کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڕکانی دامرکاو

04:42 - 1 خاکەلێوه 2719

لە کوێ بەدوای نەورۆز دا بگەرێم؟! ئەو گڕەی نەورۆز چییە؟ لە کوێ بەدوای دروشمی ئەو ئاگرە هەرمانەدا بگەرێم؟ لەکام نەریت و ئۆلدا ئاماژەی فەلسەفی ئەم جێژنە پیرۆز و مەزنە هەڵێنجم؟ چەندە قامچی لە زوحاکی بەدفەر و قیزەون بدەم چوونکە بڵێسەی ڕوونی جەمشیدی کووژاندەوە؟ ئاڵای کاوەی ئاسنگەر لەکام نێشتمان هەڵ دەم؟ چۆن جامی جەمشید بڕازێنمەوە کە ئاخ و نێشتمانی ئێمەی پڕکرد لە خۆشی و دادپەروەری؟ زراتوشتر ئەو چاکسازە ئایینییە کە قۆڵی هەڵماڵی و سەرجەم دێو و درنجی لەناو برد بۆچی لێمان تۆراوە و لە وڵاتێکی تر شەرعی خۆی دەکا؟ هەر بەراست قەت لە خۆمان پرسیوە ئەو هەمووە میتۆلۆژی و چیرۆک و ئەفسانەیە بە کوێدا بۆ ئێمە هاتووە، کێ شەن و کەوی کردووە و دەرخواردی ئێمەی داوە؟ چۆن بوو شانازیمان بە زەردەشت پێغەمبەری هەخامەنشیەکان کرد و کردمانە باوکالی خۆمان، بۆچی قەت لە خۆمان نەپرسی باشە ئەگە پەیامهێنەرە بۆ ئێمەش ئەدی بۆ شاربەدەر کرا و ڕۆیە وڵاتێکی تر. بۆچی سرنجمان نەدا کە زمانی ئاوێستا هەر هەمان گۆران-ی نییە و لە هیندێک وشەدا نەبێ دەنا هیچ پێوەندیەکیان پێکەوە نییە. باشە بۆ نەمانپرسی ئاسنگرێکی وردیلە چۆن دەتوانێ سەری خونکارێکی بەهێزی وەک زوحاک پان بکاتەوە و فەریدون لە کوێ پەیا بوو، جارێک شاملوو لە زانکۆی برێکڵی کالیفۆرنیا هیندێکی قسە کرد و کوتکێکی لە شانامەی فیردەوسی وەشاند و فارسەکانی شێت و ماخولیا کرد، ئەو گووتی: کاوە لۆمپەنێک بوو کە بە دژی نەزمێکی کۆمەڵایەتی کە زوحاک ئێلێمانی بوو ڕابوون و ئیشی کاوە نەک پارێزگاری لە خەڵک بەڵکوو دژە شۆرشێکی خەڵکی بووە. زوحاک و کاوەش وەک کەس تاک نین بەڵکوو داب و نەریتی ئەو وڵاتە جوانەی کوردستانن و مڵکی کوردانن. کاوە هارپاگە و زوحاکیش ئاستیاگ دوامین خونکاری مادەکانە، هارپاگی خیانەتکار بە دژی نیشتمانی خۆی و بۆ هێنانە سەر کاری غەوارە شۆرشی کرد و بوونە ئاڵای خائینانی کورد. کوروش هاتە سەر تەختی خونکاری و درو و دەلەسەی سەیرو سەمەرەشیان بۆ هەڵبەست وەک ئەوەیکە کوروش نەوەی کچێنەی ئاستیاگە و کوری ماندانایە!. بەڵام ڕاستی شتێکی ترە و مێژوومان چەواشە کراوە. سەرەتا مادەکان هیچ کات ئاریایی نەبوونە و ناشبن و کۆنفێدراسیۆنێک بوونە لە قەومەکانی کەونی کورد کە پێکەوە حکوماتیان دامەزراند. پارسەکانیش ئەو دەم هەر ناویان نەبووە یا ڕينگبێ لە کوێستانەکان ئێمە شوان و ڕەحیەتی بەردەرگامان بوونە و شەنەچی و خەپەبازمان بوونە، هەڵبەت ئەگە هەبووبن، هەر بە هیچ شیوەیەک ئاستیاگ کچی نەداوێتە کەسێک بەناوی کەمبوجیە کە دواتر کوروشی لێ لەدایک بێ ئەوە چەواشە و فرت و فێڵی فارسانە و هەمووی خەیاڵ و مێژووسازی و نەتەوەسازی فارسەکانە لەسەر سەرخانی دیرۆکی ئێمە کوردان کە بۆخۆمان ئاگام لەو ڕەوشە نییە. ئێمە نەوەی میتانی، کاسی، گۆتی، لۆلۆیی و ماننا و ئورارتووین و ڕەچەڵەکمان دیارە و ڕەگەزمان خاوێن ئەرێ فارسەکانی کێن و لە کێ وەپاش کەوتوون؟ زەردەشت نە لە کوردستان لەدایک بووە و نە سەردەشتیش هیچ پێوەندیەکی بەو ناوە وە هەیە، شووێنی لەدایک بوونی زەردەشت هەر ئەو دەشت و سەحرا و قوزیە بێ ئاو و ئیشک و برینگەی خوارووی بانووی ئێرانە کە جگە لە تەپ و تۆز هیچی لێ هەڵناستێ. ئێتە کوردستانە و مەڵبەندی خوای ئاتوون و میترا ئەو شوێنەی یەکەم تاقانەپەرەستی لێی خوڵقا و تەواوی جیهانی داگرت چاو لە ژێر بەشی هەرە زۆری کەنیسە و کلیساکانی کۆنی ئەورووپاش بکەن بزانن وایە یا نا، ئێستاش مێراوەکانی نەخش و نیگاری سەر تاتە بەردان باسی میترا و ئایینی پاک و بێگەردی کوردیمان بۆ دەکا نەک زەردەشتی کەس نەناس. چاو لە کۆنترین ڕێک کەوتن بکەن لە نێوان دوو قەومی کۆن و ڕەسەنی کورد (میتانی و هیتی١٣٤٥.١٣٧٥پ.ز)،  کە سوێند بە خوای هەتاو و میترا، ورونە و ئیندرە دەخون. ئەوانەن ئەو ئیلاهە و خواوەندە پاقژ و بێگەردانەی ئێمە کە هەبوونە و جیهان دانی پێدا ناون. بڕواننە ئایینی ئیزەدی و یارسان کە چۆن ئێستاشی دەگەڵ بێ بەشێک لە باوەر و نەستی خۆیان لەو ئایینە وەرگرتووە و وەک خۆی پاراستوویانە ناڵێم هەر ئەو ئایینەیە بەڵام دڵنیام بەشێکی لەوی وەرگیراوە، مەسحەفا ڕەش و جیلوەی دوو کتێبی پیرۆزی ئیزەدیەکان و نامەی سەرئەنجام دەقی پیرۆزی یارسانەکان بەڵگەن و سان سهاک و یاران ئێستاش ڕێبازی خۆیان بەر نەداوە و وا پاک و خاوێن لەسەر ڕێچکەی باوباپیرانیان ماویتنەوە. ئەوەیە ڕەسەنایەتی و دیرۆک و بەڵگە و ساهید بۆ من بۆ تۆ و بۆ هەموومان کە ئێمەی کورد کێین. بەڵێ نەورۆزیش هێمای کوردانە و یەکێکە لە بۆنەکانی ئایینی پیرۆزی میترایی، دەبێ ئەوەش بگوترێ کە مەزنترین جێژنی میترایی جێژنی "مێهرەکان" لەسەرەتایی مانگی ڕەزبەر بوو کە ئەویش لەلایەن زەردەشتیەکانەوە دزرا و خەریکە نەوروزیش بەو دەردە بەرن. لە ڕۆژ ژمێری میترائی دا دەست پێکی ساڵی نوێ یا نەورۆز سەرەتای وەرزی پاییز بووە و بەو بۆنەیەش جێژنیان گرتووە کە دوای کۆکردنەوەی خلە و خەرمان هاتووە و دەستپێکی وەرزی پشوو و ڕاوبواردن بووە، بەڵام نەورۆز وەک دەست پێک و نوێ بوونەوەی سروشت بووە بۆ زاو و زێ و نوێ بوونەوەی دار و درەخت و ...