کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەکینە پەروانە لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهیدێکی شۆڕشی ژینادا مانی لە خواردن گرت

12:10 - 15 بانەمەڕ 2724

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕ هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەلی موزەفەری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی قووچان کە لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا شەهید کرا، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران بۆ یەک ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، عەلی موزەفەری مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قووچان لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ دا و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا لە مەودای نزیکەوە بە فیشەکی ساچمەیی هێزەکانی ڕێژیم کرایە ئامانج و شەهید بوو.

ناوبراو لە کاتێکدا کە بریندار بوو، لەلایەن چەند کەس لە هێزە لیباس شيخسییەکانەوە بە توندی لێی درابوو. ناوبراو لەلایەن چەند کەس لە هاوڕێکانییەوە گەیەندرابووە نەخۆشخانە بەڵام پاش چەند کاتژمێر گیانی لەدەست دا.

سەکینە پەروانە لەم دواییانەدا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەدەوە ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرا.

ناوبراو لە نامەیەکدا نووسیویەتی: عەلی موزەفەری مێرمناڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی قووچان چەند ڕۆژ پاش مەرگی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شەقامدا بە سێ فیشەک کوژرا. ئەگەر لە ناڕيزایەتییەکانی ١٤٠١دا شەهید نەبوایە، ئێستا جێژنی لەدایکبوونی ١٩ ساڵەی خۆی لەلای هاوڕێیان و بنەماڵەکەی بەڕێوە دەبرد.

ئێستا عەلیی ئازیزمان لە لا نییە و بنەماڵەکەی مۆمی ١٩ ساڵەی تەمەنی لەسەر مەزارەکەی دادەگیرسێنن، بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەگەلێک کە منداڵەکانیان لەدەست داون و لە ڕۆژی لەدایکبوونی عەلیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتیی مان لە خواردن دەگرم.

ئەمەوێ دەنگی ستەملیكراوان بم. دەنگی عەلی و ئەو مێرمنداڵانەی کە داواکاری ژیان کردن بوون، هاوخەمییەکەم قەبووڵ بکەن و بزانین بیرم لە لاتانە.