە دایە کە سووژە و ئۆبژە لێک دەئاڵێن و پێوەندی و پێکهاتەی ئەو دووانەیە کە هەم چەمکەکان دەئافرێنن و هەم واقعیەت دەخوێننەوە و شکڵیشی پێ دەدەن. لە دەستەواژەی پێوەندییەکانی هێزدا پێناسەیەکی بەرفراوانتر بۆ چەمکی هێز دەکرێ، ڕوانینێک کە هێز لە شتێکی مادیدا کورت ناکاتەوە کە دەکرێ لە شوێنێکدا کۆببێتەوە و وەک ئامراز بەکار بێ؛ واتە ئەم پێناسەیە مەودا دەگرێ لە ڕوانینێکی ڕەقامێری کە هیچ بوونێک بۆ هێز لە دەرەوەی ڕەهەند و ئامرازە مادییەکانی هێزدا قایل نییە. ئەگەر هێز لە شوێنێکدا کۆببێتەوە، دەرەوەی ئەو شوێنە، وەک شوێنێکی بەتاڵ لە هێز وێنا دەکرێ. واتە ئێمە لەگەڵ دوو شوێن کە یەکێکیان هێزی تێدایە و ئەوی دیکەش خاڵییە لە هێز، بەرەوڕووین. ئەمەش بێجگە لە دابەشکاری و لێکجیاکردنەوەیەکی شتە مادییەکان نییە. ئەم دیدە بە دەربڕینێکی دیکە دیدێکی جەوهەرگەرایە و دیاردەکان لە خۆیاندا دەخوێنێتەوە، نەک لە پێوەندی و لە بەستێنی پێکهاتە و فەزای کۆمەڵایەتیدا. ئەگەر لە پێناسەی هێزدا لەجیاتی هێز وەک شتێکی مادی و بەرهەست، لەسەر پێوەندییەکانی هێز کلیک بکەین، ڕوانینێکی کامڵترمان لەسەر ئەو چەمکە لا دروست دەبێ. لەبەر ئەوەی کە دەسەڵات لە شوێنێکی دیاریکراودا قەتیس ناکەین و هیچ خانە و ئاستێکی کۆمەڵایەتیی بەتاڵ لە هێز وێنا ناکەین. لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە، لە بنەماڵەوە بیگرە تا دەگاتە ئاستی دەوڵەت و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە، پێوەندییەکانی هێز هەیە. لە کوێدا پێوەندیی کۆمەڵایەتی هەبێ لەوێشدا جۆر و ئاستێک لە پێوەندیی هێز هەیە. لێرەدا هێز هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگڕێژ دەکا و بەم شێوەیە هیچ پێوەندییەک نامێنێتەوە کە بەتاڵ بێ لە پێوەندیی هێز. ڕاستە کە پێوەندییەکانی هێز لەخۆڕا دروست نابن و پشتیوانی مادی و نامادییان هەیە، بەڵام ئەم ڕوانینە فوکۆییە وا دەکا کە ڕەهەندە ڕەمزی و نامادییەکانی هێز باشتر ببینین؛ ڕەهەندگەلێک کە لە چەمکی گوتاردا بەرجەستەن. لە کوێدا فۆڕمبەخشین و داڕشتن و ئاراستەکردن هەبوو، لەوێدا پێوەندییەکانی هێز ئامادەیە. گوتار هێژمۆنیخوازە و خودی چەمکی هێژمۆنیش زیاتر لەوەی کە ڕوو و دەرکەوتێکی مادی هەبێ، ڕەهەند و دەرکەوتێکی نامادی و زێهنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕادەی جێکردنەوەی تێڕوانین و بۆچوونە جیاوازەکان لەنێو مێشک و دڵی تاکەکانی کۆمەڵگەدا؛ بە دەربڕینێکی وردتر دەگەڕێتەوە بۆ قەناعەت هێنان و باوەڕمەندیی تاکەکان. کە باس لە هێژمۆنی دەکەین باس لە هێزی قەناعەت دەکەین، باس لە کاریگەری و شوێندانەریی بیر و ئایدیاکان لە زێهنیەتی خەڵکدا دەکەین، باس لەوە دەکەین کە چەندە خەڵک بیروبۆچوونێکی دیاریکراویان قەبووڵە و پشتیوانیی لێدەکەن، چەندە خەڵک بە سیستمێکی مانایی ڕووداو و دیاردەکان دەخوێنێتەوە و مانا دەکاتەوە. بەهێزی ڕەوتێک لەوە دایە کە چەندە خەڵکی کۆمەڵگەیەک بە پاڕادایم و ئاسۆی ڕوانینی، خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکەن و چەندە ئەو ڕەوتە دەتوانێ ڕەنگڕێژی زێهنیەتی خەڵک بکا و ڕەفتاریان ئاراستە بکا. لە دنیای ئەمڕۆدا و لە سەردەمی "ئای تی" و تەقینەوەی زانیاریدا کە "هێزی نەرم" هاتۆتە ئارا و زۆرترین سەرمایەگوزارییەکان لەسەر بەدەستخستنی زانیاری و شکڵ پێدانی زانیارییە، گوتار وەک هێزی نەرم شوێنێکی گرینگتر لە جارانیش وەردەگرێ. لەخۆڕا نییە کە ئەمڕۆکە ئەوەندە گرینگی بە ڕاگەیاندن و کەرەستەکانی ئاراستەبەخشین بە زانیاری و زێهنیەتی بەردەنگەکان دەدرێ. لە نێوەرۆکی هەر گوتارێکدا سوڵتە و هێژمۆنی خۆی مەڵاس داوە و لە ڕاستیدا گوتارەکان لەگەڵ یەکتر لە ڕکابەری دان و هەرکامیان بەرژەوەندیی گرووپێک یان دەوڵەتێک نوێنەرایەتی و پشتیوانیی دەکەن. هەر گرووپ و دەوڵەتێک زانیاری و سیستمی مانایی خۆی بەرهەم دێنێ و هەر زانیاری و سیستمێکی ماناییش هێزی خۆی بەرهەم دێنێ. واتە پێوەندییەکی یەکتر دروستکردن لە نێوان زانیاری و مانا و هێزدا هەیە. کەواتە گوتار وەک سیستمێکی زانیاری و مانابەخشی، دروستکەری هێزە و هێزیش لە پێوەندییەکی بەرامبەرکێدا، گوتاری خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ***