کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی داخرانی کارگە و کارخانەکان لە ئێران

16:59 - 6 خاکەلێوه 2719

گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەروەها گەندەڵی و بەڕێوەبەریی هەڵە، بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران ڕۆژانە شاهیدی داخران و مایەپووچ بوونی کارگە و کۆمپانیا جۆراوجۆرەکان و بێکار بوونی هەزاران کرێکار لەو وڵاتە دابن. ئەمڕۆژانە کارگەی دروستکردنی کۆمباین کە دراوە بە کەرتی تایبەت، بەهۆی کەم کاری شکستی هێناوە و هەڕەشەی داخرانی لە سەرە. "حەبیب بەندە" سەرۆکی شووڕای کاری دروستکردنی کۆمباینی سەهەندی تەوریز لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا" وێڕای پشتڕاستکردنەوەی داخستنی کارگەکە، ڕایگەیاند کە پێشتر ٧٠٠ کرێکاری دایمی و هەزاران کەسی تر لەم کارگەیەدا کاریان دەکرد و ببوو بە یەکێک لە بە ناوبانگترین کارخانەکانی ئێران، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی کاربەدەستان ئێستا تەنیا ٣٥ کرێکار کاری تێدا دەکەن. ناوبراو لە دڕێژەی وتووێژەکەیدا کاربەدەستانی دەوڵەت بە درۆزن تۆمەتبار دەکا و دەڵێ ئەوان خەڵک چەواشە دەکەن و بەڵێنیەکانیان ناڕاستن هەر بۆیە ئێستا چەندین کارگەی دیکە مایەپووچ بوون و دادەخرێن. ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکەیان تووشی قەرزێکی زۆری بیمە و بانکی بووە کە خۆی لە سەدان میلیۆن تمەن دەدا. شایانی باسە کە دوابەدوای دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، سەدان کارگە و کارخانە داخران و بوو بە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وڵاتی ئێران بەجی بێڵن و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران تووشی داڕمان بکات و خەڵکی ئێران زۆرتر برسی و بێکار بن کە کاربەدەستانی دەوڵەت لەوبارەوە بێ پلان و کڵۆڵ و دەستەوەستانن و بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ڕێژیمەوە ناتوانن ئابووری ئێران لەو دۆخە نالەبارە ڕزگار بکەن .