کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شینی شەهیدان و نەورۆزی نەسرەوتن

04:56 - 16 خاکەلێوه 2719

لە بەهار و خاکەلێوەی مەملەکەتی خۆر، نەورۆزە و سپێدەی نیشتمانێکی خامۆش. لەو کاتەدا کە نێرگز مزگێنیی نەورۆز دێنێ، پێشەوای کورد و یارانی خوێنیان ڕژایە گوڵستانی نەورۆزەوە و لەو ڕۆژەوە گوڵزاری چوارچرا هەموو ڕۆژێ گوڵێکی سوور لەخۆی دەگرێ. لە ژووری سێدارەوە، لەو دیوی دیوار و میلەکانی زیندانەوە، لەسەر بەرماڵی نیشتمان، لەسەر لوتکەی پەیمان و وەفا، سەرۆک کۆمارەکەی کوردستان، پێشەوای پێشەنگ هەڵگری ئاڵایەک و پێشڕەوی کاروانێکە کە پەیامی بەرەنگاریی بۆ کورد پێیە. شەهید لە دوای شەهید و دەستا و دەستی چەکی تۆڵە، وەڵامێکە بۆ زۆردار و پەیامێکە کە سوێندنامەی ئازادیی وڵاتی لەسەر دەستی کچان و کوڕانی ئەم نیشتمانە لێ نووسراوە. لەو ڕۆژەوە بەڵێنمان دا کە لەنێو شەپۆلەکانی گڕ و ئاگردا، ئازادی بەخوێن دەکڕین، بەڵام هەرگیز کۆیلە و دیل و دەستەمۆ نابین. لە قامووس و مەکتەبەکەی پێشەوادا وەها نووسراوە، سەر بۆ سەربەستی و سێدارە و سەردانان، بەڵام سرەوتن و سەردانەواندن هەرگیزا و هەرگیز. کە لە مێژووی ئەم گەلە ڕادەمێنی، ڕۆژێ شک نابەی کارەساتێ نەتهەژێنێ، دەمێکە کورد و کۆست و کارەسات، کۆچ و کۆچبار، سەنگەر و چەک و چیا ئاوێتەی یەک بوون. ئێستاش لەم دەڤەرە مەرگ هەر سەرچۆپیکێشی چارەنووس و ئێمەش هەر ئەسرین دەڕێژین، بە ئازاری زامەوە سەر دەنێینەوە و ژیان بە خوێنی جگەر و جگەرگۆشەکانمان دەکڕین. داگیرکەران هەموو ڕۆژێ ڕۆڵە لە باوەشی دایک دەڕفێنن، دەزگیران لە ئامێزی دڵبەر و دڵدار دەستێنن، خەوی کۆرپەی ئەوین و ژیان دەزڕێنن، گوڵ و گەنم دەسووتێنن، کانیاوەکانمان دەخنکێنن، چی بکەین کە تینوویەتیی ئەوان هەر بە خوێن و ئەشکی ئێمە دەشکێ. ئێمە گەلێکین ئازا و ئاشتیخواز بەڵام ساکار و دڵپاک و هەر بە ئاواتی ئاشتی سەر دەنێینەوە. ئەیامێکە لێمان ڕوونە کە دژمن بەس بە دەمی مەرگەوە پێدەکەنێ، بەڵام سەد مخابن ئێمە زوو زوو مێژوو لەبیر دەکەین، پێشەوا و پێشەواکان لە دەست دەدەین. لە چوارچرا لە سێدارە دەدرێین و لە ڤییەن و میکوونووس گیان دەبەخشین و لە پێرلاشێز لە غوربەت بە تاسەی دیداری نیشتمانەوە سەردەنێینەوە. لە ماڵ و نیشتمانی خۆماندا قازیی ئێمە بە حوکمی تاوانبار و بکوژی ئەوان لە سێدارە دەدرێ، چوارچرای کۆمار دەکەنە وێستگەی مەرگ و سێدارە و، چراکانمان خامۆش دەکەن، پڕمەی گریانی خاک و قاقای شێتانە و ئەهریمەنیی چەک هەواڵی مەرگی سوارچاکانمان بە گوێچکەماندا دەچرپێنن، چ تاریکستانێک و چ جەنگەڵستانێکە ئەم دەڤەرە. چ دیمەنێکی دڵهەژێنە کاتێک تازەبووکی کۆستکەوتوو دوای کۆچی ئەوین نەمام و گوڵ دەنێژن، چ دڵڕفێنە کە دوای کووژانەوەی شەمی ئارەزوو مەشخەڵ بەدەست ئاواز و سروودی هەرمان دەچڕن. ئاڵا بەدەست کڕنۆش دەبەن بۆ قامەتی شەهید و ماندوویەتی و ئازایەتیی چەک دەنووسنەوە، دڵدار بە ئامێزی دەزگیرانی خاک دەسپێرن و لە ژوانگە و کەونەلانی دەمی غوربەتی ئێوارەدا، بە تاسەی حەسرەتی ئاخیرین دیدار و ژوانی هەژان، مەزار بە گوڵستان دەسپێرن، بەر لە نوێژی ماڵاوایی بە ئەشکی چاوەکانیان ئاوپڕژێنی مەزاری مەزنان دەکەن و ڕوو لە قیبلەی ئەوین و ئاسۆ ڕێچکەی ئازادی و ئازایەتی دەپێون، ئەو کاتەیە کە هەست دەکەی کورد و غیرەت و شانازی، ئاوێتە و ئاوێزانی یەکتر دەبن. دوای هەر پێشهات و کارەساتێ، پۆل پۆل لاوی ئەم وڵاتە ڕادەبن، نەوبووک دەبنە پێشمەرگە و تارای سووری بووکێنی لە کێلی دڵدار دەهاڵێنن، دوای کڕنۆش و دانانی تاجە گوڵینە، دەستەوئەژنۆ دانانیشن تا کەزی سپی بهۆننەوە، بە خوێنی دڵ بڕیاری تۆڵە دەنووسنەوە، بەرەو ئامانجەکانی کۆمار ڕێ دەپێون، بەرگی ڕەش فڕێ دەدەن، بەرگی شەڕەف و شانازیی پێشمەرگە دەپۆشن، دەبنە پەیکی ئازادیی وڵات و باوەش بە هەتاودا دەکەن، دوای ڕاوەستان ڕادەبنەوە، گەر بشکەون هەڵدەستنەوە، چەک لە شان، ڕەخت و جامانە دەبەستنەوە، سەنگەری سەروەران ئاوەدان ڕادەگرن و بەگژ زوڵم و ستەم دا دەچنەوە.