کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و بریندار بوونی 242 کۆڵبەر، گرتنی 641 چالاکی سیاسی، ئێعدامی 49 بەندی و تەقینەوەی مین لەبن پێی 84 کەس لە کوردستان لە ساڵی 1397ی هەتاویدا

00:13 - 5 خاکەلێوه 2719

لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ساڵی 1397ی هەتاویشدا لانیکەم 1234 حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە. با بەخێرایی چاوێک بەسەر چەند حاڵەتێکی زبری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەم ساڵەدا بخشێنین: کۆڵبەرکوژی لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 قوربانییەی ئەمساڵ 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون. ڕەشبگیر و گرتنەکان لە ماوەی ساڵی 1397دا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، 641 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو 641 کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم 165 کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی 30 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم 5810 مانگ (174300 ڕۆژ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها 5 بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و 3 بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە. ئێعدامەکان ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی 1397دا لانیکەم 49 کەس بووە کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌، له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتووه‌. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە ساڵی 1397 لە کوردستان ئێعدام کراون، بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی لەدار دراون و شەش زیندانیی سیاسیی کوردیش بەهۆی ئەندامەتیی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی و 8 بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی (ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکاندا) ئێعدام کراون. قوربانییانی تەقینەوەی مین ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی 1397دا لانیکەم 84 کەس بوو کە ناو و ناسناوی 48 کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. وردەکارییەکان دەڵێن لەو 48 کەسە 37 کەسیان بریندار و نقوستان بوون و 11 کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە؛ به‌ڵام بەدڵنیاییەوە ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی‌ هه‌واڵده‌رییه‌ ڕه‌سمییه‌کان خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانییان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده‌ زیاتره‌ که‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردووه‌. ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن زیاتر لە 16 میلیۆن مینی پاشماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ خاکی ئێراندا هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 67 ی هه‌تاوییه‌وه‌ که‌ شه‌ڕی ئێران و عێراق کۆتایی هاتووه‌ تا هاوینی ساڵی 93 _کە دوایین ئامارە ڕەسمییەکان لەو پێوەندییەدا بڵاوبوونەتەوە_ هه‌رنه‌بێ 368 که‌س له‌ کوردستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و 1600 که‌سیش بریندار بوون. خۆکوژی خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا لانیکەم 170 کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن 63 ساڵ بووه‌. هەروەها ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن. قوربانییانی ڕووداوی کار ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 200 کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی 48 کەس لەوانی تۆمار کردووە. لەو 48 کەسە 41 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 7 کەسیش بریندار و نقوستان بوون. گیان لەدەست دان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی ڕووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لەژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌کدا نین. هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له‌ ساڵی 1397 دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له‌ ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندە لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکاران له‌ زۆربه‌ی کارخانه‌ و ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دوا که‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له‌ کار و بێکارکرانیان هه‌میشه‌ وه‌ک مۆته‌که‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌. ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە. * بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی بەهاری 1397 کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=1751 * بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی هاوینی 1397 کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=1868 * بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی پاییزی 1397 کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=2032 * بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی زستانی 1397 کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=2282