کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەم دەفرەی کە لەمێژە لێی دەڕژێ...

19:21 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان ساڵێکی دیی لە بێمافی و بەشمەینەتیدا بەڕێ کرد، کۆماری ئیسلامیش توانی بە زەبروزەنگ و چەکی سەرکوت ساڵێکی دیکەش بخاتە سەر تەمەنی دەسەڵاتەکەی و؛ کۆمەڵگەی جیهانیش ڕێگەی دا ڕێژیمی تاران ئەمساڵیش هەروا پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و تێکدەری ئەمنییەتی ناوچە و جیهان بێ. ئێعدام، گرتن و لە بەندیخانە پەستاوتن، سەرکوتی بیروڕای جیاواز، پێشێلکردنی مافی کەمایەتییە ئاینییەکان، سەرکوتی ویست و ماف و داوای نەتەوە نافارسەکان، توندوتیژی، هەڵاواردن، زەوتکردنی مافی زیندانیانی سیاسی، کرێکاران، ژنان و منداڵان؛ ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو چەکی دەستی ڕێژیم بۆ زاڵکردنی هەیمەنە و دەسەڵاتەکەی بەسەر ئێراندا بوو. ئەمساڵیش زۆر مل بە پەتەوە کران، مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکان سەرکوت کران، بەربەستی زیاتر لەبەردەم کار و چالاکیی حیزب و ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکان هەڵچندران، مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان نەک دەنگ و داوایان نەبیسترا، بەڵکوو بە توندی بەگژیاندا چوونەوە. وە لەگەڵ ئەمەدا ئەمساڵیش ڕەخنەی زۆر بەرەوڕووی ئێران کرایەوە، هەم لە لایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، هەم لە لایەن شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، وە هەم لەلایەن وەزارەت و ئۆڕگانە دەوڵەتییەکانی ئەمریکا و ئورووپا و هتد. سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک ئەگەر لە هەموو شوێن و ناوچەیەکی ئێراندا درێژەی هەبوو، لە کوردستان توندتر و بەربڵاوتر بوو. بەردەوامی لە تێرۆری چالاکانی سیاسی و مووشەکبارانی بنکە و بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان کە 16 شەهید و دەیان برینداری لێ کەوتەوە، کوژران و برینداربوونی لانیکەم 250 کەس لە کۆڵبەر و کاسبکارانی هەژار و بەشمەینەتی ناوچە سنوورییەکان کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کەوکوژی دەیاندەبە بەر دەستڕێژ، دەسبەسەرکردنی لانیکەم 600 کەس و سەپاندنی سزای درێژخایەنی زیندان لەسەر داوای ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەسەر سەدان کەس لەوان بێ ئەوەی لە بێدادگاکانی ڕێژیمدا مافی بەرگری لە خۆیان هەبووبێ، بەردەوامیی تەقینەوەی مین لە بن پێی منداڵان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی کوردستان بێ ئەوەی گنجێک بخاتە نێوچاوانی کاربەدەستانی ڕێژیم و، بەردەوامی لە تێکدانی ژینگە و بەتاڵانبردنی ئاو و سەرچاوە سرووشتییەکانی دیکەی کوردستان؛ تەنیا چەند نموونەیەک لە درێژەی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان بوون. وەک باس کرا ڕەوتی سیستماتیک و بەبەرنامەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لەو بەستێنەدا شتێک نییە لەبەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتان ون بووبێ. بیست و حەوتەمین کۆبوونەوەی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی دووشەممە، 20ی ڕەشەمە لە ژنێڤ گیرا، نوێترین جێ بوو کە تێیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی ڕەهای مافی مرۆڤ مەحکوم کرایەوە. لەم دانیشتنەدا جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتیی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران جارێکی دیکەش تاوان و جینایەت و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەستێنی مافی مرۆڤی ڕیز کردەوە و سەبارەت بەو بارودۆخە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی دەربڕی. ناوبراو نەیشاردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە چوار دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا لە ڕیزی هەرە پێشەوەی وڵاتانی پێشێلکەری مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی شووڕای ئەمنیەتی ئەم ڕێکخراوەیەیە و لەم ماوەیەدا نەیویستووە هیچ گۆڕانکارییەک لە رەفتار و سیاسەتەکانیدا بکا. هەڵبەت لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دوو ساڵی لێ دەرچێ، هەموو ساڵێ کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی تارانی لهسهر پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ مەحکووم کردوە و بڕیارنامەی لەدژی دەرکردوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها لە ڕێگەی کۆمیسیۆن و شووڕای مافی مرۆڤەوە تا ئێستا شەش ڕێپۆرتێری تایبەتیی بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دیاری کردوە و، ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی هیچ کام لەوانی نەکردوە؛ بەڵام ئەمە لایەنێکی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی لەهەمبەر پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەردەخا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارە دەگوورێ کە چۆنە سەرەڕای ئەم دۆخە، کاردانەوەکان بڕیارێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتۆتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە پاشەکشە لە رەفتارەکانی و دەروەستبوون بەو پڕەنسیپە نێونەتەوەییانە بکا کە خۆی لەسەر کاغەز ئیمزای کردوون؟ ڕەخنەی جیدی لەو پێوەندییەدا ڕوویان لە شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپاییە. خەمساردیی ئەم لایەنانە لەو پێوەندییەدا ئەم ڕاستییە دەردەخا کە سەرنجدان و گرینگیدانی شووڕای ئەمنییەت و یەکیەتیی ئورووپا بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران پتر لەوەی لە باوەڕی ئەوان بەو پڕەنسیپانە و نیگەرانییەکانیان لە پێشێلکردانی ئەم بایەخانەوە سەرچاوە بگرێ، وەک ئامراز و لاهێزی سیاسی بۆ فشار خستنەسەر ئێران بۆ ساتوسەودا و لە بوارەکانی دیکەدا چاوی لێ دەکرێ. هەروەها لە کەس شاراوە نییە کە ئەوەندەی پرسی پشتگیریی ئێران لە تێرۆریزم، بەرنامەی ئەتومی و مووشەکیی بالستیکی ئەم ڕێژیمە و پەرەپێدانی ڕادیکالیسمی ئیسلامیی هەناردەکراوی کۆماری ئیسلامییان بۆ گرینگە، ئەوەندە لا لە پرسی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لەم وڵاتە ناکەنەوە. ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران لە داهاتووشدا بەهۆی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی زەحمەتە گۆڕانی بەسەردا بێ، مەگەر ئەوەی گوشاری کۆمەلگەی جیهانی ناچار بە ملدانی بکا و، هەتا ئەو کاتەی بڕیارنامەکان هەر لەسەر کاغەز بن و نەچنە خانەی پڕاکتیک و تێچووی قورس نەخەنە سەر ڕێژیم؛ کۆماری ئیسلامی لەم ڕەفتارەی بەردەوام دەبێ. پرسی مافی مرۆڤ دەبێ لە بابەتێکی نێوخۆیی وڵاتان بێتە دەرێ و گرێ بدرێ بە شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی سیاسی یان ئەستاندنەوەی ئەم شەرعییەتە لەم دەسەڵاتەی مافی خەڵکەکەی پێشێل دەکا. وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیاری دنیا تەنیا بە وەلانانی ڕەفتاری دووفاقەیان لەگەڵ ئێران لە بەستێنی مافی مرۆڤدا دەتوانن ئەم ڕێژیمە لە ڕەهەندە ئەمنیەتییەکانی وەک تێرۆریسم و بەرنامەی مووشەکی و قەیرانی ئەتومیدا ناچار بە پاشەکشە و گۆڕینی ڕەفتار بکەن. دواجار بەڕێز جاوید ڕەحمان و هەموو لایەن و ناوەندەکانی دیکەی پێوەندیدار دەبێ بزانن کە ئیدی دەبێ لە قۆناغی نیگەرانی و ناڕەزایەتیدەربڕین تێپەڕن و ڕوو لە بڕیاری جیدی بنێن.