کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەر پێنج کاتژمێردا یەک کەسی لە سێدارە داوە

11:53 - 15 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانه‌مه‌ڕ ڕایگەیاند کە لە دوو حەفتەی کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا واتە لە ١٣ی خاکەلێوەوە هەتا ١٢ی بانەمەڕ، سزای لەسێدارەدانی ٧١ کەس لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

هبە وتەی ئەم ڕێکخراوە لە نێوان ئەو ٧١ بەندکراوەی کە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا لە ٢٤ بەندیخانەی جیاوازدا لە سێدارە دراون، سزای ٦٣ کەسیان تەنیا لە دوو حەفتەی کۆتایی مانگی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراو ڕایگەیاندووە کە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە مانگی خاکەلێوەدا دوای وەستانێکی کەم بەهۆی پشووی نەورۆز و ڕەمەزانەوە بە خێرایییەکی بێوێنەوە دەستی پێکردووەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا واتە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیەوە،  ١٧١ کەس لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە سێدارە دراون.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: لە دوو حەفتەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە هەر پێنج کاتژمێردا یەک کەسی لە سێدارە داوە بەبێ ئەوەی تێچوویەکی هەبێت بۆ ئەو ڕێژیمە و ئەو وڵاتانەی پابەندن بە مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە، دەبێ کاردانەوەیان بەرانبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا هەبێت و نەبوونی کاردانەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ لەسێدارەدانی زیاتر.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووە زۆرترین ڕێژی لەسێدارەدانەکانی ئەمساڵ بە هۆی تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە، و هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدانی بەندکراوان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و زیاتر لە ٨٠ ڕێکخراو و دامەزراوەی ئێرانی و نێودەوڵەتیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ نزیکەی سێ حەفتە لەمەوبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری هەنگاوی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بوو.